riklam

بە 14 ساڵ تەنها 15% كارەكانی نوێكردنەوەی قەڵای هەولێر تەواوبووە

کوردستان 09:28 AM - 2021-05-04
.

.

دوای ئەوەی لەساڵی 2007 پارێزگای هەولێر گرێبەستێكی لەگەڵ رێكخراوی یونسكۆی سەر بەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ نوێكردنەوەی قەڵای هەولێر ئیمزاكرد، تائێستا كاری نوێكردنەوەكە بەردەوامە بەوتەی سەرۆكی كۆمسیۆنی نوێكردنەوەی قەڵاكەش تائێستا 15% كارەكانی نوێكردنەوەی قەڵاو خانووەكانی ئەنجامدراوە. 

نیهاد لەتیف قۆجە سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای نوێكردنەوەی قەڵای هەولێر بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی دارایی و دوای دروستبوونی جەنگی دژی داعش پڕۆژەی نوێكردنەوەی قەڵای هەولێر وەكو هەموو پڕۆژەكانی تر بەهۆی نەبوونی پارە زۆربەی كارەكانی وەستێنرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەو بڕە پارە كەمەی پارێزگای هەولێر بۆ قەڵا تەرخانی كردبوو كاری بچووك بچووك بۆ نوێكردنەوەی ئەنجام دەدرا بۆ پاراستنی ئەو شوێنانەی كە لەقەڵاكە ماون، چونكە رێكخراوی یونسكۆ مەرجێكی بۆمان داناوە كە ساڵانە دەبێت نزیكەی 550 تا 600 هەزار دۆلار بۆ ئەو شتانەی لەقەڵاكە هەن بۆ پاراستنیان خەرج بكرێت ئەو پارەیەش حكومەتی هەرێم دابینی دەكات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو بڕە پارەیەش بەبڕێكی كەمتر بۆمان خەرجكراوە.

راشیگەیاند: لەلایەكی تر بەرَێگای یونسكۆ هەندێك پارەمان بۆ خەرجكرا لەلایەكی تر بەسوپاسەوە لەلایەن سەرمایەداری هەولێر شێخ باز نزیكەی 2 ملیۆن دۆلار تەرخانكرا كە ماوەی ساڵێكە كاری پێدەكرێت بەپارەكە توانیمان ژێرخانی قەڵا كە بریتیە لەدانانی هێڵی كارەباو ئینتەرنێت و بۆڕی ئاو لەژێرزەوی بەشێوەی دفن و كێبڵ و عەمودی كارەبا لەسەر زەوی نامێنن، هەروەك تانكی ئاوی قەڵامان گۆڕی كە تەمەنی نزیكەی 60-70 ساڵ بوو كە ئاوی بازاری قەیسەری دابین دەكات، خانوویەكی تریشمان بەو پارەیە نوێكردەوە، هەروەها كوسوڵخانەی ئەمریكا لەبەغدا بڕی 860 هەزار دۆلاری بۆ قەڵا تەرخانكرد كە ئەویش دوو پڕۆژەیان هەبوو یەكێكیان پڕۆژەی دروستكردنی سەنتەرێكی زانیاری وەكو مۆزەخانەیەكی بچووك بۆ منداڵان لەسەر قەڵا كە بیناكەی تەواو بووە.

باسی لەوەشكرد لەئێستادا خەریكی ئەوەن زەوی قەڵاكە بەبەرد بەرد رێژ بكەن وتی: ئەگەر گرفت نەیەتە پێشمان ئەمساڵ تەواوی دەكەین هەروەها كاری رووناكی و گڵۆپیش تەواو دەكەین، بەهۆی ئەوەی قەڵا كۆڵانەكانی زۆر تەسكەو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ناتوانێت بچێتە ناو هەموو كۆڵانەكان، بۆیە دەبێت بەعەرەبانەی دەستی شتەكانی بگوازینەوە، بۆیە كاری نوێكردنەوەی قەڵای هەولێر ناكرێت بەخێرایی تەواو بكرێت، ئێستاش دەستمان بەنوێكردنەوەی گەرماوی قەڵاكەش كردووە، چونكە لەپلانماندایە دوای تەواو بوونی نوێكردنەوەی قەڵا دوبارە بەكاری بخەینەوە، بەڵام بەتەكنیكێكی تازە.

سەرۆكی كۆمسیۆنی نوێكردنەوەی قەڵاكە وتیشی: بەر لەدوو ساڵ بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لەلایەن یەكێتی ئەوروپا لەڕێگای رێكخراوی یونسكۆ تەرخانكرا كە بەهۆیەوە چەند خانوویەكمان نوێكردنەوە كە كێشەی ئەو بڕە پارەیە ئەوەیە كە دەبێت بڕێكی زۆر لەبەكاربردنی كرێكار خەرج بكرێت كە 20% یشی كرێكاری پەنابەر بێت، تائێستاش نزیكەی 15 تا 20% ی خانووەكانی قەڵا نوێكراوەتەوە لەوانەیە 50 خانوو نوێكرابێتەوە كە ئەو خانوانەی بۆ نوێكردنەوەش دیاریكراوە نزیكەی 250 تا 300 خانووە كە لەكۆندا قەڵا نزیكەی 630 تا 640 خانوو بووە، بەڵام لەساڵانی هەشتاكاندا ئەو ژمارەیە كەمبۆتەوە بەهۆی پشتگوێ خستنیان لەنوێكردنەوەیان لەلایەكی تر بەهۆی شاڵاوی حكومەتی بەعس بۆ سەر گوندەكان و هاتنی دانیشتوانی گوندەكان بۆ ناو قەڵا كە خانوویەكی زیاتر لەناوچوون.

نیهاد لەتیف ئاشكراشی كرد: لەكاتی گرێبەستی نوێكردنەوەی قەڵاو ماستەرپلانەكەیدا ماوەی 10 ساڵیان بۆ دانا كە بەڕای من تا بیست ساڵیشی پێدەچێت، چونكە شوێنی شوێنەواری كۆن بەردەوام پێویستی بەچاككردنەوەیە، گوتیشی لەسەر قەڵاكە بینای خوێندنگا دروست ناكرێت، بەڵام پڕۆژەیەكمان هەیە كە وەكو پێكەوە ژیانی ئایینی كە سێ خانوومان لێكدایتەوە بۆ ئەوەی ئەو ئاینانەی كە لەهەولێرو قەڵاكەی هەبوون هەر یەكەو لەسەر شێوازو كلتوری خۆی دروستی بكەین و بەخەڵكی نیشانی بدەین، بەڵام هەر بیناو خانوویەك لەقەڵا لەناوچووبێت ئێمە بەهۆی نەبوونی نەخشەی كۆن دروستی ناكەینەوە ئێستاش كاری لەپێشینەمان ئەوەیە ئەو خانووانەی لەسەر لێواری قەڵاكە كە روخاوە بیپارێزین.

سەبارەت بەنەڕوخاندنی پارچەیەك لەدیوارەكەی دەرگای نزیك بازاری قەیسەری قەڵاكە كە بەشێوەی شارستانیەتی بابلی دروستكرابوو، نیهاد لەتیف وتی: یەك لەو شتانەی كە لەبڕگەكانی پاراستنی قەڵای هەولێر لەلایەن یونسكۆوە مەرجدار كراوە ئەوەیە دەبێت بەدرێژایی مێژوو ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر قەڵاكەدا هاتووە نابێت ون بكرێت، بۆیە كە دەرگا كۆنەكەمان دروستكرد وتیان با ئەو بەشەی دیواری بابلیەكە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی بزانن گۆڕانكاریەكان چیبوون.

وتیشی: لەناو قەڵای هەولێر تائێستا پارچە شوێنەوارێكی وا نەدۆزراوەتەوە، چونكە خۆی وەك گردێكی شوێنەواریە، بەڵام قەڵا سێ چوار گۆڕستانی بچووكی تێدایە بۆ نمونە بنەماڵەی ئەسعەدیەكان گۆڕستانێكی بچووكیان هەیە هەروەها چەند گۆڕێكی پیاو چاكەكانی زەمانی كۆنی وەك (حەبیبی نەجار) تێدایە.

روونیشی كردەوە لەئایندەدا بەرنامەیەك دانراوە كە 40 تا 50 خێزان لەقەڵای هەولێر نیشتەجێ دەكرێن كە بەنیازیشین دوای تەواوبوونی نوێكردنەوەی شەقامە سەرەكیەكە، چەند كافیتیریاو ریستۆرانێك بكەینەوە بۆ ئەوەی خەڵكی گەشتیار بێنە ئێرە لەقەڵاكە بحەسێنەوە لەداهتووشدا تانكیە گەورەكەی قەڵا هەڵدەگیرێت.

سەبارەت بەشوێنی پەرستگای عەشتار كە دەوترێت لەژێر زەوی قەڵاكەیە نیهاد قۆجە وتی: تائێستا شوێنەواری ئەو پەرستگایە نەدۆزراوەتەوە كە بەگوێرەی كتێبەكانی مێژوو ئەو پەرستگایە لەناوەڕاستی قەڵاكەیە كە پێشتر بۆ بەر لەهەڵگیرساندنی جەنگ و دوای جەنگیش لەوێ مەراسیمی نوێژو خێركردنی تێداكراوە، بەڵام تائێستا پشكنینی بۆ نەكراوە، چونكە بەهۆی جەنگی داعش پسپۆڕە بیانیەكان بۆ وڵاتەكانی خۆیان گەڕانەوە، بەڵام لەسەر قەڵا چەند شوێنێك دیاریكراوە كە لەداهاتوودا پشكنینی شوێنەواری بۆ بكرێت.

باسی لەوەشكرد كە چەند دوكانێكیان لەناو قەڵا دروستكردووە بۆ نمایشكردن و فرۆشتنی كاری دەستی شتە كەلەپوریەكانی كوردستان كە باس لەپێكەوە ژیان دەكات، سەبارەت بەقەدی قەڵاكەش كە ئێستا بەخۆَل داپۆشراوە وتی: ئەویش بەپێی ئەو ماستەر پلانەی كە دانراوە پڕۆژەیەكی گەورەی هەیە كە بەسەوزایی كردنیەتی لەوانەیە تێچووەكەی تا 6 ملیۆن دۆلار بڕوات كە چینێكی كەمی خۆڵەكەی خۆی هەڵدەگیرێت و بەڕێگای ئاوی دڵۆپە ئاودێر بكرێت لەوانەیە بەڕووەكێك داپۆشرێت كە لە 10 سانتیمەتر زیاتر بەرز نەبێت، بەڵام دیواری خوارەوەی قەڵاكە وەكو خۆی دەمێنێتەوە.

سەرۆكی كۆمسیۆنەكە ئەوەشی نەشاردەوە كە تائێستا نزیكەی 30% خاوەنە دێرینەكانی خانووەكانی قەڵای هەولێر تائێستا قەرەبووی خانووەكانیان لەحكومەت وەرنەگرتووە ئەویش بەهۆی ئەوەی نەوەی خاوەن خانووەكان ژمارەیان زۆر بووەو بڕی ئەو پارەیان كە بەردەكەوێت زۆر كەمە، بۆیە زۆربەیان داوای ناكەن، تائێستاش بڕی نزیكەی 18 تا 19 ملیۆن دۆلار لەنوێكردنەوەی قەڵاكە خەرجكراوە.    

PUKmedia رەوەست نەوزاد-هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket