riklam

كۆنفرانسێك بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاری میدیایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئەدەب وهونەر 04:23 PM - 2021-05-08
.

.

له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی ئاسته‌نگ‌و گرفته‌كانی به‌رده‌م كاری میدیایی له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و رێكخستنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، هه‌ریه‌كه‌ له‌ لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسێكی فراوانده‌كه‌ن و وه‌ك ئاماده‌كارانی كۆنفرانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ره‌وشی ئێستای میدیا له‌ كوردستان و ئازادییه‌كان پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن و پێداچونه‌وه‌ به‌و بواره‌ هه‌یه‌.

 تارق جه‌وهه‌ر سارمه‌می راوێژكاری راگه‌یاندن له‌ لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان به‌  PUKmedia ی راگه‌یاند: دوای چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌ سه‌ر ئاستی لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مان‌ و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌كاتی ئێستا ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسێكی فروان له‌باره‌ی ره‌وشی میدیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، كه‌ پسپۆڕانی بواری میدیایی‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و نوێنه‌ری ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌شداری تێدا بكه‌ن.

وتیشی: هه‌وڵده‌درێت به‌م نزیكانه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ به‌رێوه‌بچێت،  كه‌ تێیدا باس له‌ره‌وشی میدیا به‌گشتی‌و چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدانی ئه‌و بواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، ئه‌ویش له‌ رێگای ده‌ستنیشانكردنی هه‌موو ئه‌و كه‌موریانه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رنامه‌‌و پڕۆگرامه‌كانی به‌شێكی زۆر له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌دیده‌كرێت‌و زیانی گه‌وره‌ی به‌كۆمه‌ڵگای كوردستان گه‌یاندووه‌.

تاریق جه‌وهه‌ر سارمه‌می كه‌ خۆی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئامانجێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ یاساییه‌كانی بواری میدیایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و فه‌راهه‌مكردنی ئازادی كاری میدیاییه‌، له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی دادگاكانه‌ له‌گه‌ڵ رۆنامه‌نووسان‌ و لابردنی به‌ربه‌سته‌كانی مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری.

راوێژكاره‌كه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: بۆئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ك بتوانن ئه‌ركی پیشه‌یی خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌جۆرێك كاربكه‌ن له‌ سوود و قازانجی به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵگا بێت، ئه‌مڕۆ پێویستمان به‌ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسێكی له‌و جۆره‌ هه‌یه‌.

ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌: رێكخستنه‌وه‌ی بواری میدیا نابێت له‌سه‌ر حسابی به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی كاری رۆژنامه‌نووسی و ئازادی بیروڕا بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

PUKmedia ته‌ها عه‌بدوڵڵا /هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket