riklam

سه‌ندیكای كرێكاران داوای یاسایه‌كی تازه‌ی كار بۆ كرێكاران ده‌كات

ریپۆرتاژ‌ 09:35 PM - 2021-04-14
.

.

سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان نه‌بوونی یاسایه‌كی سه‌رده‌می و تازه‌ به‌ هۆكارێكی گرنگ سه‌ره‌كی به‌رده‌م دابینكردنی مافی كرێكاران ده‌زانی و پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك یاسای كار  به‌كارده‌هێندرێت له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكیش پشتگیری له‌داواكه‌ی كرێكاران ده‌كات و ئاماژه‌ به‌هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌كات بۆئه‌وه‌ هه‌رێمیش ببێته‌ خاوه‌ن یاسایه‌كی تازه‌ و سه‌رده‌می كار.

حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان لێپرسراوی راگه‌یاندنی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان به‌  PUKmedia ی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان ماوه‌یه‌كه‌ داوای  هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كار یان  ده‌ركردنی یاسایه‌كی تازه‌ ده‌كه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 وتیشی: ئه‌وه‌ی تائێستا له‌ كوردستان كاری پێده‌كرێت یاسای كاری ژماره‌ 71ی ساڵی 1987ی عیراقه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا جگه‌له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق كار به‌و یاسایه‌ ناكرێت و هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو كار به‌ یاسای 37ی ساڵی 2015 ده‌كه‌ن كه‌ گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌هۆی نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ كار له‌ هه‌رێمی كوردستان كرێكاران له‌هه‌رێمی كوردستان له‌چه‌ندین ماف و شایسته‌ بێ به‌شكراون، بۆیه‌ مانه‌وه‌ی ره‌وشی كرێكاران له‌رووی یاساییه‌وه‌ به‌مجۆره‌ كاریگه‌ری خراپتری ده‌بێت له‌سه‌رپرۆژه‌كان و ژیان و گوزه‌رانی كرێكاران.

 له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌  شادی نه‌وزاد ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ PUKmedia وتی:  ئه‌وه‌ی سه‌ندیكای كرێكارانی باسی ده‌كن راسته‌، له‌هه‌رێم كار به‌ یاسایه‌ك ده‌كرێت له‌ به‌غدا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و كاری پێناكرێت ، بۆیه‌ له‌كاتی ئێستا وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌وڵی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسایه‌كه‌ بۆ ده‌كردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌كار له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 وتیشی: دوای ته‌واوبوونی ئاماده‌كارییه‌كان پڕۆژه‌كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌رێ، بۆئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی رابردوو به‌به‌شداری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و رێكخراوكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چه‌ندین سمیناروكۆنفرانس له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌كراوه‌.

راشیگه‌یاند: پرۆژه‌كه‌ چه‌ندین بڕگه‌ی تێدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌گونجێ‌و وڵامی داخوازییه‌كانی كرێكاران ده‌ده‌داته‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ ئامادكردنی ئه‌و پرۆژه‌یاسای سوود له‌ زۆربه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م ده‌گونجی و ره‌چاوی بارودۆخی ئێستای پرۆژه‌كان و سسته‌می كاركردن ده‌كات .

PUKmedia هه‌ولێر-  ته‌ها عه‌بدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket