riklam

باڵەخانەی تازەی پزیشكی ددان و دەرمانسازی لە زانكۆی كۆمار لە سلێمانی دەكاتەوە

کوردستان 09:16 PM - 2021-04-15
.

.

لەمیانی كردنەوەی باڵەخانەی هەردو كۆلێژی پزیشكی ددان و دەرمانسازی و كلینیكی پزیشكی ددان لە زانكۆی كۆمار بۆ زانست و تەكنەلۆجیا،و كۆبونەوە لەگەڵ زانكۆی قەیوان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: پێویستە كارو چالاكییەكانتان لەسەر بنەمای پاراستن و گەشەپێدانی كواڵێتی خوێندن و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و پاراستنی بەهاكانی خوێندن و فێربون بێت لە هەرێمی كوردستان.

سلێمانی – هەرێمی كوردستان – عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێكەوتی (2021/4/15)  بەئامادەبونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بریكاری وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆ حكومی و تایبەتەكان و مامۆستایان، لە ڕێورەسمێكدا باڵەخانەی تازەی پزیشكی ددان و دەرمانسازی و كلینیكی پزیشكی ددان لە زانكۆی كۆمار بۆ زانست و تەكنەلۆجیا لە سلێمانی كرایەوە.

باڵەخانەی تاقیگەو كلینیكی پزیشكی ددان لەسەر روبەری ٢٥٠٠ مەتر دوجا دروستكراوە كە هەشت كلینیكی ددان و تاقیگەی شیكاری خوێن لەخۆ دەگرێت، باڵەخانەی پزیشكی ددان لەسەر ڕوبەری ٣٠٠ هەزار مەتر دوجا دروستكراوەو شەش تاقیگەو پێنج هۆڵی خوێندن و تاقیگەی كۆمپیوتەرو هۆڵی كۆنفرانس بە توانای ٢٢٠ كورسی لەخۆدەگرێت، هەروەها باڵەخانەی دەرمانسازی لەسەر ڕوبەری ١٢٦٠ مەتر دوجا دروستكراوەو لە دو نهۆم پێكهاتوەو بریتیە لەهەشت تاقیگەو شانزە هۆڵی خوێندن و ٣٤ ئۆفیسی مامۆستاو ڕاگرو سەرۆك بەش، بڕی تێچوی هەردو باڵەخانەی پزیشكی ددان و دەرمانسازی و كلینیكی پزیشكی ددان و تاقیگەكان زیاتر بوە لە هەشت ملیۆن دۆلار.

دواتر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوان سەرجەم بەش و هۆڵ و تاقیگەكانی لە زانكۆی كۆمار بەسەركردەوەو دەستخۆشی لە سەرۆك و ستافی زانكۆ كردو هیوای خواست بۆ خزمەتكردن و پەرەپێدانی ڕەوشی خوێندن لە هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی كوالێتی و ئاستی زانستی لەهەرێمی كوردستان درێغی نەكەن.

لە وتەیەكیشدا د. سەڵاح سەعید سەرۆكی زانكۆی كۆمار، ئاماژەی بە هەوڵەكانی زانكۆ كرد بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی زانكۆكەو بەرزكردنەوەی ئاستی ئەكادیمی، كە دروستكردنی باڵەخانەو ژینگەی هاوچەرخی فێربون هاوكاردەبێت بۆ سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی.

لە لێدوانێكیشدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە زانكۆی كۆمار بۆ زانست و تەكنەلۆجیا كرد بۆ دروستكردنی باڵەخانەی شیاو و مۆدێرن بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆكە، لەبارەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ (٢٠٢٠-٢٠٢١) ڕایگەیاند: لەگەڵ بڵاوبونەوەی بەرفراوانی پەتای كۆرۆنا، رێكارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە پیادەكردنی سیستمی خوێندنی ئاوێتە بەسەركەوتوی بەڕێوەچو، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە دواین بڕیاری لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی، پرۆسەی خوێندنی بەكالۆریۆس لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی سیستمی خوێندنی ئاوێتە بەردەوام دەبێت، و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتو پرۆسەی وانەوتنەوە كۆتایی بێت و دواتر بەپێی تایبەتمەندێتی ساڵنامەی هەریەك لە زانكۆكان پرۆسەی تاقیكردنەوەكان دەستپێبكات.

لەدرێژەی سەردانەكەیدا بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە شاری سلێمانی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بریكاری وەزارەت و وەفدی یاوەری سەردانی زانكۆی قەیوانی كردو لەگەڵ شێخ فاخیر شێخ تەیب سەرۆكی دەستەی ئەمینداران و سەرۆكی زانكۆ و ستافی ئەكادیمی زانكۆی قەیوان كۆبۆوە.

لە وتەیەكدا وەزیری خوێندنی باڵا جەختی كردەوە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان كۆڵەكەیەكی گرنگن لەپرۆسەی پێگەیاندنی ڕۆڵەكانی كوردستان و بنیادنانی توانا مرۆیەكان، بۆ ئەمەش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختدەكاتەوە لە دروستكردنی هەماهەنگی ئەكادیمی لە نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەشی زانستی لەبوارە جیاجیاكان. 

وتیشی: پێویستە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان ببنە سەرچاوەی پاراستنی ڕەسانایەتی  و بەهاكانی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی لەم زانكۆیانە دەبێت لەسەر بنەمای كوالێتی و بنیادنانی كارامەیی و پەرەپێدانی توانای داهێنان و كارسازی بێت بۆ دەرچوان و ناوەرۆكی پرۆگرامەكانی خوێندنیش ڕەنگدانەوەی پێداویستیەكان و ئامادەكردنی گەنجان و لاوان بێت بۆ بازاڕی كاری كوردستان. بۆیە لەگەڵ ئەوەی زانكۆ تایبەتەكان مافی پشتیوانیان هەیە، لە هەمان كاتیشدا پێویستە ئەركەكانی سەرشانی خۆیان بە گیانی لێپرسراویەتیەوە جێبەجێ بكەن.

هەر لەوتەكەیدا د. ئارام محمد قادر دوپاتیكردەوە: زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان دەبێت ڕەچاوی بارودۆخی دارایی و ئابوری خەڵكی هەرێمەكەمان بكەن و لەڕوی كرێی خوێندنەوە كار ئاسانی بۆ خوێندكاران و قوتابیان و خانەوادەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی زیاتر و فراوانتر بۆ گەنجان و لاوان بڕەخسێنین و درێژە بەخوێندنی بەرایی بدەن. 

لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆكی دەستەی ئەمینداران و سەرۆكی زانكۆ ئاماژەیان بە هەوڵی زانكۆكانیان بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی زانستی و گرنگی دانی زیاتر بە ژێرخان و ژینگەی فێربون كردەوە، بەشێوەیەك هاوكاربێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمەكەمان.

 

PUKmedia بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا  

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket