riklam

هاوسەرۆكی یەكێتی: قەرەبووی مادی و مەعنەویی قەڵادزێییەكان بكرێتەوە

جینۆساید‌‌ 09:49 AM - 2021-04-24
.

.

لە یادی 47 هەمین ساڵیادی كارەساتی بۆمبارانكردنی شاری قەڵادزێدا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، یەكێتی بەردەوام دەبێت لە خزمەتكردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن و خەڵكە قارەمان و تێكۆشەرەكەی، داواكارین حكومەتی فیدراڵیش‌ قەرەبووی مادی و مەعنەویی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیانلێكەوتووان بكاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەش بەو ناوچەیە بكات و داواكارییەكانی خەڵكەكەی جێبەجێ بكات.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی لە یادی بۆردوومانكردن و ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی قەڵادزێ

ئەمڕۆ بە شكۆوە یادی شەهیدانی هەردوو تاوان و مەرگەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی و ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی ئەو شارە خۆڕاگرە دەكەینەوە و یاد و یادەوەرییان بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدە نەمرەكان دادەنەوێنین.

٤٧ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٤ـی٤ـی١٩٧٤ شاری قەڵادزێی خۆڕاگر و زانكۆی سلێمانی له ‌لایەن فڕۆكە مەرگچێنەكانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوه بە چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتیی (ناپاڵم) بۆمباباران كران و ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی مەدەنی و بێ دیفاعی قەڵادزێ و خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی كە ئەوكات لە قەڵادزێ بوو شەهید و بریندار بوون. پاشان لە ٢٤ـی ٤ـی١٩٨٢ لە هەشتەمین ساڵیادی بۆردوومانەكەشدا خەڵكە قارەمانەكەی ئەو شارە خۆڕاگرە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بۆردوومانی شارەكە و بەگژداچوونەوەی زوڵم و زۆری ڕژێمی بەعس خۆپیشاندانێكی گەورەی جەماوەرییان ئەنجامدا لە دژی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین، بەڵام له ‌لایەن ئەمن و ئیستخباراتەكانی بەعسەوە بە گوللە وەڵامدرانەوە و لە ئەنجامدا دوو ژنی قارەمان بە ناوەكانی (دایكە ئامینە و خوشكە سنەوبەر) شەهید بوون و دەیانی تریش برینداربوون و سەدان كەس زیندانی كران.

دواتر لە ساڵی ١٩٨٩، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵكە نەبەرد و خۆڕاگرەكەی ئەم شارە دوو جار شەهیدە ‌بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگاكان لە هەولێر و سلێمانی، دواتر بە پیلانی بەعس و بێبەزەییانە شارەكەیان كاول و وێران كرا و لەگەڵ زەویدا یەكسان كرا.

ئەم تاوانە دڕندە و نامرۆڤانەیەی ڕژێمی لەناوچوو هاوشێوەی تاوانەكانی تری ئەنفال و كیمیابارانكردن بوو كە لە چوارچێوەی جینۆسایدكردن و لەناوبردنی گەلی كورد ئەنجامیدا تەنیا لەبەر ئەوەی ناسنامەی كوردبوونیان هەڵگرتبوو.

لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتكردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن و خەڵكە قارەمان و تێكۆشەرەكەی، داواكارین حكومەتی فیدراڵی‌ قەرەبووی مادی و مەعنەویی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیانلێكەوتووان بكاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەش بەو ناوچەیە بكات و داواكارییەكانی خەڵكەكەی جێبەجێ بكات.

سڵاو لە ڕۆحی پاكی شەهیدانی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket