riklam

نازم ده‌باغ: دژه‌ تیرۆر پەیوەندیی بە کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە نییە‌

ی.ن.ک‌‌ 11:20 AM - 2021-05-10
.

.

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم و هاوكات نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی و پارتی دوور و نزیك ئاگایان له‌ ڕووداوی تیرۆركردنی قاسم سلێمانی نییه‌ و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ دروستكردنی په‌شێوییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

مامۆستا نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم و هاوكات نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند: دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ی له‌سه‌ر ڕووداوی تیرۆركردنی حاجی قاسم بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستێك بۆ تێكدان و دروستكردنی پشێوی له‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ شتێكی تر نییه‌.

 وتیشی: دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی و نه‌ دژه‌ تیرۆری پارتی دوور و نزیك ئاگایان لێی نییه‌، چونكه‌ من جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم، نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانیشم له‌ تاران ، بۆیه‌ له‌كاتێكی وادا ئه‌گه‌ر شتێكی وا هه‌بێت ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ ڕوویداوه‌ و ده‌كرا له‌ بۆنه‌یه‌كدا ئاگادار بكرێینه‌وه‌ وه‌كو نوێنه‌ر تا حزبه‌كه‌مان بزانێت كه‌ كارێكی وا كراوه‌.

نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئێران وتیشی: بۆ ئاگاداریتان چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و چاوی به‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌وت و كۆبوونه‌وه‌شیان كرد و ته‌ئكیدیان له‌ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیش كرده‌وه‌.  

مامۆستا نازم ده‌باغ وتیشی: ده‌مه‌وێت به‌ ڕاشكاوانه‌ ئه‌وه‌ بڵێم ده‌زگای هه‌واڵگری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ چالاكتره‌ و زانیاری وردیان هه‌یه‌، من نماینده‌ی مام جه‌لال بووم و نوێنه‌ری حكومه‌ت و یه‌كێتیم، زۆر په‌یام هه‌بووه‌ كه‌ گه‌یاندوویانه‌، كاری وا هه‌بووه‌ كه‌ زۆر له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ گرنگتر بووه‌، ئیستا سه‌یره‌ له‌م قۆناغه‌دا چه‌ند كه‌سێك به‌ ناوی كارمه‌ند و یان كه‌سانی ئه‌مریكی كه‌ له‌ حكومه‌ت دوور كه‌وتونه‌ته‌وه‌ له‌ سایتێكدا بێن ده‌نگوباسی ئه‌وه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌، پێویست ده‌كات به‌ هه‌موو لایه‌كمان ئه‌م سه‌رچاوانه‌ كۆر كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی درۆ و ده‌له‌سه‌ن له‌سه‌ر ناو وناوبانگی هه‌موو به‌شداربوویه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket