riklam

زه‌نگی نادادی لێدرا

بیروڕا 09:27 AM - 2021-05-06
.

.

دادپه‌روه‌ری ئه‌و په‌یامه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌می یاسا دانراو و ئایینیه‌كان له‌پێناوی دا دروست بوون و به‌ ئامانجی پاراستنی ماف و ئازادییه‌كانی تاكه‌كان و دروست كردنی ژینگه‌یه‌كی ئارام له‌ كۆمه‌ڵگادا، ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ رووی واتاوه‌  زانایانی فه‌لسه‌فه‌ و یاسا پێناسه‌ی زۆرییان بۆكردووه‌ بۆ نموونه‌ پێناسه‌كراوه‌به‌وه‌ی كه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ستێكی شاراوه‌ی ده‌روونی كه‌ عقڵی دروست ( عقل سلیم) په‌ی پێده‌بات و ئامانج لێی پێدانی مافه‌ به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی (اعطاء کل ذی حق حقە) ، وه‌ پێناسه‌یه‌كی تری یاسایی بۆ دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌ستێكی شاره‌وه‌ی ده‌روونیه‌ و هه‌وڵ ده‌دات بۆ رێگریكردن له‌ پێشخستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی كه‌ گرنگیییان كه‌متره‌ به‌سه‌ر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی كه‌ گه‌وره‌تر و گرنگرن، وه‌ ئه‌فلاتون ئه‌لێ دادپه‌روه‌ری واته‌ راستگۆیی له‌گه‌ڵ ژیانی مرۆڤه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌باڵاكانیان ، كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین دادپه‌وه‌ری هۆكاره‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی خۆشگوزه‌رانی و ئارامی و ئاسایشی كۆمه‌لایه‌تی به‌مه‌ش گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كان دا به‌دیدێت و متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌ دامه‌زراوه‌كان دروست ده‌بێت و ئینتما بۆ ووڵات و نیشتیمان له‌ ناخی تاكه‌كان دا ده‌چه‌سپێت .
دادپه‌روه‌ری هه‌روه‌ك مۆنتسكیۆ له‌ رۆحی یاساندا باسی ده‌كات ئامانج و فه‌لسه‌فه‌ی دروست بوونی ده‌سه‌ڵاته‌ گشتیه‌كان و بنه‌مای جیاكاردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌  كه‌ بریتین له‌ ده‌سه‌لاته‌كانی ( یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری ) ، ئه‌مه‌ش واته‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی دادپه‌روه‌ری دا ده‌سه‌ڵاته‌كانیان پیاده‌بكه‌ن و هه‌ركات له‌و سنووره‌ لایاندا كاره‌كایان به‌ خراپبه‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات ناوزه‌ند ده‌كرێ .
ده‌سه‌ڵاته‌ گشتیه‌كانی هه‌رێم  و به‌تایبه‌تی حكومه‌ت به‌رده‌وام و به‌درێژای ده‌یان ساڵ چه‌مكی دادپه‌ووه‌ریان پێشێل كردووه‌ و سته‌میان له‌م چه‌مكه‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ندێك جار به‌ رێگه‌و شێوازی یاسایی شه‌رعییه‌تی پێدراوه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ دادپه‌روه‌ریان تێدانیه‌ حوكمی یاسایی بوونیان قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ ، وه‌ زۆرجاریش به‌ پێشیل كردنی یاساكان ماف و ئازادییه‌كانیان پێشیل و كۆت و به‌ند كردووه‌ ، هه‌رله‌ برینی مووچه‌ و مافی مامۆستایان و مووچه‌ خۆران تا ده‌گات به‌ گرتن و زیندانی كردنی رۆژنامه‌ نووسان ، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌رییه‌ ( پێشتر به‌ ووتاریك بنه‌ماكانی دادپه‌وه‌رییمان روون كردووه‌ته‌وه‌ ) و ده‌بوایه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانیه‌وه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتیكی تایبه‌تمه‌ند به‌ ئه‌ری چاودێری لێپرسینه‌وه‌ی له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت بكردایه‌ به‌ رێگا و ئامرازه‌ یاساكان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رپێچیانه‌دا ، به‌ڵام مه‌خابن په‌رله‌مان نه‌یتوانییوه‌ به‌م ئه‌ركه‌ی خۆی هه‌ستێ و ئه‌مه‌ش متمانه‌ی خه‌لكی به‌ دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان ته‌واو لاوازكردووه‌ ، و ئه‌م بێده‌سه‌لاتیه‌ی په‌رله‌مانیش له‌ كۆتا كۆبوونه‌وه‌ی دا به‌ ئاشكرا ڕاگه‌یه‌نرا ، كه‌واته‌ ده‌توانین بلێین فه‌لسه‌فه‌ی پشت دروستبوونی حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ ئێستادا نه‌ماوه‌ و باشترین رێگاش بۆ چاككردنی ، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌ڵبژرادنێكی نوێیه‌ .
تا ئێره‌ ده‌توانین بڵیین دۆخه‌كه‌ ئاساییه‌ و له‌ هه‌ر وڵاتێكدا كه‌ به‌ قۆناغی راگوزه‌ری دیموكراسیدا تێده‌په‌ڕن، ئه‌م جۆره‌ سته‌مانه‌ رووده‌دات ، به‌ڵام زه‌نگی مه‌ترسیداری نادادی  لێره‌وه‌ لێده‌درێت كه‌ ئه‌م نادادی و سته‌مه‌ سه‌ربكێشێ بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كه‌ له‌ بنه‌مادا تاكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی دروست بوونی دادگاكان چه‌سپاندنی دادپه‌وه‌رییه‌ و دادوه‌ر هه‌ڵگری ته‌رازووی دادپه‌وه‌رییه‌ و له‌ هه‌ر كه‌یسێكدا دوو بریار ده‌رده‌كات و سێیه‌می نیه‌ ، یاخود دادپه‌روه‌ری ده‌چه‌سپێنێ یان سته‌م ونادادی ئه‌كات له‌ بریاره‌كه‌یدا .
كه‌یسی گوماناوی رۆژنامه‌نوسانی بادینان گومانی نادادی و سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی دادگای كرد به‌ حقیقه‌ت و له‌ ئه‌مرۆ به‌دواوه‌ ئیدی دادپه‌وه‌ری و سه‌ربه‌خۆی دادگا له‌ ژێر پرسیار ده‌رچووه‌ و راستیه‌كی به‌ڵگه‌ نه‌وه‌یسته‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی ( 5 ) یاسای سه‌لماندی عیراقیه‌ كه‌ ده‌ڵێت ( دادگا شوێنێكه‌ بۆ دادپه‌روه‌ری و گه‌رانه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ) ، وه‌ هه‌روه‌ها پێچوانه‌ی ماده‌ی ( 19 ) ی ده‌ستوری عێراقه‌ كه‌ ده‌ڵێ ( دادگا سه‌ربه‌خۆیه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌ جگه‌ له‌ یاسا ) ، ئه‌مه‌ سه‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكاگشتیه‌كانی مافی مرۆڤ و جاری گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤه‌ كه‌ په‌یماننامه‌یه‌كی به‌ركاره‌ له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان .
له‌بنه‌مادا رێگای تانه‌دان له‌بڕیاری دادگاكان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌شێت و رووده‌دات كه‌ دادوه‌ری دادگای تایبه‌ت وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی هه‌ڵه‌ی كردبێت به‌ مه‌به‌ست بێ یان بێ مه‌به‌ست و ئه‌ركی ده‌سته‌ جیاوازه‌كانی دادگای پێداچوونه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ راست بكاته‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری به‌دیبێنێت و حقیقه‌تی دادوه‌ری نزیك بكاته‌وه‌ له‌حقیقه‌تی واقعی و به‌مه‌ش متمانه‌ی خه‌لك به‌ ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری پته‌و به‌هێز ده‌كات و به‌ ئه‌نجام ئینتما و سۆز بۆ نیشتمان زیادو گه‌شه‌ ده‌كات .
ده‌سته‌ی سزایی دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌توانێت سزای سزادراوانی بادینان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌ یاخوود هه‌مواری بكات به‌ كه‌مكردنی سزاكه‌یان ، كه‌ئه‌مه‌ش رێگه‌ دروسته‌كه‌ی چه‌سپاندی دادپه‌وری بوو ، به‌ڵام مخابن ئه‌م دادگا باڵایه‌ به‌م ئه‌ركه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌ساو پێچه‌وانه‌كه‌ی پیاده‌كرد، به‌مه‌ش ده‌توانین بڵێین به‌ راگه‌یاندنی ئه‌و بریاره‌ مه‌رگی دادوه‌ری له‌هه‌رێم دا راده‌گه‌یه‌نن، چونكه‌ ناوه‌ڕۆك و به‌ڵگه‌ بڵاوكراوه‌كانی كه‌یسی ناوبراوان هیچ گومانێك نا‌هێڵنه‌وه‌ بۆ بێتاوانی و بڕیاردان به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزاكه‌یان.
 له‌كۆتایدا هه‌رچه‌نده‌ زه‌نگی نادادی و سته‌م لێدرا له‌م هه‌رێمه‌دا كه‌ پڕیه‌تی له‌ سته‌م و نادادی، به‌ڵام ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌م نادادییه‌ به‌سه‌ر ده‌سته‌ی گشتی دا تێنه‌په‌ڕێت، چونكه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ رووی ژماره‌ و ئه‌زموونی دادوه‌رانه‌وه‌ به‌هێزترن و ئه‌سڵ وایه‌ زیاتر هه‌وڵی چه‌سپاندی دادوه‌ری بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی پێغمه‌به‌ر( د.خ.) بپارێزین و له‌و دادوه‌رانه‌ بن كه‌ به‌ بڕیاره‌ دروسته‌كانیان به‌هه‌شتی خودا بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن و به‌هه‌شتێكی دونیاییش بۆ خه‌ڵك فه‌راهه‌م  بكه‌ن .


رێبوار محه‌مه‌د ساڵح / مامۆستای زانكۆ


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket