riklam

هاوسەرۆکان: هەڵوێستی یەکێتی بۆ یەکڕیزی لایەنەکان نەگۆڕە

ی.ن.ک‌‌ 07:13 PM - 2021-05-05
.

.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ـی٥ـی٢٠٢١ ، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە دیرێک شولیت ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و خاتوو دانا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەردار هەرکی ئەندامی سەرکردایەتی و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی جدی و هەمەلایەنە کرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ڕێوشوێنەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

هاوسەرۆکان جەختیان لە بەردەوامی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا، پێزانینی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ئەمریکا هەیبووە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە جەنگی دژەتیرۆردا، پێویستی بەردەوامبوون و ئەنجامدانی کاری ھاوبەشیان دووپاتکردەوە بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی شانە نوستووەکانیان لە وڵاتدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتیی ڕوانینی خۆیان لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە و قەیرانەکان و ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکانیان بۆ وەفدی ئەمریکا خستە ڕوو.

جەختیشیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی ناکۆکی و گرژییە سیاسییەکان و بە فاکتەرێکی گرنگیان دانا بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، لەو ڕووەشەوە پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوانیان بە گرنگ زانی بۆ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی لەبارەی ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەیە .

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوسەرۆکان دووپاتیان کردەوە کە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پەنابردن بۆ دەستوور تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە لە نێوان ‌‌حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانیان لە مەترسیدایە.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، ھاوسەرۆکان تەئکیدیان کردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دوور لە دەستتێوەردان.

وەفدەکەی ئەمریکاش جەختیان کردەوە لە سەر بەردەوامیی ئەرکەکەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی وڵاتەکەشیان بۆ پشتیوانیکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابووری و بەردەوامی کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردولا لە تەواوی بوارەکاندا.

PUKmedia

182070824_2886755171579080_5896820211151735712_n.jpg

183041523_2886755161579081_3421847314543171739_n.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket