riklam

مەكتەبی سیاسی:سەركردەو فەرماندەو كادرەكانی كۆمەڵەی خوێندكاران لەشۆڕشی نوێدا رۆڵیان هەبوو

ی.ن.ک‌‌ 07:58 PM - 2021-04-25
.

.

پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی (45) ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان

خوێندكارانی ئەزیز، لە كچ و كوڕانی خەباتی خوێندكاری، سكرتێر‌و كادرو یٔەندامانی چالاك و خوێنگەرمی كۆمەڵەی خوێندكاران، بەبۆنەی یادی (45) ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەكەتان پیرۆزبایتان لێدەكەین. سڵاویش دەنێرین بۆ رۆحی پاكی سكرتێرو كادرە شەهیدەكانتان، ستایشی یٔەو هەڤاڵانەش دەكەین، كە لەدامەزراندنەوە تا قۆناغە جیاجیاكانی كۆمەڵەی خوێندكاران، تێكۆشانیان كردووە.

كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لەكاتێكدا دامەزرا، كە هێشتا ساڵێك بوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرابوو. شۆڕشی نوێ چەند رۆژێكی مابوو هەڵبگیرسێ. كوردستان ‌و كوردایەتی لە بارودۆخێكی ئێجگار سەختدا بوون، بەعس ملهوڕانە خەریكی جێبەجێكردنی ستراتیژی شۆڤێنیانەی پاكتاوی نەژادی و سیاسەتی چەوتی تەعریب ‌و تەبعیس ‌و تەرحیل بوو بەرامبەر بەگەلی كورد.

 لەناوەندەكانی خوێندنیش سەرقاڵی سەپاندنی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عەرەبی و بەبەعسیكردنی پرۆگرامی خوێندن بوو، زمانی كوردی قەدەغەكرابوو، خوێندكارانیش رووبەڕووی هەڕەشەی ئەشكەنجەی جەستەیی ‌و دەروونی دەبوونەوە.

لەو دۆخە نالەبارەدا، كە سزای دامەزراندنی هەر رێكخراوێكی پیشەیی ‌و سیاسی لە سێدارەدان و زیندانیكردن و ئەشكەنجە بوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رچەشكێنییەكی تری كردو كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانی دامەزراندو ئومێدێكی تری دایەوە بەخوێندكاران بەتایبەتی و گەلی كوردستان بەگشتی و لەماوەیەكی دیاریكراودا، زانكۆ و پەیمانگا و ناوەندەكانی خوێندن بوون بە شوێنی چالاكی و جموجوڵی كۆمەڵەی خوێندكاران.

كۆمەڵەی خوێندكاران لە خەباتی بەگژاچوونەوەی بەعسی داگیركاردا، لەناو شارەكاندا سكرتێرو ئەندامە شەهیدەكانی و تێكۆشەرانی لە زیندان و چالاكی و  ڕابەرایەتیكردنی ناڕەزایەتییەكان دژی بەعس، بەڵگەی سەلماندنی رۆڵی مێژوویی ئەم رێكخراوەیە لە رۆژانی سەختی خەبات دژی داگیركەران. هەركات یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  و شۆڕشی نوێ، رووبەڕووی تەنگانە بووەتەوە، كۆمەڵەی خوێندكاران سەدان كادیری لە بوارە جیاجیاكاندا، بۆشاییەكانیان پڕكردۆتەوە و دەیانیشیان هەڵكەوتوون و توانیویانە وەك سەركردەو فەرماندەو كادری پێشكەوتوو لە شۆڕشی نوێ‌ ‌و یەكێتی-دا، رۆڵی مێژووییان هەبێت.

لە خەباتی دیموكراسی و رێكخراوەیی دوای راپەڕینیش، كۆمەڵەی خوێندكاران  پێشەنگی نوێخوازی و نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی خوێندكاران بوو، یەكەم رێكخراوی خوێندكاری بوو، داوای گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن و پاكتاوكردنی لە بیر و پرۆگرامی دواكەوتووانەی داگیركەران كرد‌ و دروشمی (خوێندنی هاوچەرخ)ی بەرزكردەوە و هەوڵ و تێكۆشانی درێژەپێدا بۆ گۆڕینی سیستمی كۆنی خوێندن لەژێر كاریگەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵەی خوێندكاران، ئەو كات، كە وەزارەتی پەروەردە لەسەر پشكی یەكێتی بوو، یەكەمین كۆنفرانسی پەروەردەیی رێكخست و بڕیاری گۆڕانكاریی لە پرۆگرامی خوێندن درا.

كۆمەڵەی خوێندكاران پێویستە شانازیی بەو دەستكەوتە پیشەیی‌ و دیموكراسیانەوە بكات، كە لە دوای راپەڕین بە پاڵپشتی سەرۆك و رابەری مێژوویی و دامەزرێنەری دێرینی خەباتی خوێندكاریی كوردستانی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەدیهێنا بۆ خوێندكاران و پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە كوردستاندا.

ئێستاش دوای (45) ساڵ، كە یادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەكەینەوە، رابردووی پڕ لە سەروەریی ‌و رچەشكێنی دەبینین، وەك چۆن ئێستا و داهاتوویەكی پڕ لە ئەرك و بەرپرسیارێتی چارەنووسساز دەبینین، كە پێویستە كۆمەڵەی خوێندكاران بەڕەچاوكردنی گۆڕانكارییەكان و هەڵسەنگاندنی پێویستییەكانی خەباتی قۆناغی نوێ‌، خۆی سازبدات و وەك هەمیشە پێشەنگی راپەراندنی ئەركە سەختەكان بێت.

داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی خوێندكاران، گەڵاڵەكردنی چارەسەر و رێگای نوێ‌ بۆ كاراكردنی پرۆسەی خوێندن و سڕینەوەی ئەو دەرهاویشتە سلبیانەی بەهۆی پەتای كۆرۆنا و بایكۆتی خوێندنەوە روویانداوە، پەرەپێدانی ناوەندەكانی خوێندن و تاقیگە و هۆڵی خوێندنی هاوچەرخ و چارەسەركردنی كێشەكانی بەشە ناوخۆییەكان و پەرەپێدانی توانای زانستیی خوێندكاران و دەستەبەركردنی هەلی كار بۆ دەرچوان، لە ئەركە سەرەكییەكانی كۆمەڵەی خوێندكارانن. سەرباری ئەوەی پێویستە رۆڵی خۆی لە خەباتی دیموكراسی ‌و رێكخراوەیی پەرەپێبدات و بەشداریی كارابكات لە پێشكەوتنی كوردەواریدا.

-پیرۆزبێت یادی (45) ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكاران.

-سڵاو لە رۆحی پاكی شەهیدان، لە شەهیدان و تێكۆشەرانی رەوتی خەباتی خوێندكاری لە كوردستان و لە تێكۆشەرانی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان.

 

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

٢٥/٤/٢٠٢١

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket