riklam

سوریا.. ناوی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكرایەوە

عیراق 07:23 PM - 2021-05-03
.

.

دادگای باڵای دەستووری سوریا ناوی پاڵوێراوانی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی سوریا راگەیاند كە بریتین لە بەشار ئەسەد، عەبدوڵڵا سەلوم عەبدوڵڵا و مەحمود ئەحمەد مورعی.

محەمەد جیهاد ئەللەحام، سەرۆكی دادگای باڵای دەستووری سوریا، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئایاری 2021 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دادگای دەستووری لێكۆڵینەوەی لەبارەی ئەو داوكارییانە كرد كە لەلایەن پاڵێورانەوە پێشكەش كرابوون و بریتی بوون لە 51 داواكاری، دادگا بڕیاری خۆی لەسەر هەموو داواكارییەكان دا، جا چ بەڕەتكردنەوە بووبێت یاخود بەپەسەند كردن بووبێت، داواكارییەكانی هەریەك لە بەشار ئەسەدو عەبدوڵڵا سەلوم و مەحمود ئەحمەد مورعی پەسەند كران.

ئەللەحام ئاماژەی بەوەشدا كە بڕیارەكە هێشتا سەرەتاییەو كۆتایی نییەو ئەوانەی داواكارییان بۆ خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار پێشكەش كردووە مافی خۆیانە تا ئەو كاتەی بڕیارەكە بەشێوەیەكی رەسمی دەردەچێت، پەڵپ لەبڕیارەكە بگرن.

هەر لەم مانگەدا، بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان رایانگەیاند هەڵبژاردنەكانەكانی سەرۆكایەتی سوریا مەرج و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی تێدا بەرجەستە نەكراوە، بەو پێیەی دەبێت پرۆسەی سیاسی بۆ كۆتایی هێنان بەململانێیەكان دەستیپێبكرێت و دەستوورێكی نوێ‌ بۆ سوریا دابنرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان بكات و پێوەرە باڵاكانی شەفافیەت و لێپرسینەوە تێیدا رەنگبداتەوە.

پێشتریش، هەریەك لەوەزیرانی دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو فەڕەنساو ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو میرنشینە یەكگرتووەكان لەڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا داوای بایكۆتی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی سوریایان كردو راشیانگەیاند هەڵبژاردنەكان نابنە هۆكاری ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رژێمی سوریا ئاسایی بكاتەوە.

پێشتریش ئۆپۆزسیۆنی سوریا رەخنەی توندیان لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان گرتبوو، بەوەی هەڵبژاردنەكان لەدۆخێكی ئەمنیی خراپدا بەڕێوەدەچێت و وڵات بە قەیرانی ئابووری پڕوكێنەردا تێپەڕ دەبێت و زیاتر لەدەیەیەكە شۆڕشی میللی بەردەوامی هەیە.


PUKmedia ئاژانسەكان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket