riklam

شارەزایەكی ستراتیژی: بەئامانجگرتنی هێزە بیانییەكان هەڕەشەیە بۆ عیراق

عیراق 06:54 PM - 2021-05-10
.

.

شارەزایەكی بواری ستراتیژی جەختیكردەوە بەئامانج گرتنی بنكەی سەربازی هێزە بیانییەكان، ئاسایشی دەوڵەتی عیراق رووبەڕووی هەڕەشە دەكاتەوەو داواش دەكات بەرپەرچ بدرێتەوە، چونكە هیچ سوودێك بەعیراق ناگەیەنێت و ئاسایشی نیشتمانیی دەخاتە مەترسییەوە.

ئەحمەد شەریفی، شارەزا لەبواری ستراتیژیدا، ئەمڕۆ 10ی 5ی 2021 لە لێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: كردەوەكان لەدژی بنكە سەربازیی و نێردەكانی دیپلۆماسی كاریگەری لەسەر شكۆو ناوبانگی دەوڵەت دروست دەكات و وڵات دەخاتە ژێرباری یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە، جگەلەوەش نیشانەی پرسیار لەسەر رێڕەوی رووداوەكان دادەنێت و شانۆی ئەو رووداوانە لەعیراق بەكراوەیی دەهێڵێتەوەو رووبەڕووی پێشێلكاریی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەكاتەوە، بەشێوەیەك ببێتە هەڕەشە لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی دەوڵەت.

شەریفی دووپاتیشی دەكاتەوە لەڕووی هەڵسەنگاندنی سەربازییەوە، ئەمجۆرە هێرشانە هیچ سوودێك ناگەیەنن، بەڵام لێكەوتەكانی یەكجار خراپن و هەوڵی پشتیوانییە ئاسمانییەكان لە هەردوو بنكەی بەلەدو عەین ئەسەد پەكدەخەن، كە لەئێستادا عیراق پێویستی زۆری پێیانە، ئەمەش هێزە عیراقییەكان ناچار دەكات پشت بەهێزی وشكانی ببەستێت و لەم حاڵەتەشدا ئەم هێزانە رووبەڕووی هێرشەكانی داعش دەبنەوەو مەترسی زیاتریان لەسەر دەبێت.

شەریفی دەشڵێت: ئەگەر بەرژەوەندی و دەستكەوتی حزبی هاندەری ئەم جۆرە كردەوانە بن، ئەوا خوێندنەوەیەكی وورد بۆ ئاڕاستە سیاسییەكە ناكەن، چونكە ئەگەر هەر حزب و لایەنەێك گەر دەیەوێت شوێنپێیەكی هەبێت، پێویستە بەشوێن بنكەی جەماوەریدا بگەڕێت و كاری سیاسی پیادە بكات، بەهۆیەوە دەتوانێت ژمارەیەك كورسی لەناو پەرلەمانی عیراقداچنگبەكەوێت، چیتر پێویست بەوە ناكات پەنابەرێتە بەر كاری توندوتیژی و بەكارهێنانی چەك، خۆ ئەگەر هاندەری ئەو كارو كردەوانە، وڵاتانی هەرێمایەتی بێت، ئەوا شتی نەرێنی زۆر لەمەدا هەیەو وڵات دەخاتە بەردەم ژمارەیەك شایستە كە لەدەرەوەی توانی نیشتمانیدایە، هەر بۆ نموونە، دەتوانرێت فڕۆكەكانی F16 پەكیان بخرێت و ئەوەش خزمەت بە تیرۆرستانی داعش دەكات.

ئاماژە بەوەشدەكات دەركەوتنی دامەزراوە نیشتمانییەكان بەو لاوازییە، وا دەكات ئەو هێزانەی لەعیراق هەن بەتایبەتی هێزەكانی ئەمریكا كە رێگەپێدراون و مافی بەرگری كردن لەخۆیان هەیە، بەو توانایانەی هەیانە، جێی تواناكانی دامەزراوە نیشتمانییەكانی عیراق بگرنەوەو سەرورەی عیراق نەهێڵن.

شەریفی جەختیش دەكاتەوە كە ئەو لایەنانەی لەپشت ئەم كردەوانەن، هێرشەكانیان بێ سوودن و لەبەرامبەریشدا ژمارەیەك پرس كە پەیوەندییان بەئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە لەدەست دەردەچن و بەهۆی ئەم هێرشانەوە، عیراق  سەروەری ئاسمانی خۆی لەدەست دەدات، دووپاتیشی دەكاتە كە ئیتر كاتێتی رووبەڕووی ئەو لایەنانە بوەستینەوە كە لەپشت ئەم هێرشانەوەن و لەڕووی راگەیاندنەوە، راستییەكان بۆ هەموان ئاشكرا بكرێن، هەروەها لەڕووی سیاسییەوە بەرپەرچ بدرێنەوەو سەرجەم سەرچاوە سیاسیی و سەربازییەكانی دەوڵەت بخرێنە خزمەتی دامركاندنەوەی ئەم جۆرە كردەوە نەرێنییانە.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket