riklam

رۆژنامەنوسان چی بڵێن و کێ بە رۆژنامەنوس بزانن؟

بیروڕا 08:34 PM - 2021-04-22
.

.

بۆ  یادی  سەدو بیست و سێ ساڵەی  رۆژنامەگەریی کوردیی ، رۆژنامەنوسان چی بڵێن  و کێ بە رۆژنامەنوس بزانن؟

مقداد بەگ  و بەدرخانییەکانی  تر  ،  لە  ھیچیان کەم  نەبو   ئەیان توانی  بازرگانیی  بکەن  ، لە کاری  حکومەتیدا  بەشداریی  بکەن  یان  بۆ خۆیان  ژیانێکی   ئاسایی  بژین  ، بەڵام   خەمی  نەتەوەکەیان  خستە  ریزی  پێشەوە  و  ئەو  وەرچەرخانە  گەورەیەیان ھێنایە  کایەوە  بۆ ھوشیار کردنەوە  بەرپا کردنی  شۆڕشی بیر و فکر  ، وەک  چۆن  رەوانشادی  مەزن  ئەحمەدی  خانی  مەم و زینی  کردە بیانوی مەزڵومیەتی کورد  و  ھاندانی  کورد  بۆ ئەوەی  ببنە  خاوەنی  خۆیان  . 

کاروانی  بەدرخانیەکان  درێژەی  پێدرا  ،لە روناھی  و  ژین و ژیان و گەلاوێژەوە  بگرە  تا   رزگاریی و  خەبات  و  برایەتیی و بیری نوێ و رۆشنبیریی نوێ و  کاروان و چەندینی  تر تا  کوردستانی نوێ   ئەو رێچکەیەیان گرت  لە  پێناوی  ئامانجە  گەورە  و سەرەکییەکەدا ، دواتریش  لەگەڵ پێشکەوتنی  تەکنەلۆژیا دا  رادیۆ  و تەلەفزیۆنەکان وسایتەکان   ھاتنە  مەیدان  بۆ  تەواوکردنی ئەرکە  

مێژوییەکە  شانبەشانی  رۆژنامە و گۆڤاری  کاغەزین .لەگەڵ  ئەو پێشکەوتنەدا  رۆژنامە گەریی کوردیی لە بری  برەو دان بە  کاروانەکە ،لە بری  ھەنگاو نان بەرەو پێش  شانبەشانی  پێشکەوتنی  کلتور و روناکبیریی لە جیھان دا ، کەچی بەھۆی  ئەو زۆریی و بۆرییەی  کەناڵ و سایت  و سۆشیال میدیاوە پاشە کشێی کردوە و   بۆتە سەکۆی  شەڕە  جنێو  ، ناو زڕاندن ، شێواندنی  ھەمو  مۆڕاڵەکان ،شکاندنی سنوری  پیشەیی  رۆژنامەگەریی . بەرپرسیاری  یەکەم  و  کۆتایی  حزبە سیاسییەکانن  بە  دیاریکراوی ی ن ک و پ د ک  کە  رۆژنامەی  سێبەریان دروستکرد  بۆ  برەو دان بە  ناکۆکیی  بە  نھێنی  و درێژەدان  بە  شەڕی  ساردی نێوانیان  و  ھێرش کردنە سەر یەکتر  بێ  ئەوەی  بەرپرسیاریەتییەکە  لە ئەستۆ بگرن . تەنیا  سەرۆک  مامجەلال  دژی  ئەم  پەنھانییە بو   کەیفی  بەمجۆرە  کارە نەبو  بۆ  ئیدارە دانی  ململانێکان  ،ھەمیشە  ئۆرگانەکانی  میدیای  خودی  حزبەکەی  بە  گرنگ  زانیوە  بۆ رەخنە  و قسەکردن و  ئیدارەدانی  ململانێ سیاسییەکان تەنانەت ناوخۆی  حزبیش ، بەڵام  زۆربەی  ئەوانیتر  وا بیریان نەئەکردەوە ، ئەمەش بوە  فاکتەرێک  کە  دەیان  رۆژنامە و دواتر  سایت  و  دواتریش کەناڵی  تەلەفزیۆنیی  دروست  بن ،کە  رۆژ بەرۆژ  باری  رۆژنامەگەریی  بەرەو  خراپی بچێت  و ئیتر  بەھاو  نەریتەکانی  رۆژنامەگەریی   بەرەو  داڕوخان بچن . 

ئێستا ئەوەی  پێی  ئەوترێت  میدیا و ئازادیی  را دەربڕین  ھیچ پەیوەندیی  بە  رۆژنامەگەریی یەوە  نیە  و  بوەتە  گەڕەلاوژێ و پاشا گەردانی  و بە لا رێ بردنی  خەڵک و ھەرکەس  بۆ خۆی  . جگە  لە   کەناڵە  بەرپرسیارەکان  کە  ناسنامەیان دیارە ، پەیامی  ئەوانیتر  چین ؟!

ئەوەی بەندە  بەدیم کردوە   پەیامی  پۆرت  شکاندن ، جنێو فرۆشیی ، سوکایەتیکردن بە پێودانگە  رەسەنەکان ،  رژاندنی  ژەھری دواکەوتویی و رق و کینە و  بوغزاندنی  یەکتر  و تێکدانی  میزاجی  کوردەواریی  چاندنی تۆوی  و دوبەرەکیی  و رق   لەیەکتر زیاتر  ھیچیان تۆمار  نەکردوە  !  ئەوە لەوێ  بوەستێت کە  زمانی راگەیاندن  لە سایەی  ئەم  زۆرو بۆرییەدا  بە تەواوەتی  شێواوە . 

پەرپرسیارانی ئەم  شێواندنەی رۆژنامەگەریی کە  سەرە گەورەکانی  سیاسەت  و بەڕێوە بردنن  لە ھەرێمی  کوردستان( لە  پێشەوایان حزبەکەی  خۆم) ، پێویستە پێیان خۆش  بێت  یا نا !     ئەوان لە  ئەنجامی ئەو سیاسەتەیاندا  نەوەیەکیان پێ گەیاندوە  کە وا بزانن رۆژنامەگەریی  و رۆژنامە نوسیی و ئازادییەکان ،یانی   (بێ مۆڕاڵی ، ھەڵچون و قسەی ناشرین ،خۆ سەپاندن ، جنێو  فرۆشیی و زمان زبریی  ،قسە ھەڵبەستن و درۆ کردن و تۆمەت بەشینەوە)یە، لە سایەیدا کۆمەڵێک فێڵ باز و پارە پەیدا کەر دروست بون ، لە سایەیدا  ھەمو  خەڵکیان وا فێر کرد  و راھێنا  کە بەو جۆرە لە  پیشەکە  بگەن  و ئەو شێوازە  بە راست بزانن ،بۆیە پاڵەوان  و ئەستێرەکانی ئەم  بەحساب میدیایە یان قسە کەرەکانی  ناو  ئەم میدیایە  ببن  بە  کەسایەتی گرنگ  ، پەرلەمانتار   ،سەرکردە ، رابەری سیاسیی و دینییش، ھەرکەسێکیش  وشەی  درۆی بێ  بەڵگەی  ریز کرد  و وروژاندنی  ھەستی  بەرامبەری  دروستکرد  رۆژنامەنوس بێت  ، ھەرکەسێکیش بە خەیاڵی  خۆی  واقیعێک دروست  بکات   ناو بنرێت چاودێر ، دیارە  سەرەنجام  سیحرەکە  بەسەر  سەرانی  سیاسیدا شکاوەتەوە  کە ھەر یەکەیان  خاوەنی   چەندین  سایت  و تەلەفزیۆن و پەیج و فەیسبوکن   کە لە پارەی  خەڵک   وەگەڕ خراون ، شەڕە  جنێوەکانی   ئەم چەند  ساڵە  بەڵگەی  زیندوی ئەو واقیعە تاڵەن  کە  روبەڕوی  رۆژنامەگەریی  کوردیی  بوەتەوە  ،سەرەنجام  رەخنەی  جدیی (لە  دەسەڵات ،لە ئایین ، لە دیاردە  و حاڵەتە  کۆمەڵایەتییەکان )، ھوشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی  و  ئاشنا  بون  بە  پێشکەوتنە  کلتوریی  و روناکبیرییەکانی  جیھانی  پێشکەوتو  ، ون بون   و لە ناو چون .کەواتە  پێویستمان  بە شۆڕشێکی  روناکبیرییە  بۆ  راستکردنەوەی ئەم  بارە  لارەی  رۆژنامەگەریی  کوردیی  

، تا  رۆحی مقداد  بەدرخان  و  پیرەمێرد  و سەدان رۆڵەی  ھەڵکەوتوی تری  رۆژنامە گەریی  کوردیی  شاد  بکەینەوە.

بەرزان عوسمان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket