riklam

هاوسەرۆكان و وەفدێكی باڵای بەریتانیا چەند پرسێكی ئەمنی و سیاسی تاووتوێ دەكەن

ی.ن.ک‌‌ 04:43 PM - 2021-05-05
.

.

ئەمڕۆ 5ی5ی 2021 بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازییان كرد لە مارشاڵ ساميوڵ سامپسۆن گەورە راوێژكاری بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و ستیفن هیكی باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و جەیمس سۆرنتن، كونسڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەریان.

لە دیدارێكدا كە هەریەك لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی هێزەكانی دژە تێرۆر ئامادەی بوون، گفتوگۆ كرا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی تایبەت بەدۆخی سیاسی و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان و بەردەوامیی مەترسییەكانی داعش لە عیراق و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەریتانیا، بە تایبەت لەڕووی هاریكاریی سەربازییەوە.

هاوسەرۆكان بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەبارەی شانە نوستووەكانی داعش و جموجۆڵەكانیان و رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەیان خستەڕوو، جەختیشیان لەسەر كاری هاوبەش و پێكەوەیی و هەمئاهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق كردەوە بەپشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەتی لە كەركوك و‌ ناوچە دابڕێنراوەكان كە بۆشایی ئەمنییان هەیە.

هاوسەرۆكان ئاماژەیان بۆ گرنگی و پێویستی بەردەوامی هاریكارییە سەربازییەكان و ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ لەناوبردنی تەواوی چەكدارانی داعش و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و دابینكردنی سەقامگیریی ئەمنی و ئارامی بۆ ناوچەكە.

هاوكات سوپاسی گەل و حكومەتی بەریتانیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان كرد بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری و پێداویستیی سەربازی و پشتیوانییەكانیان بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان و بەردەوامی مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە.

لەبارەی چاكسازیی و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، هاوسەرۆكان ئامادەیی و پشتیوانیی سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دووپاتكردەوە بەوجۆرەی كە بنەمای یەكسانی و هاوسەنگی تێدا رەچاو بكرێت، خواستی یەكێتییان خستەڕوو بۆ بوونی یەك هێزی پێشمەرگە كە دوور بێت لە هەموو دەستوەردانێك و هەرێمی كوردستانیش ببێت بەخاوەن هێزێكی نیشتیمانیی ڕێكخراو.

لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دیاریكردنی پلان و بەرنامەیەكی گونجاو بۆ بەردەوامی كاری پێكەوەیی بۆ لەناوبردنی یەكجاریی شانە نوستووەكانی چەكدارانی داعش.

وەفدی میوانیش سوپاسی رۆڵ و قارەمانی و قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگەیان كرد لە شەڕی روبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداو پێگەی هەرێم لە هاوكێشەكاندا، هاوسەرۆكان جەختیان لە یەكڕیزی نیشتمانی و یەكهەڵوێستی كورد لە بەغدا كردەوەو ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق لەنێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێك و هەنگاوێكی گرنگ بوو بەئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket