riklam

دهۆك..لەبەر واسیتە ڤاكسینی فایزەر بەر خەڵك ناكەوێت

کوردستان 06:04 PM - 2021-04-16
.

.

لەدهۆك بەواسیتە لێپرسراوان ڤاكسینی فایزەریان وەرگرتوەو ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێكەوتوەتەوەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوەو گرتەیەكی ڤیدیۆیش بڵاوكراوەتەوە كە لەخۆشخانەی ئازادی دهۆك ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز وەستاون و دەوترێت ئەوانەی لێپرسراوانە بۆ وەگرتنی ڤاكسین هاتوون.

لەچەند رۆژی رابردودا دوای گەیشتنی یەكەم بەشە ڤاكسینی فایزەری ئەمریكی بۆ پارێزگای دهۆك كە هەزارو 170 ژەمە بۆ سەنتەری پارێزگاكەو هەزارو 170 ژەمیش بۆ سنوری قەزای ئاكرێ قەرەباڵغی لەناوەندەكانی پێدانی ڤاكسین سەریهەڵداوەو هاووڵاتیانیش دەڵێن لەپێدانی ڤاكسینی فایزەردا دەستكراوە بەواسیتەكاری.

پەیامنێرمان لەدهۆك باس لەوەدەكات كە هاووڵاتیانی پارێزگاكە ناڕەزای خۆیان لەوە دەربڕیوە كە بۆ پێدانی ڤاكسینی فایزەر لێپرسراوان جگە لەخۆیان كەسوكاریشیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە ناوەندەكانی وەرگرتنی ڤاكسین تا ئەوانیش ڤاكسینی فایزەر وەربگرن.

وەرگرتنی ڤاكسینی فایزەر لەلایەن لێپرسراوانە لەلایەن بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسنوری پارێزگای دهۆك ناڕەزای گەورەی لێكەوتوەتەوەو دەڵێن وەرگرتنی ڤاكسینی فایزەری كۆرۆنا لەبەر لێپرسراوان بەر هاووڵاتیانی ئاسایی ناكەوێت، بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیش كە دەست PUKmedia كەوتوەو كەسێك ناو نەخۆشخانەی ئازادی دهۆكی تۆماركردوە، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز لەناو نەخۆشخانەكە وەستاون و ئەو كەسەی گرتە ڤیدیۆیەكەی گرتوە دەڵێت وەرگرتنی ڤاكسین لەبەر لێپرسراوان بەرناكەوێت.

د.ئەفراسیاب موسا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك نایشیارێتەوە كە خواستێكی زۆر لەسەر وەرگرتنی ڤاكسینی فایزەر هەیەو قەرەباڵغی دروستكردوە، دەشڵێت: هەندێك كەس كە ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە تۆماركردوە لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینەكەدا جگە لەخۆیان كەسوكاریشیان لەگەڵ خۆیان دەبەن  بەبێ سەرە ڤاكسین وەردەگرن.

دوای ئەو ناڕەزایەتییەی لەسەر واسیتەو پێشخستنی لێپرسراوان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەسنوری دهۆك سەریهەڵداوە، لەسەر ئاستی باڵا لێپرسراوانی هێناوەتە دەنگ، عەلی تەتەر پارێزگای دهۆك دەڵێت: دەبێت لەسەرەتادا كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی یارمەتیان دەدەن ڤاكسینەكە وەربگرین، دواتریش ئەوانەی مامەڵەی رۆژانەیان لەدامودەزگاكان لەگەڵ خەڵكدا هەیە وەك دادوەرو بەڕێوەبەرەكان، مامۆستایانی زانكۆو كەسانی تر، بەڵام رێگە نادەن بەواسیتە خەڵك ڤاكسین وەربگرێت.

هاوكات ناڕەزایی هاووڵاتیانی لەسەر ئەوەی بەواسیتە لەو پارێزگایە ڤاكسین وەردەگیرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی هێناوەتە سەر هێڵ و پارێزگارو لێپرسروانی تەندروستی ئاگادار كردوەتەوە كە رێگە بەهیچ كەسێك نەدەن بەواسیتە ڤاكسینەكە وەربگرێت، بەبێ ئەوەی سەرەی خۆی نەبێت.

پێشتریش كاتێك كە بەشە ڤاكسینی جۆری ئەسترازینیكا گەیشتوەتە پارێزگاكە خەڵك بەو شێوەیە سەردانی ناوەندەكانی وەرگرتنی ڤاكسینی نەكردوە، بەڵام دوای گەیشتنی ڤاكسینی فایزەر بەهۆی واسیتەی لێپرسراوانەوە ناڕەزای خەڵكی لێكەوتوەتەوە.

PUKmedia بەیار ئامێدی – دهۆك 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket