riklam

مەرجی رۆشنی بۆ كاریگەربوونی كاریكاتێر

ئەدەب وهونەر 10:28 AM - 2021-05-11
.

.

بەشی یەكەم

ئایا كاریكاتێر دەبێت رۆشن بێت یان پۆشراو و نادیار بێت، ئەم پرسیارە زۆر سەرسوڕمانی و سەرگەردانی دەورووژێنێت، ئەگەر كاریكاتێر ئاراستەی فراوانترین بەشی خوێنەران دەكرێت، دەبێت رۆشن و تێگەیشتوو بێت لەلای هەمووانەوە، بەڵام لەم حاڵەتەدا توانای ورووژاندنی هزر و بیری خوێنەری نابێت، كە هەموو شتێكی بە ئامادەكراوی لەسەر قاپێك پێشكەش كرابێت، هیچ ماوەی بۆ ئامانج هەڵێنجان و گەڕاندا ناهێڵێتەوە، كە بەشێك لە خوێنەران وا دەڵێن، لەمەشدا زۆرجار لەسەر حەقن، و هەندێك جاریش حەق لایەنگیریان نابێت.

بە بیروڕای ئێمە رۆشنی و نادیاریی لە كاریكاتێردا بە زۆرشتی تر بەستراوەتەوە، بۆ نمونە لە كاریكاتێری گاڵتە و قۆشمەدا دەبێت كاریكاتێر بە شێوەیەكی گشتی رۆشن و تێگەیشتوو بێت لەلای خەڵكەوە، تا ببێتە هۆی پێكەنین، چونكە ئەگەر كاریكاتێرەكە رۆشن نەبێت، ئەوا خوێنەر پێناكەنێت، بەمەش كاریكاتێر ئامانجی خۆی بەدەست ناهێنێت، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا لەوانەیە نادیاریی و شاراوەیی ببنە هۆی پێكەنین، بە گوێرەی ئەو پارادۆكسەی كە هونەرمەندەكە هەڵیبژاردووە، لەوانەیە رێگا بۆ پێكەنین بەهۆی پێشكەشكردنی شتێكی نا پێكەنیناوی بێت لەسەرەتادا، هەڵبەتە خوێنەر تووشی هەژان دەبێت لە سەرەتادا كە دەبینێت ئەو كاریكاتێرە پێكەنیناوی نیە، زۆرجاریش بەدوای هۆیەكەدا دەگەڕێت، هەتا لە دواییدا پارادۆكسە ناڕۆشنەكە دەبینێتەوە، كە لەسەرەتادا دیارنەبوو، ئەوكاتیش زۆر پێدەكەنێت، هەروەك چۆن كاریكاتێرەكە رۆشن بێت، یان هەروەك ئەوە وابێت كە هونەرمەندەكە تیرێكی ئاماژەپێكراوی لەسەر پارادۆكسەكە دانابێت، بەڵام دەبێت ئەو پارادۆكسە بە كەڵەكەیەك پووشكە دانەپۆشرابێت، هەتا خوێنەر چەند كاتژمێرێك بەدوایدا بگەرێت، كە زۆرجاریش خوێنەر واناكات، تەنیا ئەگەر بابەتەكە بە گرەوكردن دابنێت، و بڕیاری گەڕان و راڤەكردنی بێ كۆتایی بدات، چونكە كاریكاتێری گاڵتە و قۆشمە واباوە كە بۆ مەبەستەكانی كات بەسەربردن و خۆشخوانی بڵاوبكرێتەوە، زۆرجاریش لەو لاپەڕانەدا بڵادەكرێتەوە كە بۆ ئەو مەبەستانە تەرخانكراون، بۆیە ئەو خوێنەرەی كە بەدوای كات بەسەربردندا دەگەڕێت، خۆی ماندووناكات بە گەڕان بە دوای پارادۆكسەكاندا، بۆیە رووی وەردەگێڕێتە بابەتەكانی تر، بێ ئەوەی خۆشی دەست بكەوێت، بەمەش نقومبوون لە شاراوەییدا كاریكاتێری بێبەشكرد لە گەیشتن بە ئامانجەكەی.

بۆیە دەتوانین بڵێین كە دەبێت كاریكاتێری قۆشمە رۆشن بێت بە شێوەیەك كە ببێتە هۆی پێكەنین، بەڵام ئەگەر رۆشنی ئەو كردارە تێكبدات، ئەوا دەبێت كاریكاتێر بە شێوەیەك شاراوە بێت كە ببێتە هۆی پێكەنین، بەڵام لە كاریكاتێری پۆرترێتدا نەبوونی بیرۆكە تێیدا وادەكات كە كرداری رۆشنی زۆر گرنگ نەبێت، چونكە شتێك نیە پێویست بە رۆشنی بكات، تەنیا ئەگەر كاریكاتێرەكە هانا بۆ سیمبول زێدەكردنە ئاماژەییەكان ببات، هەروەك لە نمونەكانی هەرمێكەی (دۆمیێ) و (شارل فیلیپۆن) و هونەرمەندە فەرەنساییەكانی دیكەدا، كە تێیاندا وێنای پاشای فەرەنسا (لویس فیلیپ)یان كردبوو، لە حاڵەتی بەكارهێنانی سیمبول و ئاماژە، دەبێت رەگەزی پەیوەند لە نێوان ئاماژە و ئاماژەپێدراودا رۆشن بێت، كە خوێنەر بتوانێت لە مەبەستی ئاماژەكەدا بگات، لەم حاڵەتەشدا كاریكاتێری پۆرترێت دەگۆڕێت بۆ كاریكاتێری سیاسی یان كۆمەڵایەتی، بە گوێرەی ئەو ناوەڕۆكەی كە بەهۆی زێدەكردنە‌ ئاماژەییەكاندا دروست دەبێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا چاكتر وایە بە كاریكاتێری سیاسی یان كۆمەڵایەتی هەژمار بكرێت.‌  

هەروەها لە كاریكاتێری كۆمەڵایەتیدا رۆشنی پەیوەندە بە پارادۆكسەوە، هەروەك لە كاریكاتێری گاڵتە و قۆشمەدا، بەڵام لە كاریكاتێری كۆمەڵایەتیدا زۆرجار دیاردەی كۆمەڵایەتی یان رووداوانێكی كۆمەڵایەتی دیاركراو بەكاردێت، لەم حاڵەتەدا دەبێت ئەو بابەتە یان ئەو رووداوە رۆشن بێت بۆ خوێنەران، بۆ نمونە ئەگەر كاریكاتێرەكە باسی ئاڵوودەبوون بكات، دەبێت هونەرمەند ئەو توخم و رەگەزانە بخاتە نێو كاریكاتێرەكەوە كە ئاماژە بۆ ئەو دیاردەیە دەكەن، وەكو شوشە یان پەرداخی مەی، بۆ نمونە گوتەیەك هەیە سەبارەت بە مەی خواردنەوە دەڵێت: مەیخۆر لە كاتی خواردنەوەدا بەسێ قۆناغ تێپەڕ دەبێت، لە قۆناغی یەكەمدا وەكو بولبول دەچریكێنێت، و لە قۆناغی دووەمیشدا وەكو شێر رادەپەڕێت، لە قۆناغی سێیەمیشدا بەدەمدا دەكەوێت بەسەر زەویدا وەكو بەراز، ئەگەر كاریكاتێریستیش بیەوێت ئەم سێ قۆناغە وێنابكات، وێناكردنی ئەم سێ قۆناغە بەس نیە، بەبێ زیادكردنی ئەو رەگەزانە كە ماناكە رۆشن دەكەنەوە، بۆیە پێویستە خوێنەر بزانێت بۆ ئەو مەیخۆرە لە بولبولەوە بووە شێر و بۆ وەكو بەراز بەدەمداكەوت، ئەگەر خوێنەر شوشەی مەی نەبینێت، یان هەر ئاماژەیەكی دیكە بۆ مەی خواردنەوە، بیرۆكەكە‌ رۆشن نابێت، كەوابێت نازانێت رووداوەكە چیە. 

PUKmedia  ئامادەكردنی.. هەندرێن خۆشناو

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket