riklam

یه‌كه‌مین خولی پلان و سیناریۆی هه‌ڵبژارده‌ی كورته‌ فیلمی لاو بڵاوكرایه‌وه‌

ئەدەب وهونەر 03:18 PM - 2021-05-08
.

.

بانگه‌وازی یه‌كه‌مین خولی پلان و سیناریۆی هه‌ڵبژارده‌ی كورته‌ فیلمی "لاو" له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌ی فیلمسازی "لاوان فیلمی موكریان" به‌ به‌رپرسیاریی "ئیبڕاهیم سه‌عیدی" سینه‌ماكاری به‌رئه‌زموونی كورد له‌ شاری مه‌هاباد بڵاوكرایه‌وه‌.

ڕێكخراوه‌ی فیلمسازی "لاوان فیلمی موكریان" له‌ پێناو ناساندن و بردنه‌سه‌رێی
ئاستی سیناریۆنووسی ناوچه‌كه‌، هه‌وڵیداوه‌ كه‌ یه‌كه‌مین خولی پلان و سیناریۆی
هه‌ڵبژارده‌ی كورته‌ فیلمی "لاو" له‌ نێوان سیناریۆنووسانی پارێزگاكانی
ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و كوردستان به‌ڕێوه‌ببات.

بابه‌تی سیناریۆكان، سه‌ربه‌ستن و كاتی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كرێن، به‌
لانی زۆره‌وه‌ 15 خوله‌ك ڕه‌چاوگیراوه‌ و له‌ نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، داوا
كراوه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان تاكوو ڕۆژی 15ی جۆزه‌ردانی 1400 هه‌تاوی (5ی
جوونی 2021 زایینی) به‌ ناونیشانی ئیمه‌یلی[email protected]  ڕه‌وانه‌
بكه‌ن. جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ كه‌ سیناریۆی هه‌ڵبژارده‌، له‌ قۆناغی به‌رهه‌مهێناندا
پشتیوانی لێده‌كرێت.

سیناریۆ و پلانه‌كان كه‌ به‌ بڕوای ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م ڕووداوه‌
سینه‌ماییه‌ مه‌رجی پێویست و گونجاو و دیاریی كراویان هه‌بێت؛ له‌ پێناو
باشتربوونی به‌رهه‌مه‌كاندا، له‌ كارگه‌یه‌كی كارای سیناریۆنووسیدا له‌
ڕێكخراوه‌ی فیلمسازی "لاوان فیلمی موكریان" به‌ ئاماده‌بوونی مامۆستایانی
لێهاتوو و شاره‌زا به‌شداریان پێده‌كرێت.

ڕێكخراوه‌ی فیلمسازی "لاوان فیلمی موكریان" له‌ پێناو ناساندن و بردنه‌سه‌رێی
ئاستی سیناریۆنووسی ناوچه‌كه‌، به‌ ڕاگه‌یاندنی بانگه‌وازی یه‌كه‌مین خولی پلان
و سیناریۆی هه‌ڵبژارده‌ی كورته‌ فیلمی "لاو" به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی
"ئیبڕاهیم سه‌عیدی" سینه‌ماكاری ناوداری مه‌هابادی و به‌ هاوكاری و هاوڕێیه‌تی
ژماره‌یه‌ك له‌ كارناسان و پسپۆڕانی شاره‌زای بواره‌ جۆراوجۆره‌ سینه‌ماییه‌كان،
چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی خۆی ده‌ست پێكرد.

"ئیبڕاهیم سه‌عیدی" به‌ڕێوه‌به‌ریی ڕێكخراوه‌ی فیلمسازی "لاوان فیلمی
موكریان"، ده‌رچووی كارناسی سینه‌ما لقی مۆنتێری له‌ زانكۆی سینه‌ما تیئاتری
زانكۆی هونه‌ری تارانه‌ كه‌ زیاتر له‌ 35 ساڵه‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی
سینه‌مادا سه‌رقاڵی چالاكییه‌ و به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌ مۆنتێری فیلمه‌
به‌رچاوه‌كانی سینه‌مای كوردستان و ئێرانی له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌، له‌وانه‌:
"په‌ڕینه‌وه‌ له‌ غوبار"، "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" و "تاقیكردنه‌وه‌" له‌
ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، "باز هم سیب داری؟" (دیسان سێوت پێیه‌؟)،
"جن زیبا" (جنی جوان) و "سنگر روبه‌رو" (سه‌نگه‌ریی ڕووبه‌ڕوو) له‌ ده‌رهێنانی
"بایرام فه‌زلی"، "ڕه‌شه‌با" و "بووكی باران" له‌ ده‌رهێنانی "حوسێن حه‌سه‌ن"،
"انتهای زمین" (ئه‌وپه‌ڕیی زه‌ویی)، "از تهران تا بهشت" (له‌ تاران تا
به‌هه‌شت) و "یك كامیون غروب" (لۆرییه‌ك ڕۆژئاوابوون) له‌ ده‌رهێنانی
"ئه‌بوالفه‌زل سه‌فاری"، "دم سبح" (به‌ره‌ به‌یان) له‌ ده‌رهێنانی حه‌مید
ڕه‌حمانیان، "بی تابی بیتا" (بێتابی بیتا) له‌ ده‌رهێنانی "مێهرداد فه‌رید"،
"عاشق ها ایستاده‌ می میرند" (عاشقه‌كان به‌ پێوه‌ ده‌مرن) له‌ ده‌رهێنانی
"شه‌هرام مه‌سله‌خی" و هه‌روه‌ها "ماهی گوشواره‌دار" (ماسی گواره‌به‌گۆ) له‌
ده‌رهێنانی "عه‌لیڕه‌زا سه‌عاده‌ت نیا".

ئه‌م سینه‌ماكاره‌ به‌ئه‌زموونه‌ كورده‌، مۆنتێری بۆ به‌ڵگه‌فیلمه‌كانی "خانه‌ مادری
ام مرداب" (ماڵی دایكایه‌تیم تاڵاو) و "از پس برقع" (له‌و په‌ڕیی ڕووبه‌ند)
له‌ ده‌رهێنانی "مێهرداد ئۆسكویی" ئه‌نجامداوه‌ و هه‌روه‌ها مۆنتێریی و
وێنه‌گرتنی بۆ زیاتر له‌ 150 كورته‌ فیلم و فیلمی بڵیند، به‌ڵگه‌فیلم و چیرۆكی
له‌ كارنامه‌ی هونه‌ریی خۆیدا هه‌یه‌.

"ئیبڕاهیم سه‌عیدی" ده‌رهێنانی بۆ فیلمی سینه‌مایی "ماندوو"، به‌ڵگه‌فیلمی
"دایكانی من" به‌رهه‌می هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ "زه‌هاوی سنجاری" سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵكوژی
ئه‌نفال به‌ ده‌ستی ڕژێمی به‌عس و كورته‌ فیلمه‌كانی "ژوان" و "ژیله‌مۆ" و
به‌ڵگه‌فیلمه‌كانی "شینگێڕیی په‌رێشانی" و "ڕۆژگیران" به‌رهه‌می هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ
"مێهرداد ئۆسكویی" له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌ و به‌م به‌رهه‌مانه‌ له‌ فێستیڤاڵه‌
جۆراوجۆره‌كانی فیلم له‌ ئاستی جیهاندا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو به‌شداریی
كردووه‌ و خه‌ڵاتی گرینگیشیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

PUKmedia مه‌نسوور جیهانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket