riklam

شەڕی کونسلگەرییەکانمان پێ دەکرێ؟

بیروڕا 07:54 PM - 2021-05-07
.

.

 

دیمەنی کوردستانی ئازاد وا شەمزێنراوە بە زەحمەت دەناسرێتەوە

 

توانای ئەو شەقەی سەفارەتاكانمان پێوەیە وا بەڕاست ‌و چەپدا تۆمەتیان پێوە دەنێین؟ 

لە قازانجی كێ ئێمە داوی باریكی پەیوەندی خۆمان بە رۆژئاواوە دەپسێنین؟ لەبەر كێ ئێمە ئاوا هاوئاواز دەبین  لەگەڵ دەوروبەری هەرێمایەتی كوردستان كە نە خۆشی بە مەسەلەی كوردستان ‌و نە خۆشی بە فاكتەری رۆژئاوایی دێت؟ جا لەرێی نفوزیانەوە دەبێت یان لەرێی نێردە و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكانیانەوە.

ئاخر  ڕەنگە ئەمە یەک شرۆڤە ھەڵبگرێت : پێویستی بەربەستکردنی ئازادییە رۆژنامەوانیی و سیاسییەکان لەھەرێم پێویستی بە ئیستفرادکردن و داخرانی دیبلۆماسییش ھەیە تا دوو لە چاوی دونیا ھەموو شتێکی پاشەکشێ پێکردنی ئەزموونی سیاسیی مەیسەر دەبێت.

 

بیرمانە دوای كەوتنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ماوەیەك بوو بە باو لەناو ناوەند ‌و هێزە سیاسییەكانی عیراقدا دژی ئەمەریكا ‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی قسە بكەن كە وڵاتەكەیان لە حوكمی دیكتاتۆری سەددام دەرباز كرد ‌و یارمەتی عیراقییەكانیان دا ئاسۆیەكی تری ژیانی سیاسیی بە روومەت بۆ خۆیان بكەنەوە. 

هێزە عیراقییەكان (بە سوعبەتیان) بوو دژی رۆژئاوا قسەیان دەكرد لەكاتێكا خۆیان یەكەم بوون لە كەڵك وەرگرتن لە دەسكەوتی روخانی سەددام. 

ئەم خیتابی  رق ‌و كینەیە لە هەمبەر دۆستەكانی عیراقیان رزگار كرد لە سوعبەتەوە بوو بە جیددی ‌و خیتابی هێزە توندرەوەكان وا كەوتەوە بەهەردوو تایفەی شیعە ‌و سوننەوە (موقاوەمەتیان) ڕاگەیاند. ھەژدە ساڵ ئەم قەوانەیان لێ دا تا عێراقی جێی خواستی دیموکراتخوازان وا داھێزرا و  گەیشتە ئاستی ئەوەی مانشێتی دوا ژمارەكانی رۆژنامەی سەباحی عیراقی تازە لە رەد و بەدەلەكانی ئەم دواییەدا وا دژی ئەمەریكا بوو كە هیچی فەرق نەبوو لە مانشێتی دوا ژمارەكانی رۆژنامەكانی عیراقی قەدیم لە بابل ‌و جمهوریە ‌و سەورە.. رەنگە لە چاپكارە حەریفەكانی چاپخانەكانی عیراق بپرسین باشترە داخۆ پلیتی نێو ددانەكانی چاپخانەكان دزەیان نەكردۆتە ناو لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكانی عیراقی تازە یان مەسەلە چییە؟

عیراقی تازە دوای (18) ساڵە لە كەوتنی بتی دیكتاتۆری سەددام رۆژ لە دوای رۆژ خۆی بەلای ئەو ژینگە ئیقلیمییەدا دەشكێنێتەوە كە جاران رێگر بوو لەوەی عیراق لە دەست ستەمكاری بەغدای جاران ‌و هاوئاهەنگی ئیقلیمی نەجاتی بێت.  ئێستا بەغدای تازەش پێی وایە هەموو شتێكی تەواوە ‌و خۆی لەگەڵ ئەم ژینگە هەرێمییە دەگونجێنێ كە هەر دەمارگرژی ‌و پاشقولگرتن ‌و گرمۆڵەكردنی عیراقی بۆ عیراق بەرهەم هێناوە.

پێدەچێ هەولێریش هەم لەبەر ئاتاجی ناوخۆیی مەحكەم كردنی دینگەكانی کۆپی لۆکالی خۆی ‌و هەمیش بۆ تێكەڵكردنی كاغەزەكانی سیاسەتی تەسکی پارتێتی لەگەڵ بەغدای ئێستا كە خیتابی زاڵی خیتابی دژە رۆژئاواییە ، ئەم رێگایەی گرتبێتە بەر. رێگای خۆگیف كردنەوە بەرامبەر بالیۆزخانەكانی رۆژئاوا دوای ئەوەی سوپاكانیان كاریان لە روخانی رژێمەكەی سەددام تەواو كرد. دوای ئەوەی ئەوان یارمەتی کورد و عێراقییەکانیان دا لە رژێمی بەعس نەجاتیان بێت.

لەوانەیە پێویستی هەماهەنگی «هەڵبژاردن» ئەم ئارەزووی هەماهەنگییەی هێنابێتە كایەوە. كە وای كردووە هەولێری ئەم چەند ساڵەی دوایی كە دەستی چووە بە زاخی خیتابی عەوام فریوی ئیدعای بۆش و بێ بنی نەتەوەییدا، وا نەھلستی بێت بەلای یەک رەنگ لە چەند رەنگی بەغدادا وەرگەڕێ. کە رەنگی دژایەتی دۆستانی نێودەوڵەتی و رۆژئاوایە.

بەڵام گرنگە هەولێر ئەوە بزانێ كە ڕەنگە بۆ بەغدا و دەستەبژێرە تەنگنەزەرەکەی بلوێ بە یارمەتی دۆستانی هەرێمی ‌و بە بەكارهێنانی هەیبەتی دامەزراوەکانی  دەوڵەتی عیراق هەندێك شت بكا ‌و دوای خۆی راپسکانێکی درۆزنانە هەندێك شتی تیا بهێڵێتەوە بۆ پەشیمان بوونەوە ، بەڵام كوردستان ‌و پایتەختەكەی توانای ئەو بەردە فركانێیەی نییە لەگەڵ کۆنسلگەرییەكان. 

ئێمە لە کوردستان نە دەرەقەتی دێین، نە ئیش و ئەولەوییەتی سیاسەتی کوردستانییە و نە ھەق و  رەواشە شتی وا بكەین. چونكە ئەمەریكا ‌و هاوپەیمانەكانی رۆژئاوا بەگشتی لە كەیسی كوردستانی دوای كۆڕەو ‌و لە كەیسی روخاندنی عیراقی سەددام حسێنیش كە هەمیشە هەڕەشە بوو لەسەر كوردستانی رزگار، لەگەڵمان بوون و پشتیوانیان کردین . با لە وردەكاریشدا  لە هەندێك شت ناكۆك بین. 

 

كوردستان ‌و پایتەختەكەی و وزەی سیاسەتی رەسمی ‌و میللیشی توانای ئەم شەڕە بێ وەفایەی نییە.

لەوە گەڕێین کە جارێ لەبەر خاتری میللەتەکەمان و بۆ ژینگەیەکی پاکی پرۆسەی دیموکراسیی و ئازادی کە خەریکە دەشەمزێ ، پێویستمان بە داخستنی دۆسێی عەیبداری سزادانی رۆژنامەوان و چالاکانی مەدەنی ھەیە،  ھەروا بۆ ئایندەی میللەتەکەمان و مەسەلە رەواکەی کە ھێشتا زۆر شتی دەڵەمەیە ، لەگوزەران تا گیرفان تا نیشتمان.  

بەو ھەموو زام و برینانەوە توانای شەڕی دیبلۆماسیی و بەرەنگاری سیاسەتی رۆژئاوا و ئەمەریکامان نییە.

بگرە شەڕی وا  خۆتڕێن، بەرەی وای پێچەوانەش ئیشی ئێمە نییە.

PUKmedia ستران عەبدوڵلا

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket