riklam

كشانەوەی تیمی چاككردنەوەی فڕۆكەی F16 لێكەوتەی مەترسیداری هەیە

جیهان 08:17 PM - 2021-05-11
.

.

شارەزایەكی بواری ئەمنی جەختیكردەوە كە كشانەوەی تیمەكانی تایبەت بەنۆژەنكردنەوەی فڕۆكەیF16 لە بنكەی ئاسمانی بەلەد لێكەوتەی مەترسیداو گەورەی هەیەو دەبێتە هۆی پەككەوتن ولەكاركەوتنی ئەو فڕۆكانە.

كۆمپانیای (لۆكهید مارتن)ی ئەمریكی، دوێنی دووشەممە رایگەیاند: بەهۆكاری ئەمنیی،  بەنیازن سەرجەم تیمەكانی تایبەت بەچاككردنەوەی فڕۆكەكانی F16لەبنكەی بەلەدی ئاسمانی عیراق بكشێننەوە.

لەمبارەیەوە، عەلی بەیدەر، شارەزاو شرۆڤەكاری ئەمنیی، ئەمڕۆ سێ شەممە لەلێدوانێكی تایبەتدا لەگەڵ PUKmedia رایگەیاند: گومانی تێدا نییە كشانەوەی ئەو تیمانە لێكەوتەی مەترسیداری هەیە، بەهۆی ئەوەی كارمەندە هونەرییەكانی عیراق ئەو توانایان نییە كاری نۆژەنكردنەوە لەسەر ئەو جۆرە فڕۆكانە بكەن كە لەو بنكەیەی ئاسمانی عیراقدان، ئاماژەشیدا كە ئەوە هەم زیان بەو فڕۆكانە دەگەیەنێت و رەنگیشە بگاتە رادەی ئەوەی ئەو فڕۆكانە لەكاربكەون و پەكیانبكەوێت.

راشیگەیاند: هەر ئەو پرسە دەبێتە هۆی پەكخستنی ئۆپراسیۆنەكانی بەرنگاربوونەوە لەدژی تیرۆستانی داعش و رەنگدانەوەی نەرێنیشی لەسەر دۆخی ئەمنیی لەسەرانسەری وڵاتدا دەبێت، پێویستە حكومەتی كازمی چاوێك بەم پرسەدا پخشێنێتەوەو دڵنیایی بەو كۆمپانیایانە بدات و بەڵێنی ئەوەیان پێبدات كەدەتوانن پارێزگاری تەواویان لێبكەن و هەروەها رێگری لەهەر كردەوەیەك دەكەن كە ئەو گرووپە چەكدارەكانە بیكاتە سەریان.

بەیدەر روونیشی كردەوە: حكومەت دەتوانێت پارێزگاری لەم كۆمپانیایانە بكات، بەڵام رەنگە نەیەوێت ئەوە بكات یاخود بیەوێت خۆی لە بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو گرووپە چەكدارانەدا لابدات، داواش دەكات هەوڵە هەواڵگرییەكان چڕ بكرێنەوەو كار بكرێت بۆ لێدان و بڕینی ئەو دەستەی كەهەوڵ دەدات هێرش بكاتە سەر ئەو كۆمپانیایانە، وتیشی: پێویستە لەسەر حكومەت ئەگەر بەناچاریش بێت هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ ئەو گرووپە چەكدارەكانە بدات و وتووێژ لەگەڵ ئەو وڵاتە هەرێمایەتییانەدا بكات كە هەژموونیان بەسەر ئەو گرووپانەوە هەیەو سوودمەندن لەو كردەوانە، تاوەكو ئەو هێرشانە رابگیرێت.

پێشتریش و هەر ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لەبارەی كشانەوەی كۆمپانیاكانی تایبەت بەنۆژەنكردنەوەی فڕۆكەی F16  هۆشداریداو دووپاتیكردەوە كە ئەم فڕۆكانە بڕبڕەی پشتی هێزە ئاسمانییەكانی عیراقن.

لەو بارەیەوە، تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: فڕۆكەی F16 بەفڕۆكەیەكی گرنگ دادەنرێت وبڕبڕەی پشتی هێزی ئاسمانین و باسكی بەهێزی عیراقن لەبەرەنگاربوونەوەو شەڕی تیرۆرستانی داعشدا، روونیشی كردەوە: ئەو كۆمپانیایانەی كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی ئەم فڕۆكانە دەكەن، كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی پێگەیاندن و ئامادەكردنی ئەو كادێرو تەكنەلۆژیایانە هەیە كە رۆڵیان لەبەرزركردنەوەی توانای كارمەندە هونەریەكانی عیراق هەیە.

پێشتریش و لای خۆیەوە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق باسی لەوەكردبوو كە عیراق پێویستی بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە لەبوارەكانی مەشق و چەك و دابینكردن و ئاڵوگۆڕیی زانیاری هەواڵگری، جەختیشی كردبوەوە كە ئەو هاوكاری وهەماهەنگییە لەبەرژەوەندی تەواوكاری بونیاتنانی تواناكانی هێزە چەكدارەكانی عیراقدایە.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket