riklam

دەنگۆی فرۆشتنی چەند خوێندنگەیەك لە سلێمانی دوورە لە راستییەوە

ریپۆرتاژ‌ 08:39 PM - 2021-05-11
.

.

لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سلێمانی، دەنگۆی فرۆشتنی چەند قوتابخانە و خوێندنگەیەك لەناو شاری سلێمانی رەتدەكەنەوە و تەئكیددەكەنەوە كە «ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ هەوڵێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە و ئەوەی دەوترێ تەنها مەرامە و بۆ تێكدانی شیرازەی سلێمانییە و ناهەقییەكە بەرامبەر ئەم شارە دەكرێت».

بەپێی زانیارییەكان، «بڕیاری فرۆشتنی ژمارەیەك قوتابخانە و خوێندنگە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە بۆ وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی پەروەردەش نووسراوی كردووە بۆ وەزارەتی شارەوانی، ئەویش نووسراوی كردووە بۆ شارەوانییەكانی پارێزگاكان و بڕیارەكەش تایبەتە بە حەوت قوتابخانە، كە چواریان لە هەولێر و دهۆكن و دوانیان لە سلێمانی و دانەیەكیش لە سۆران-ە».

چەواشەكردنی خەڵكی لەپای چی؟!
ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، لە باسێكی وادا بۆ تەنها ئاماژە بە سلێمانی دەكرێت و باسی پارێزگا و شوێنەكانی دیكە ناكرێت و بڕیارێكی لەم شێوەیە بەلاڕێدادەبرێت و خەڵكی پێ چەواشەدەكرێت، كە ئەو بڕیارەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەركراوە بە راوێژ و ئاگاداریی وەزارەتەكانی پەروەردە و شارەوانی بووە، بۆیە دەبوو هەواڵ و دەنگۆكان وەك خۆی بخرانایەتەڕوو كە ئەو خوێندنگانە تەنها دوانیان لە سلێمانییە و چوار دانەكەی دیكە لە هەولێر و دهۆكن.

بڕیارەكە راگیراوە و كاری پێناكرێت
لەوبارەیەوە، زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی دوو خوێندنگە لە سلێمانی دەگرێتەوە، ئەوانیش سەڵاحەدین و كۆلیجی سلێمانی (عیشق)ن، كە دوو خوێندنگەی توركین و خوێندن تیایاندا بە پارەیە و ئەهلین، وتیشی: ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتەكانی پەروەردە و شارەوانی دەركراوە، بەشێوەیەك فرۆشتنی ئەو دوو خوێندنگەیە بخرێنە زیادكردنی ئاشكراوە و بە پارەكەی خوێندنگەی دیكە دروستبكرێت، بەڵام دواتر هەر ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی شارەوانی و پەروەردە، بڕیارەكەیان راگرت، ئێمەش وەك شارەوانی سلێمانی بڕیارەكەمان راگرت و ئێستا كاری پێ ناكرێت.

״هەر كەسێك بەڵگەی هەیە شارەوانی لێ ئاگاداربكاتەوە״
ئەو لێپرسراوەی شارەوانی، ئەوەی خستەڕوو كە ئەوەی باس دەكرێت گوایە خوێندنگەی جەمال تاهیر و سەڵاحەدین و گۆیژە و چەند خوێندنگەیەكی دیكە لە سلێمانی فرۆشراون یان هەوڵێك هەیە بۆ فرۆشتنیان، درۆیەكی شاخدارن و هیچ هەوڵێكی لەو شێوەیە نەبووە و نییە، ئەو دەنگۆیانەش تەنها بۆ مەرام و تێكدانی شیرازەی سلێمانییە و ناهەقییەكە بەرامبەر ئەم شارە دەكرێت، وتیشی: هەر كەسێك بەڵگەی هەیە لەسەر فرۆشتنی ئەو قوتابخانە و خوێندنگانە یان هەر هەوڵێك لەوبارەیەوە، با نووسراو و بەڵگەكانمان بۆ بهێنێت، تا بەدواداچوونی بۆ بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد كە شارەوانی سلێمانی دەسەڵاتی ئەوەی نییە هیچ جۆرە كارێكی لەم شێوەیە بكات، هەر موڵكێكی شارەوانیش بفرۆشرێت، بە رەزامەندیی ئەنجومەنی شارەوانی و وەزارەتی شارەوانی دەبێت و داهاتەكەشی بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێنرێتەوە.

״هیچ شتێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە״
هەر تایبەت بەو پرسە، پەیوەندیمان كرد بە جەزا سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی و پێیوتین: ئەوەی دەوترێ سەبارەت بە فرۆشتنی ژمارەیەك قوتابخانە و خوێندنگە، راستییەكان بەو شێوەیەن كە ئەو بڕیارە تایبەت بووە بە فرۆشتنی حەوت قوتابخانە و خوێندنگەی ئەهلی، كە دوانی لە سلێمانییە، چوار دانەشی لە هەولێر و دهۆكن و بڕیارەكەش لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە دەركراوە بۆ وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی پەروەردەش نووسراوی كردووە بۆ وەزارەتی شارەوانی، خوێندنگەكانیش تەنها سەڵاحەدین و عیشق (كۆلیجی سلێمانی)ن، كە ئێستا ئەو بڕیارە راگیراوە و كاری پێ ناكرێت.

لەدرێژەی قسەكانیدا، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی، وتیشی: ئەو قسانەی دەكرێن سەبارەت بە فرۆشتنی چەند قوتابخانە و خوێندنگەیەك لە سلێمانی «تەنها قسەن و لەملاو ئەولا دەكرێن، ئەگەرنا هیچ شتێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە».

بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستینەوە
لای خۆیشییەوە، دكتۆر سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) ئاماژەی بەوە كردووە كە ژمارەیەكی زۆر خوێندنگە هەن لەناو شاری سلێمانیدا، مێژووی دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، ئەو قوتابخانە و خوێندنگەیانە بوونەتە یادگاری و رەمزێك لە رەمزەكانی سلێمانی، بۆیە لەناوبردنیان بەهەر شێوەیەك بێت ئایا بڕوخێنرێت یان بفرۆشرێن و بكرێنە بینا، یان هەر مامەڵە و شێوە كارێكی بازرگانییان پێوە بكرێت، ئەوە مایەی قبووڵ كردن نییە و بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستینەوە.

روونكردنەوەی شارەوانی سلێمانی

سە‌رۆكایە‌تیی شارە‌وانی سلێمانی هە‌واڵی فرۆشتنی چە‌ند قوتابخانە و خوێندنگایە‌ك دوورە‌ لەڕاستییە‌وە.

لە زۆربە‌ی سایت و كە‌ناڵە‌كانی راگە‌یاندن هە‌واڵی فرۆشتنی چە‌ند خوێندنگەیەكی ناوشاری سلێمانی بڵاوكراوە‌تە‌وە‌ كە دوورە‌ لە راستییە‌وە، تە‌نها دوو خوێندنگە كە‌ خوێندن بە زمانی توركییە‌ و خوێندن ساڵانە‌ بە پارە‌یە‌، ئە‌م دوو خوێندنگە‌یە‌ بە‌بڕیاری ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و بە راوێژ لە‌گە‌ڵ وە‌زارە‌تی پەروەردە‌ بە‌مە‌بە‌ستی چارە‌سە‌ركردنی گرفتی كە‌می خوێندنگە و بە راوێژكردن لە‌گە‌ڵ وە‌زارە‌تی شارە‌وانی و گە‌شتوگوزار، كە‌ ئە‌و دوو خوێندنگە‌یە بفرۆشرێت بە‌زیادكردنی ئاشكرا، بەڵام دواتر بڕیار دە‌رچوو بە هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی فرۆشتنی، لە‌گە‌ڵ راگرتنی زیادكردنەكە‌، بڕیاری راگرتنی زیادكردنە‌كە‌ش لە پە‌یجی رەسمیی سە‌رۆكایە‌تیی شارە‌وانی سلێمانی بڵاوكرایە‌وە لە بە‌رواری 3/5/2021.

PUKmedia گۆران عوسمان قەرەداغی-كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket