riklam

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی و سه‌رۆكی هه‌رێم

ی.ن.ک‌‌ 05:34 PM - 2021-05-04
.

.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4-5-2021، بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ ده‌باشان پێشوازییان كرد له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا و مسته‌فا سه‌یدقادر جێگرانی سه‌رۆكی ھه‌رێم.

له‌ دیدارێكدا كه‌ ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا و ڕزگار عه‌لی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی و ئه‌مین بابه‌ شێخ و د.میران محه‌مه‌د ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌ی بوون، گفتوگۆ كرا ده‌رباره‌ی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كان و دۆخی سیاسیی ئێستا و په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و پرسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی نوێ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دیداره‌كه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و پێویستیی یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌كان و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و كاری پێكه‌وه‌یی له‌ پێناو درووستكردنی متمانه‌یه‌كی به‌هێز بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ئیمزاكراوانه‌ی كه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر بابه‌ته‌ نیشتمانیی و ستراتیژییه‌كان له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان.

هاوكات جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر درووستكردنی كه‌شێكی ئارام و وه‌لانانی كێشه‌ و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ و دیاریكردنی چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌كان بێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌رگریكردن له‌ مافه‌كان.

له‌ دیداره‌كه‌دا هاوسه‌رۆكان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ نیشتمانییه‌ی كه‌ ده‌یبینێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و لێكنزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان، هاوكات ڕووناكییان خسته‌ سه‌ر ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی قووڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان. ڕوانینی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ یه‌كڕیزیی نێوان لایه‌نه‌كان و گه‌یشتن به‌ دیدی هاوبه‌ش بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كان و هه‌ر پڕۆژه‌ و بڕیارێك كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكات.

وه‌ك كوردیش به‌ پێویستیان زانی لێكتێگه‌یشتنی زیاتر له‌ نێوان لایه‌نه‌كان درووست بكرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی زاڵ بكرێت له‌ پێناو داكۆكیكردنی زیاتر له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌ھێزی پێگه‌ی كورد له‌ به‌غدا به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و نه‌فه‌وتانی ده‌نگی كورد.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هه‌ڵوێست و ڕوانینه‌ واقیعییه‌كانی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئه‌نجامدانی كاری پێكه‌وه‌یی نێوان لایه‌نه‌كان.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket