riklam

دیدی سیاسەتكردن ‌

بیروڕا 04:29 PM - 2021-05-17
.

.

هەرێمی كوردستان، كە ئێستا  لە قەیران و كێشەگەلێكی تێكچڕژاو و نا ئۆقرەیی ژینگەی سیاسیی و حوكمڕانیی و كۆمەڵایەتیدایە، بە هۆكاری سەرەكی ناجێگیریی دۆخی سیاسیی و خراپی نێوانی پارت و لایەنە سیاسییەكان ، كە  هەندێكیان لە دیدێكی جیاوازی تەسكەوە، گەمە بە سیاسیەتێك دەكەن، كە كۆی نەخشە سیاسیی و سكێچی ئەزموونەكەی هەرێم بۆ ئایندەیەكی باشتر، ناڕوونكردووە، لەكاتێدا ئەگەر دیدی تێروانینەكە فراوانتر بێت، ئەوا بینینی فراوانتریش لەبەردەمدا دەبێت، كە لەو رووبەرە فراوانەی بینیندا كێشەكان بچووكتر و وەكخۆیان دەردەكەون، كە یارمەتیدەریش دەبێت تاوەك و زەمینە و ئیرادە بەسەریاندا زاڵ بكرێن.

هەركاتێك ناجێگیری سیاسیی، درێژە بكێشێت ئەوا كۆی پەیكەری كایەكانی دیكەش دەشێوێن  و دەگاتە شڵۆقی ژینگەی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و یاسایی، هەروەها لەرووی كاری سیاسییشەوە، ناكۆكییەكان قوڵتر و بازنەی پێكەوەكاركردن و نەخشەڕێی یەكمشوریش بۆ دۆز و ئایندە مسۆگەرەكە، بچووك و ون دەبێت، پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسیی لەجێی پێویستی خۆیان نابن، دەسەڵات و ئاڵۆگۆڕكردن قورس و گران دەبێت، متمانەكردنی خەڵك بە حزب و حكومەت و هەروەها بەپێچەوانەشەوە، كێشەدار و لەق دەبن، بۆیە هەموو ئەمانە ناچنە چێوەی خزمەتكردنی راستەقینەی خەڵك و خاك و نەتەوە، بەڵام مادام كێشە هەیە، لە بەرامبەریشدا چارەسەر هەن و هەبوون، بەڵام پێویستی بە عەقڵێكی كراوە و دید فراوانە بۆ بەكارهێنان و كردنەوەیان، بەتایبەتی گرێ ئاڵۆزەكانی سیاسەتكردن كە زۆركات هێشتنەوەی بەبێ چارەسەر، وەك یەكسانكردیەتی بە خستنی هەموو ئەو  دەستكەوتانەی بەدوای یەكدا ریزكراون، جا بە ئەنقەست یان بێ مەبەست بێت!!.

ماوەیەكی زۆرە باردۆخی هەرێمی كوردستان، دژوارە، كە ركابەری سیاسیی لە راستەڕێ نەماوەوە و بۆتە ناكۆكی سیاسیی زیانبەخش، بەو دیوەدا چەندە ركابەریی خزمەت بەگەشە و بەرەوپێشچوونی تەندروستی فرەیی سیاسیی دەكات، ئاواهاش ناكۆكییەكە بەزیان بۆسەر ژینگە و كاری سیاسیی دەشكێتەوە، بەوپێیەی سیاسەتی حزبەكان بەستراوەتەوە بە كاری پەرلەمان و حكومەتەوە لەوێشەوە بۆ حوكمڕانی و بەرێوەبردن و كۆی ژینگەی كۆمەڵایەتی، ئەگەر دۆخەكە لە خانەی یەكەمی پرۆسەكەدا ساغڵەم بێت، بەو شێوەیەش ساغڵەمی دەچێتە تەواوی خانە بەیەكەوەبەستراوەكانی دیكەوە، ئەگەریش ناكۆك و ناتەندروست بێت ئەوا بەهامانشێوە زنجیر و ریزبەندیەكە دەشێوێت وپچڕ پچڕ دەبێت، بەڵام كامیان قبوڵكراوە ئەوەیان دەكەوێتەوە سەر سەبر و تێگەیشتنی قبوڵكار كە خەڵكە بەگشتی ، ئەویش ئەركەكەی خۆی جێبەجێ دەكات كە دەستخستن و دەستەبەركردنی خواستە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەیە و بۆ ئەوەش بەشوێن رێگەكانیدا دەگەڕێت و دەیاندۆزێتەوە، كە زۆركات ئەو ئەنجامە دەستكەوتووانەش بە خواستی دەسەڵاتیش نابێت، بەڵام فشار و پەراوێزخستنەكانی خواستی گشتی، ئەنجامی دەرهاویشتەی دەبێت، كە زۆرێك لە گۆڕانكاریی و هەنگاوە گەورەكانی پرۆسەی فۆرمەڵەی دەسەڵات و  حوكمڕانی خەڵك كە لە مێژووی رابردوودا روویانداوە، بەو جۆرە خوڵقاون.

كارێكی مەترسیدارە كە كێشەكان بەبێ چارەسەر یان  بەنجكردن و درێژكردنەوەیان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەو جۆرەی ناسەقامگیریی، جێگەی سەقامگیریی گشتی بكرێتەوە، كە دەكاتە وەلانانی سەقامگیریی سیاسیی و حوكمڕانی و ئابووری و دارایی و كۆمەڵایەتی، كە ئەمانە بۆخەڵك و كۆمەڵگا نەبوون، كەواتە كێشەی گەورە بۆ كۆی پرۆسە گەورەكەی دەسەڵات و حوكمڕانی دروستبووە، كە پشتگوێخستنی ئەركی چارەسەر، وەك سەیركردنی ئاگركەوتنەوەیەكی مەترسیدار دەشوبهێندرێت، لە بەردەم رەشەبایەكی بەهێزدا.

عەتا کەریم‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket