riklam

هەرێم داوای زیادكردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكات

ئابوری 08:59 PM - 2021-04-13
.

.

وەزارەتی بازرگانی هەرێم داوا لەبەغدا دەكات رێژەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران زیاتر بكات، ئاماژەبەوەشدەكرێت بەهۆی پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی عیراق چاوەڕوان دەكرێت كێشەی دواكەوتنی پارەی گەنمی جوتیاران چارەسەربكرێت و لەساڵانی رابردوو باشتر بێت.

نەوزاد كامل بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێم تایبەت بە PUKmedia  ی راگەیاند: لەكاتی ئێستا ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی  عیراق بەهەرێمی كوردستانەوە لەلایەن حكومەتی فیدراڵ دەستی پێكردوە، چەندین كۆبونەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراوە.

 وتیشی: ئێمە لەهەرێمی كوردستان چاوەڕوانین بەرەسمی پلانی وەزارەتی بازرگانی عیراق بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران رابگەیەندرێت، تاكو  دەست بە ئامادەكردنی سایلۆكان‌و رێوشوێنە پێویستەكان بكەین.

بەرێوەبەر گشتیەكەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد: لە ساڵی رابردوو لەلایەن حكومەتی عیراقەوە تەنیا بڕی 390هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی كوردستان  وەرگیرا، ئەمەش زۆر كەمتر بوو لەو رێژەی بەرهەم هێندرا، بۆیە ئەمساڵ داوامان كردوە  رێژەكە بۆ 700هەزار تەن بەرز بكرێتەوە‌و سایلۆكانی كوردستان توانای  لەخۆگرتنی ئەو رێژەیایان هەیە.

 لەبارەی وەرگرتنی پارەی گەنمی جوتیاران  نەوزاد كامل وتی: لەكاتی ئێستا بڕیار لەسەرخەرجكردنی زۆربەی شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیارانی كوردستان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دراوە، پرۆسەی دابەشكردن بەردەوامە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارە جوتیاران و كەڵەكەبوونی پارەی ساڵانی رابردوو پێویستی بەكات هەیە.

تەئكیدیشیكردەوە: راستە پارەی ساڵانی رابردووی جوتیارانی كوردستان لە بەغدا ماوە و كاتەكەی دواكەوتووە بەڵام بەهۆی پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵ چاوەڕوان دەكرێت كێشەی دواكەوتنی پارەی گەنمی جوتیاران چارەسەربكرێت و لەساڵانی رابردوو باشتر بێت.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا- هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket