riklam

کۆسرەت رەسوڵ: ئازادی رادەربڕین مەترسی لەسەرەو رۆژنامەنوس دەستگیردەکرێت

ی.ن.ک‌‌ 04:11 PM - 2021-04-22
.

.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسان دەکات و دەڵێت بە پێویستی دەزانم لەم ڕۆژەدا حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ باشترکردنی دۆخی رۆژنامەنووسان و فراوانترکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین.

پەیامی کۆسرەت ڕەسول عەلی لە سەدو بیست و سێهەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی

یادی ١٢٣ ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێکی کورد پیرۆز دەکەم و ئاواتەخوازم ئەم یادە ببێتەوە دەستپێکێکی گرنگ بۆ پابەندبوونی ڕاگەیاندنەکان بەئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و دوورکەوتنەوە لە زمانی تەشهیرو هاندانی توندوتیژی.

١٢٣ ساڵ لەمەوبەر، لە ئاوارەیی و غەریبی میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی دەرکرد، لەوساوە بۆ ئەمڕۆ کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی بەردەوامە، سەرباری قۆناغە جیاوازەکان و داگیرکاری و چەوسانەوەی گەلەکەمان، ڕۆژنامەگەری کوردی بەردەوام بوو و توانی ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت.

ئەمڕۆ کە ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان و رۆژی رۆژنامەگەری کوردی دەکەینەوە، بەداخەوە میدیای کوردی بە دۆخێکی نەخوازراوو سەختدا تێپەڕدەبێت، لەلایەک بەشێک لە میدیاکان وەک پێویست پابەند نین بە پەیڕەوکردنی ئیتیک و بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی، لە لایەکی تر دۆخی ئازادی رادەربڕین لە ئاستی پێویست نییە و هێشتاش مەترسی لەسەر هەیە.

بە پێویستی دەزانم لەم ڕۆژەدا حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ باشترکردنی دۆخی رۆژنامەنووسان و فراوانترکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین، بە جۆرێک هیچ ڕۆژنامەنووسێک لەسەر رای جیاواز سزا نەدرێ و دەستگیر نەکرێت، هاوکات ئەرکە لەسەر ڕۆژنامەنووس و میدیاکان بەوپەڕی پابەند بوون بە بنەماکانی کاری میدیایی و پیشەیی بوون کاربکەن و نەبنە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان و شکاندنی ئەم و ئەو.
هەروەک بە پێویستی دەزانم داوا لە سەرجەم میدیا حزبییەکان بکەم بە گیانی بەرپرسیارانەی دوور لە تەشهیرو ناوزڕاندن، بە پابەند بوون بە ئەخلاقی پیشەیی کاربکەن و ململانێ سیاسییەکان بۆ لێدان و شکاندنی کەسایەتی کەس بەکارنەهێنن، پابەند بن بە بەهاو پرەنسیپە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان.


کۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket