riklam

قه‌ره‌چوغ.. یه‌كێتی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان ئاماده‌ ده‌كات

ی.ن.ک‌‌ 11:58 AM - 2021-05-09
.

.

مه‌ڵبه‌ندی قه‌ره‌چوغی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌سنوری قه‌زای مه‌خموور  پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌ و دێهاته‌كانی سنوره‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ی  ئاماده‌ ده‌كات، لێپرسراوێكی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت مانه‌وه‌ی  ره‌وشی به‌شێك له‌  گونده‌كانی  قه‌زای مه‌خموور و  قه‌زای دوبز رێگا بۆ ته‌رعریبی زیاتر خۆشده‌كات و واده‌كات  مه‌یدانی چاڵاكی تیرۆرستانیش له‌و سنوره‌ فره‌وانتر بێت.

غازی فه‌یسه‌ڵ كارگێری مه‌ڵبه‌ندی قه‌ره‌چوغی ی ن ك به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌سۆنه‌كه‌ی خه‌مخۆریمان بۆ خاكی كوردستان له‌ سنوری قه‌زای مه‌خموور و قه‌زای دوبز پێشنیارمان كردووه‌ هانی  خه‌ڵكی سنوره‌ بدرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌  گونده‌كانیان و ئه‌و سنوره‌ ئاوه‌دانبكرێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعش و هاتنه‌وه‌ی سوپای عیراقی دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ی 2017‌ چۆڵكراون.

وتیشی: ئێستا ناوچه‌كه‌ له‌رووی ئه‌منیه‌وه‌ تاراده‌یه‌ك ئارامه‌ و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمان و  هێزه‌ عیراقیه‌كان و خۆبه‌خشه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان  تیرۆستانی داعشیان لاوازكردوه‌، له‌لایه‌كی تر په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ برا عه‌ره‌به‌ ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌م سنوره‌ هه‌یه‌و و هیچ ترسێكمان نیه‌ له‌وه‌ی زیان به‌ خه‌ڵكی گونده‌ كوردییه‌كان بگه‌یه‌نن.

راشیگه‌یاند:جگه‌ له‌لایه‌نی ئه‌منی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و گوندانه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی  خه‌ڵكه‌كه‌ی پێویستیان به هاوكاری و پاڵپشتی  له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراق هه‌یه‌ و داوامان كردووه‌ پێدوایسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان بۆ دابینبكه‌ن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان پشتگیری ئه‌و هه‌نگاوه‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و هاوسه‌رۆكان كه‌ له‌ رابردوو له‌ پاڵپشتیكردنی پڕۆژه‌ی له‌و جۆره‌ درێخیان نه‌كردووه‌.

غازی فه‌یسه‌ڵ كه‌ هاوكات فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ خۆبه‌خشه‌كانه‌ له‌و سنووره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:  ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ چه‌ند رووێكه‌وه‌ سوودی هه‌یه‌ له‌وانه‌ پاراستنی گونده‌ كوردیه‌كان له‌ ته‌عریب، هه‌روه‌ها له‌رووی  ئابووری به‌و پێیه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كشتوكاڵ و كاری مه‌ڕداری ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بوژێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ پاڵپشتیه‌كی باش بۆ شاره‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی واده‌كات سنوری چاڵاكی پاشماوه‌كانی  تیرۆرستان زیاتر به‌رته‌سك بێته‌وه‌ و به‌یه‌كجاری ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆڵبكه‌ن.


PUKmedia  ته‌ها عه‌بدوڵڵا - هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket