riklam

بافڵ تاڵەبانی: ھاوكار و پشتیوانی كۆمەڵەی خوێندكارانین

ی.ن.ک‌‌ 09:40 AM - 2021-04-26
.

.

بەبۆنەی 45 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەڕێزەوە لە مێژووی پڕ شانازیتان دەڕوانین و بەڵێنی ھاوپشتی زیاترتان پێدەدەین لەپێناو سەرپێخستنی توانا و حەز و خولیاكانی گەنجان و خوێندكاران.

دەقی پەیامەكە:

 چەپكەگوڵی پیرۆزبایی و ماندوونەبوونتان پێشكەش دەكەین.

بەڕێزان ھەڤاڵانی سكرتاریەت و ئەندامانی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان.

بەبۆنەی 45 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، چەپكەگوڵی پیرۆزبایی و ماندوونەبوونتان پێشكەش دەكەین.

كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان زادەی خەباتی پیشەیی و مەدەنی لاوان و خوێندكاران بوو لە سات و قۆناغێكی خەباتی سەختی كوردایەتیدا كە بوونە داینەمۆ و ھەڵسوڕێنەری شۆڕشی نوێ و خەباتی چەكداری و رێكخستنەكان. زیندانەكانیش بە ورەی ئێوەوە رۆحی بەرگری تێدا جۆشدەدرایەوە و لەوپێناوەشدا سێ سكرتێرتان بەخشی بەنیشتمان.

لەكاروانی شەھادەتدا زۆرن ئەو خوێندكار و لاوانەی لەڕیزی پێشەوەی نەمریدان و لەپاڵ خەباتی خوێندكاریی و پێگەیاندنی نەوەی رۆشنبیردا بوونە سیمبولی مقاوەمەت و زیندوێتی شۆڕشی نوێ.

ئەمڕۆ كە یادی زیاتر لە چوار دەیە لەخەباتی پیشەیی و مەدەنی و خوێندكاریتان دەكەینەوە، بەڕێزەوە لە مێژووی پڕ شانازیتان دەڕوانین و بەڵێنی ھاوپشتی زیاترتان پێدەدەین لەپێناو سەرپێخستنی توانا و حەز و خولیاكانی گەنجان و خوێندكاران كە بە ئومێد و دیدێكی نوێوە لە ژیان و ئایندەیان دەڕوانن.

پێویستە كۆمەڵەی خوێندكاران لەئاست ئەم خەباتە نوێ و سەردەمییانەدا بێت و بە بەرنامە و پڕۆژەوە پێشڕەوی ئەم نەوە نوێیە بكات و رێنیشاندەر و ھاندەر و پشتیوانیان بن لە رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ پەروەردەكردنیان و بەدیھێنانی خولیا و ئامانج و خەونەكانیان. هەروەها داكۆكیكار و سەرمەشقی زیاتری پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بن. ئێمەش ھاوكار و پشتیوانتان دەبین تا سەرباری ئەركە پیشەیی و رێكخراوەیی و مەدەنییەكانتان، لەونێوەندەشدا رۆڵی باشتر بگێڕن كە پێویستییەكی قۆناغەكەیە.

دووبارە پیرۆزتان بێت و سەرفرازبن.

 

بافڵ تاڵەبانی

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia تایبەت

178375774_1116193.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket