riklam

لێبوردنی نێودەوڵەتی: دەستبەجێ سزادراوانی بادینان ئازاد بكرێن

کوردستان 05:12 PM - 2021-05-10
.

.

رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێودەوڵەتی‌ داوای‌ دەستبەجێ‌ ئازادكردنی‌ ئەو 5 رۆژنامەنووس و چالاكوانەی‌ بادینان دەكات لەلایەن دادگایەكی‌ هەولێرەوە سزای‌ شەش ساڵ‌ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنراو دواتریش دادگای‌ تەمیز بە سێ‌ دەنگ بەرامبەر بە دوو دەنگ سزاكەی پەسەند كرد.

ئەمڕۆ 10ی 5ی 2021 رێكخراوی‌ لێبووردنی‌ نێودەوڵەتی‌ "amnesty international" لە راگەیەندراوێكدا كە ئاراستەی‌ دیندار زێباری‌ رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، رایگەیاند: لە 28ی‌ نیساندا دادگای‌ پێداچوونەوە سزای‌ شەش ساڵ‌ زیندانیكردنی‌ بەسەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی‌ بادینان (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری‌، هەریوان عیسا،  ئەیاز ئەكرەم و شڤان سەعید) دا پەسەند كرد.

رێكخراوەكە دەشڵێت: دادگای‌ پێداچوونەوەی‌ هەرێم داواكاری‌ تۆمەتبارانی‌ سەبارەت بەوەی‌ ئەشكەنجە دراون و بە خراپی‌ مامەڵەیان لەگەڵ‌ كراوە رەتكردەوەو پشتیوانی‌ بۆ ئەو تۆمەتانەی‌ رووبەڕوویان كرابووەوە وەك "وەرگرتنی‌ پارە لە كونسوڵخانەكانی‌ ئەمریكا و ئەڵمانیا و ناردنی‌ زانیاری‌ هەستیار بۆ لایەنی‌ دەرەكی‌ و هاریكاریكردنی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان" دەربڕی‌.

ئەمنستی‌ دەشڵێت: لە 16ی‌ شوباتدا دادگای‌ تاوانەكانی‌ هەولێر لە دادگاییەكی‌ زاڵمانەدا كە باس لە ئەشكەنجەدان و خراپی‌ مامەڵەكردن دەكرێت، سزای‌ شەش ساڵی‌ بەسەر ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانەدا سەپاند.

ئەوەشی‌ خستەڕوو: لەدوای‌ ئەوەی‌  دادگا سزای شەش ساڵ‌ زیندانی‌ بەسەردا سەپاندن، ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانە وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر خراپی‌ شوێنی‌ زیندانیكردنیان دەستیان بە مانگرتن كرد.

رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێودەوڵەتی‌ دەشڵێت:بەگوێرەی‌ زانیارییەكانمان ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانە لەژووری‌ قەرەباڵغدا زیندانیكراون كە شوێنی‌ خەوتن، تەنانەت وەستان و جوڵەشی‌ تێدا نییە.

راشیگەیاندوە: ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانە پێشتر بەزۆر رفێنرابوون و تیایاندایە زیاتر لە سێ‌ مانگ رفێنراوە.

رێكخراوی‌ لێبووردنی‌ نێودەوڵەتی‌،  داواش لە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەكات دەستبەجی‌َ و بەبێ‌ مەرج هەریەك لە (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری‌، هەریوان عیسا،  ئەیاز ئەكرەم و شڤان سەعید) ئازاد بكات و بەپەلە هەنگاوی‌ پێویست بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەو بڕیارە زاڵمانەی‌ دژیان دراوەو لێكۆڵینەوەیەكی‌ خێراو بێلایەنیش سەبارەت بەدەنگۆی‌ ئەشكەنجەدانیان و خراپی‌ مامەڵەكردنیان بكرێت تا تاوانباران سزا بدرێن و دادوەری‌ بۆ ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسە بگەڕێتەوە.

رێكخراوەكە داواكاریشە تا ئەو كاتەی‌ ئازاد دەكرێن، ئەو سزادراوانەی‌ بادینان چاودێری‌ تەندروستی‌ و سەلامەتییان بۆ دابین بكرێت و رێگا بدرێت بەبێ‌ كۆت و بەند چاویان بەپارێزەران و خانەوادەكانیان بكەوێت.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket