riklam

سەرەتایەکی تەماوی، داهاتوویەکی مەترسیدار

بیروڕا 07:34 PM - 2021-04-28
.

.

هەرکاتێک وڵات کەوتە بارێکی لێڵ و ناڕوونەوە، ئەوا داهاتووشی دەکەوێتە مەترسییەوە و دەرئەنجامی مەترسییەکانیش لە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی سیاسی و نەتەوەیی و ئابووریی و داگیرکردنی خاکەوە سەرچاوە دەگرێت، دەستپێکی هەر ناڕونییەک دەگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی دەروونی و دروستکردنی ترس و دڵە راوکێ لە دڵی خەڵک و کۆمەڵگەدا، هەڵبەتە هەڵدانی کاتیۆشا و تەقینەوەی بچووک بەمەستی تێکدانی ئارامی دەروونی خەڵک و دروستکردنی پشێوی و پەشۆکاوی کۆمەڵگە، بە ئامانج گیراوە لەلایەن دەستێک و وڵاتێکی دەرەکی نەیارەوە، یاخود بەهاوکاریی دەستێک و گروپێکی ناوەکی ئامانجەکەیان بەدەست دەهێنن.

ئەوەی گرنگ بوو باسی لێوەبکرێت وردە تەقینەوەکانی هەولێری پایتەخەتی هەرێمی کوردستان و قەزای کفری بوو کە لەماوەیەکی زەمەنی کەمدا سێ جار هەولێر و دەوربەری کراوەتە ئامانج و بۆجاری چوارەم شاری کفریشی گرتەوە، ئەمە بێجگە لە کەرکوک کە هەمیشە قوربانیی دەستی نەیاران بووە، لێرەدا شیکاریی ئەم بابەتە دەکەین و دید و تێڕوانینمان دەخەینەڕوو.

سەرەتا بە کۆمەڵێک پرسیار دەستپێدەکەین و لە پەراوێزی پرسیارەکاندا و لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا شرۆڤەی ئەو بابەتە دەکەین و دەپرسین ئایا ئەوکارە کە لەپایتەخت روویدا کارێکی مەترسیدارە لەئێستادا؟ یاخود بۆچی پایتەخت دەکرێتە ئامانج؟ یاخود بەئامانج کردنی کفری بۆچی؟ هەروەها دەپرسین ئاخۆ هەڵدانی کاتیوشا کاریگەری لەسەر ئابوری و بازاڕ دەبێت؟ ئەمانە و دەیان پرسی تر تاوتوێ دەکەین و بەکورتی تیشک دەخەینە سەر لایەنە سلبییەکانی ئەو بابەتە. بەڵێ بێگومان ئاراستەکردنی کاتیوشا یاخود هەر بابەتێکی تەقەمەنی خۆی بۆ خۆی کارێکی ناتەندروستە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر وڵات ئەگەرچی زیانیشی نەبێت، چونکە هۆکارێکە بۆ شپرزەبوونی لایەنی دەرونی خەڵک و ناسەقامگیری لایەنی دەرونی کۆمەڵگە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بەردەوام بوونی ئەم جۆرە کارانە، هۆکاری متبوون و سستبوونی بازاڕ و ئابوریشە بەڵام ناتوانرێت لە ئێستادا بوترێت مەترسیدارە چونکە هێشتا هەرێمی کوردستان هێزی ئەمنی و سەربازی و پێشمەرگەی خاوەنی ورە و ئیرادەیەکی بەهێزن، هاوکات هاووڵاتیان و دانیشتوانەکەی دڵسۆز و خۆڕاگرن.

خاڵێکی تر ئەوەیە بەم کردەوانە، بۆچی زیاتر هەولێر دەکرێتە ئامانج؟ ئاشکرایە پایتەختی هەر وڵات و هەرێمێک کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ناوبانگ و ئەمنیەت و سەقامگیری و جێگیربوونی وڵات لەهەر روییەکەوە، چونکە هەموو دامودەزگا هەستیار و باڵاکانی حکومەت و پەرلەمان و مەکتەبی سیاسی و سەرۆکایەتی زۆرێک لە حزبەکان و کونسوڵگەریی وڵاتان لە پایتەختن، لەگەڵ ئەوەشدا گرێبەستی ئابوری و بازرگانی و کۆمپانیا زەبەلاحەکان مۆڵەت لە پایتەخت وەردەگرن، جێگەیەکیشە بۆ رەخساندنی هەلی کار و پڕۆژە و کۆمپانیا بیانیەکان، بەو پێوەرەی کە پایتەخت ناوەندی بڕیاری سیاسی و ئابووریی و بازرگانییە، هەربۆیە لەهەر حاڵەتێکدا بێت پێویستە پایتەخت ئەمنییەت و ئەمانی تێدابێت.

بۆ پاراستنی لایەنی مادی و مەعنەوی هەموو ئەوانە، دیسان پرسیارێکی تر ئەوەیە ئاخۆ کفری بۆ بە ئامانج دەگیرێت؟ بێگومان کفری قەزایەکی دێرینی کۆنە کە هەمیشە بەشاری وەزیران ناودەبرێت، ئەم قەزایە هەڵکەوتەی سنووری جوگرافیاکەی دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە گرێدراوە لەگەڵ سنوورەکانی هەرێم، هەربۆیە خەڵکی ئەو قەزایە لە دێر زەمانەوە قوربانییان داوە، شەڕی هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقیان کردووە، هەرگیز لەسەر خاکی کوردستان و مافی خۆیان سازشیان نەکردووە، جگە لەوە قەڵغانێکیش بوون بۆ پاراستنی شارەکانی دیکەی کوردستان، هەمیشە بەرگریکارێکی سەرسەخت بوون بەرامبەر هەر گروپ و دەستەیەکی تیرۆرستی بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان .

عەتا تەها

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket