riklam

مەكتەبی سیاسی: سەرۆكی ھەرێم لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوانی بادینان دەربكات

کوردستان 02:19 PM - 2021-05-07
.

.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی پەسەندكردنی بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

راشیگەیاندووە، وێرای ئەوەی یەكێتی لەرێگای كەناڵە رەسمییەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەڕخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیركراوانی بادینان، داواش لە سەرۆكی ھەرێم دەكات لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات و پەرلەمانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت. 

دەقی راگەیەنراوەكە:

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەوپەری نیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیاری دادگای تەمیزی ھەرێم لەبارەی پەسەندكردنی سزای ناعادیلانەی سەر چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستگیركراوانی بادینان. پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان، بنەماكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین لەناو هەرێم، و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێرای ئەوەی لەرێگای كەناڵە رەسمییە جۆراوجۆرەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەڕخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیراوەكانی بادینان، لەھەمان كاتدا داوا دەكات بەرێز سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەكاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات، هاوكات پەرلەمانی كوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت. هەروەها پێشوازی لە هەر پارت و لایەنێكی سیاسی دەكات كە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی یەكێتی بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیش دەكاتەوە، ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و گەلەكەمان، پێویستی بە پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتانی دۆست ھەبووە و ھەیە، تۆمەتباركردنیان بە ناڕەوا و نیگەرانكردنیان خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات، و بۆ ئەوەی لە تەنگەژەكاندا پشتیوانی ئەزموونەكەمان بن، پێویستە بە چاوی وەفاوە لێیان بڕوانرێت و رێزیان لێ بگیرێت. 

PUKmedia راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket