riklam

هیكی: گه‌شه‌كردن له‌عیراقدا به‌بێ دامه‌زراوه‌ی به‌توانای ده‌وڵه‌ت نایه‌ته‌دی

عیراق 07:25 PM - 2021-05-04
.

.

له‌ مێزگردێكی مێری له‌ 22 نیسانی 2021 به‌ڕێوه‌چوو ستیڤن هیكی، باڵوێزی به‌ریتانیا له‌ عیراق رایگه‌یاند: سه‌قامگیری و گه‌شه‌كردن به‌بێ دامه‌زراوه‌ی به‌توانا و كارای ده‌وڵه‌ت له‌عیراقدا نایه‌ته‌دی.

ئه‌مه‌ش كورته‌یه‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی دیبه‌یته‌كه‌:

له‌و دیبه‌یته‌ی پۆڵه‌سیدا، بژارده‌یه‌ك له‌ داڕێژه‌رانی پۆڵه‌سی و په‌رله‌مانتار و پسپۆڕی ئه‌كادیمی خۆماڵی و نوێنه‌رانی دیپلۆماتی كونسڵگه‌ری به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوون (ناویان له‌ خواره‌وه‌ هاتووه‌). له‌ پێشه‌كیه‌كه‌یدا، كه‌ به‌ په‌خشی راسته‌وخۆ گوازرایه‌وه‌، باڵوێز هیكی ئامانجه‌ ستراتیژیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی روونكرده‌وه‌، كه‌ ده‌كرێ له‌و چه‌ند خاڵه‌دا پوخت بكرێنه‌وه‌:

 

ڕ) پشتگیریكردنی سه‌قامگیری له‌ عیراقدا، له‌ رێگه‌ی پاڵپشتی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و هاندانی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی دروست و چاكسازی ئابووری. ده‌وڵه‌تی به‌توانا پێویستی به‌ دامه‌زراوه‌ی به‌هێز و سه‌روه‌ری یاسایه‌.

 

ب) پشتگیریكردنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی عیراقی. به‌ریتانیا پێی وایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی به‌توانا پێویستی به‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی به‌هێز و زیندووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تیه‌ بۆ گه‌شه‌كردن و سه‌قامگیری شه‌رعی.

 

ج) به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و رێگریكردن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و توندڕه‌وی توندوتیژی له‌ عێراق. ده‌مێكه‌ ئه‌و تیرۆرانه‌ی له‌ عیراقدا سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاسایشی گه‌وره‌ن بۆ به‌ریتانیا.

 

هه‌روه‌ها باڵوێز هیكی وتی كه‌ به‌ریتانیا كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ پێشوه‌بردنی ئامانجه‌كانی، له‌وانه‌:

 

هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منیه‌كانی سه‌ر ده‌وڵه‌تی عیراقی له‌ لایه‌ن داعش و لایه‌نه‌ چه‌كداره‌ ناحكومیه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌. به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ عێراقدا هه‌ست به‌ نیگه‌رانیه‌كی قووڵ ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ جموجۆڵه‌ تێكده‌ره‌كان و ئه‌جێندای لایه‌نه‌ چه‌كداره‌ ناحكومیه‌كان له‌ سه‌رتاپای عیراقدا، به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

كۆت و به‌ربه‌سته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ په‌تای كۆڕۆنا كه‌ بووه‌نه‌ته‌ ئاسته‌نگ بۆ عیراق و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی.

دینامیه‌ سیاسیه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی عیراق كه‌ بارێكی ناڕوون و كه‌شێكی وای دروستكردووه‌ كه‌ بۆ گه‌شه‌ی خێرا ناگونجێ. زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ عیراقدا پێشبینی له‌ ئاینده‌ بكرێ و پلانی بۆ دانبرێ و كاری له‌سه‌ر بكرێ.

دوابه‌دوای پێشه‌كیه‌كه‌ی باڵوێز هیكی، له‌ به‌شی پرسیار و وه‌ڵام، كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی چاتام هاوس به‌ڕێوه‌چوون، تیشك خرایه‌ سه‌رك كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌تی دیكه‌ له‌لایه‌ن به‌شداربووانه‌وه‌ كه‌ لێره‌ پوخت كراونه‌ته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن گوته‌كان دیاری بكرێن.

 

هێشتا عیراق به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆره‌ و فاكته‌ره‌كانی هاندانی تیرۆری تێدایه‌، وه‌ك سیاسه‌تی تایفه‌گه‌ری و هه‌ستكردنی خه‌ڵك به‌ زوڵم و نه‌بوونی گه‌شه‌ی ئابووری. ئه‌وانه‌ بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌. هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر سه‌رچاوه‌یه‌كی نیگه‌رانی گه‌وره‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی له‌ ده‌ستی داعش رزگاركران و هه‌ندێ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌ ناحكومیه‌كان رۆڵێكی شله‌قێنه‌ره‌ ده‌بینن.

بێجگه‌ له‌ ئاڵۆزیه‌كه‌ی، یه‌كێك له‌ خاسیه‌ته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سیاسه‌تی عیراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌رجه‌م ئاسته‌كان لێكترازاو و په‌رشوبڵاوه‌. ئه‌وه‌ش هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و ناڕوونی دێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ توانای كاركردنی ئه‌كته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ عیراق سنووردار ده‌كات.

سه‌قامگیری له‌ عیراقدا به‌ بوونی كۆمه‌ڵانی چه‌كداری ناحكومی به‌دی نایه‌ت، كه‌ زۆریان له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و مه‌ودای دامه‌زراوه‌كانی كارده‌كه‌ن. خه‌ڵك سه‌یری ئیداره‌ی نوێی واشینگتن و گفتوگۆكانی پرسی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ن و وای داده‌نێن كه‌ ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌قامگیری له‌ عیراقدا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ناحكومی كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتیان لێ ده‌كرێ.

له‌ مێزگرده‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك پێشنیازی پۆڵه‌سی بۆ هه‌ردوو لایه‌ن خرانه‌ ڕوو، كه‌ ئه‌وانه‌ن:

پێویسته‌ عیراق ستراتیژێكی درێژخایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ناسه‌قامگیری له‌خۆ بگرێ. ئاسته‌نگه‌ ئه‌منی و ئابووری و سیاسیه‌كانی به‌رده‌م وڵاته‌كه‌ زۆر ئاڵۆزن. پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراقدا له‌ دوای 2003 به‌ولاوه‌ تووشی به‌ربه‌ست بووه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ستراتیژێكی درێژخایه‌ن.

عێراق پێویستی به‌ سیستمێكی لێپێچینه‌وه‌ و به‌دواداچوون هه‌یه‌. پێویسته‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و هێزه‌ چه‌كداره‌كان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كاریگه‌ره‌كان بۆ هه‌ر كار و ره‌فتارێكی كه‌ ده‌یكه‌ن ملكه‌چی لێپێچینه‌وه‌ بن. له‌ كاتی پرۆتێسته‌كان خه‌ڵكانێك كوژران، به‌ڵام هه‌تا ئێستا لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌س نه‌كراوه‌. نه‌بوونی ئه‌و لێپێچینه‌وه‌ متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ حكومه‌ت كه‌متریش ده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌نێو توێژی لاوانه‌وه‌.

هۆكارێكی ریشه‌یی دیكه‌ بۆ كێشه‌كانی عیراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مۆدێله‌ ئابووریه‌كه‌ی كه‌ له‌دوای 2003 له‌خۆگیراوه‌ كارا نیه‌. عیراق پێویستی به‌ بچووككردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كارمه‌ندانی حكومه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی به‌كارخستنه‌، له‌گه‌ڵ هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت و راكێشانی وه‌به‌رهێنان. ئه‌وه‌ش وه‌ڵامه‌ بۆ ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌ی لاوان.

پێویسته‌ ئه‌كته‌ره‌ سیاسیه‌ كاراكانی عیراق به‌رپرسیارێتی ته‌واو بۆ رزگاركردنی وڵاته‌كه‌ له‌ كێشه‌كانی ئێستا بگرنه‌ ئه‌ستۆ. لایه‌ن و هاوپه‌یمانه‌ ده‌ره‌كیه‌كان ده‌توانن هاوكار بن به‌ڵام ناتوانن له‌جیاتی عێراقیه‌كان كێشه‌ی وڵاته‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

به‌رده‌وامبوونی هێرشه‌ مووشه‌كیه‌كان و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كان له‌سه‌ر هه‌ولێر، كه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌هێز و هه‌ستپێكراوی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌دوادانه‌هات، حاڵه‌تێكی ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌نێو خه‌ڵك و حیزبه‌كانی كوردستان دروستكردووه‌. هاوكاری زیاتر له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و به‌ پاڵپشتیه‌كی گه‌وره‌تری نێوده‌وڵه‌تی پێویسته‌. هاوپه‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌ ناحكومیه‌كان به‌ جددی وه‌رده‌گرن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری گشتگیر ده‌ده‌ن له‌ ئاستی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی. له‌ هه‌مان كاتدا ده‌بێ ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كانه‌وه‌ بێت.

لایه‌نه‌ خۆماڵیه‌كان هانی به‌ریتانیا و هێزه‌ كاریگه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پشگیری زیاتر له‌ هه‌وڵه‌كانی ئاشتی بكه‌ن كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌یده‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ شه‌نگاڵ. ده‌كرێ چاودێریه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كاریگه‌ر بێ له‌ له‌ جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتننامه‌ی شه‌نگاڵ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پاڵپشتی سه‌قامگیری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ ئێزدیه‌كان بكه‌ن. خه‌ڵك چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ كارێكی میحوه‌ری ده‌بینن بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر لایه‌نه‌كان و لێپێچینه‌وه‌یان. له‌و میانه‌دا، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كارێكی گرنگه‌ بۆ پاراستنی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كانی ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شه‌نگاڵ و كه‌ركوك.

ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ستن به‌ عیراقێكی پڕ له‌ ئاسایش و سه‌قامگیر، هه‌روه‌ك له‌ رووداوه‌كانی ئه‌و دواییه‌ ده‌ركه‌وتن. پێوسیته‌ حزبه‌ كوردیه‌كان هه‌وڵده‌ن كێشه‌ ناوه‌كیه‌كانی نێوخۆیان و ئه‌وانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

PUKmedia په‌یمانگای میری بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket