riklam

میدیایی شەڕەنگێز یان بەرپرسیار ؟

بیروڕا 11:03 PM - 2021-04-19
.

.

رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لە چەند رۆژی رابردوو لە هەرێمی كوردستان قۆناغ و دۆخی سروشتی تاوانیان تێپەڕاندووە و بوونەتە دیاردەیەكی مەترسیدار بە تایبەت رووداوی خۆكوشتنی گەنجان ,

لەم بابەتە هەستیارەدا زۆرینەی میدیاكان كەوتوونەتە هەڵەیەكی كوشندەوە بەشێكیان بێ پلان و بەشێكی تر بۆ كۆكردنەوەی بینەر و لایك و كۆمێنت و راكێشانی سەرنجی خەڵك بۆ پرسێك كە جگە لە زیان هیچ سودێكی بۆیان نیە, ئەمە جێگەی تێڕامان و پرسیارێكی جدییە ؟ وەڵامەكەی هەرچییەك بێت هێندەی دڵۆپێ خوێنی گەنجێكی خێرنەدیوی ئەم نیشتمانە بایەخی نیە , ئەوە هەواڵ نیە هاندان و نەخشەی پلان بێت بۆ لێسەندنەوەی رۆحی خەڵكانێك كە خۆیان قوربانی دەستی ئەم رۆژگارەن, رۆژگارێك كە جگە لە پەراوێز خستن هیچ رۆڵێكیان تێدا نییە , ئەوان بە كاریگەری ئەو ژینگە پڕ لە گێژاوەی تێیدا دەژین تەنیا چەخماخەیەكیان دەوێت بۆ گڕگرتن , لەم نیشتمانەدا ئەوەی لێمان كەم نیە كێشەو گرفت و هەژاری و بەدبەختی و دەردەسەرییە, دەمی هەر كەسێك دەكەیتەوە دنیایەك مەراق و خەم و بێزاری لە هەناویدایە , خۆی دۆخەكە ئەوە هەڵناگرێت راگەیاندنی نا پیشەیی و نا بەرپرسیار بەنزین بەم ئاگرەدا بكەن,

دەبوو میدیایی كوردی لەم كاتەدا كە سەدان كێشەو گرفتی دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی وەك تەون بەرۆكی ئەم میلەتەی گرتووە, لە بری بڵاوكردنەوەی هەواڵی كوشتن و تۆقاندن , بە پلان و بەرنامەی گشتی و هۆشیاری خەڵكیان لەم قەیرانە بە ئاگا بهێنایەتەوە و بەو كاریگەرییەی كە هەیانە ئاوێكیان بەو ئاگرەدا بكردایە كە خەریكە هەموو ماڵێكی كورد دەتەنێت , ئەمە كاری راگەیاندنە نەك ئەوەی بەشێك بەناو میدیای كوردی ئێستا دەیكات, لە هەر گۆشەیەكەوە تەماشای رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بكەیت تێدەگەیت كۆمەڵگەی كوردی كەوتووەتە قەیرانێكی گەورەی كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەردنی خێزان "پیاو هاوسەر , باوك كچ, دایك جەرگی خۆی , كوڕ باوك و ژن هاوسەری خۆی و تا..... دەكوژێت ؟ ئەمە رووداوگەلێكی مەترسیدارن و ئاسایی نین , ئەگەر بە پلان و تێڕوانینێكی نیشتمانیەوە بەر بەم رووداوانە نەگیرێت كۆمەڵگەی كوردی بەرەو لێكترازان و داڕمانی زیاتر دەڕوات , ئەو كاتە هەموومان چارەنوسمان دەبەسترێتەوە بەو كەشتیەی كە لە لێواری نخرۆ بوندایە ,

جاران ئەگەر لە ناوچەیەك رووداوێكی هاوشێوە رووی بدایە خەڵك دنیایان لێ كاول دەبوو , هەزار و یەك پرسیار لە مێشكی خەڵكدا دروست دەبوو ؟ بەڵام ئێستا میدیاكان كارێكی وایان كردووە هەموو كەسێك گەورەو بچوك ئەم رووداوانەیان لا ئاسایی بووەتەوە و هیچ شتێك رایان ناچەڵەكێنێت ,

بڵاوكردنەوەی چیرۆكی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لەلایەن بەشێك لە میدیاكان بە تەواوی ووردەكاری و زانیارییەكانەوە و بە بێ هیچ سانسۆرێك تەواو هاندەر بووە دەیان و سەدان كەسی تر بەهەمان سیناریۆ كۆتایی بەژیانی خۆیان بهێنن,

رووداوەكانی ئەم چەند رۆژە گەورەترین بەڵگەن لەسەر ئەو هەڵەگەورەیەی كە میدیای كوردی تێی كەوتووە تەنیا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین رووداوی ناخ هەژێن و نامۆ بە دابونەریتی كوردەواری روویان داوە , ئەمە رێك ئەو قەیرانەیە كە میدیایی كوردی تێی كەوتووە و هەندێك میدیا بەبێ رەچاوگرتنی لایەنی كۆمەڵاتی و دەروونی خەڵك, دێن رووداوەكان بە ووردەكاری تەواوەوە دەخانە سەر شاشەی تیڤی و دیواری سۆشیال میدیا و دەڵێن: لە فلان ناوچەو گەڕەك "كچێك لە ماڵەكەی خۆیدا بە لەچكەكەی خۆیی بە پانكەی ماڵەكەیاندا خۆی هەڵواسی و خۆی خنكاند"؟ تەنیا چەند كاتژمێرێك دواتر بەكاریگەری ئەو رووداوە گەنجێكی خێرلەخۆنەدیوی تر كە نەهامەتی و تاڵ و سوێرییەكانی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیوە و ئومێدێكی ئەو تۆی بۆ نەهێشتووەتەوە لەژێر كاریگەری هەمان رووداو و سیناریۆ دەبێتە قوربانی بیر تەسكی بەڕێوەبردنی میدیای كوردی ,

لە كاتێكدا كە بەبێ خواستی خۆمان مەرگ لە شاشەكانەوە دەخزێنرێتە ماڵەكانمان , هۆشیاری و بەرپرسیارێتی تاك و خێزان رێك لەم كاتەدا دەردەكەوێت , تاكەی دەتانەوێت بەدیار ئەو شاشەو سۆشیال میدیانەوە كاتی خۆتان بەفیڕۆ بدەن كە بەبێ رەچاوگرتنی بنەما ئەخلاقی و پیشەییەكان رووداوەكانی مەرگ و كوشت و تراژیدیا دەخزێننە نێو ماڵەكانتان ؟ لەئەگەری بەردەوام بونی ئەم قەیرانە چاوەڕێی كارەساتی گەورەتر بن .

مەریوان عەبدوڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket