riklam

نەتەوە یەكگرتووەكان پیرۆزبایی مانگی رەمەزان لەموسوڵمانان دەكات

عیراق 05:20 PM - 2021-04-13
.

.

جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە ئاراستەی هاووڵاتیانی عیراق كردو جەختیشی لەسەر پێویستی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا كردەوە.

لەراگەیەنراوێكدا كە فەرمانگەی میدیای نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق(یۆنامی) ئەمڕۆ سێشەممە 13ی نیسانی 2021 بڵاویكردۆتەوەو وێنەیەكی دەست PUKmedia گەیشتووە، تێیدا هاتووە: وێڕای پیرۆزباییەكەی بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق هیوای ڕەمەزانێكی ئارام و تەندروستیش دەخوازێت.

ئەوە جارێكی تریش هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز لەناو رێكارە خۆپارێزییەكانی كۆڤید-١٩ و سەختی ئابووریدایە كە ئەویش بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆناوە زیاتر دژوار بووە. لەكاتێكدا ئەم ناخۆشییانە ئیرادەی ئێمە تاقی دەكەنەوە، پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت كە گیانی خۆمان و ئازیزانمان بپارێزین و نەشهێلین ئەم بارودۆخە بە نەرێنی كار لەم بۆنەیە بكات.

شایانی باسە رەمەزان مانگی ئاشتی و رەنگدانەوە و ڕۆژووگرتن و خواپەرستی و چاكەكردنە، ئەم جۆرە ئەزموونە هاوبەشكراوە دەبێتە مایەی لێكنزیكردنەوەی خەڵك، هەتا ئەگەر لەڕووی جەستەییشەوە نەبێت، بەوپێیەی ڕەمەزان لەلایەن تەواوی موسڵمانانی جیهانەوە بەگیانی هاوكارییەوە ڕێزی لێ دەگیرێت بەڵام بە هەوڵدانیش بۆ مانەوە بەشێوەیەكی تەندروست و سەلامەت.

 لە كاتی ئەم پەیامەشماندا، خۆشبەختانە پێكوتەكان (ڤاكسین) بەردەستن كە ئەوانیش هاوتەریب لەگەڵ رێكارە خۆپارێزییەكانی تر بەڵێنی داهاتوویەكی گەشتر دەدەن كە بتوانین بەهۆیانەوە بۆ سەردەمی رۆژانی ئاسایی بگەڕێینەوە و بەم شێوەش چەقی هەوڵەكانمان بخەینە سەر ئەو پرسانەی تر كە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە بەگرتنەخۆی بەهێزكردنی ئەدای ئابووری و نەهێشتنی جیاوازییە سیاسییەكان و باشكردنی رەوشی سەقامگیری و ژینگەشەوە.

بە یادكردنەوەی ئازیزانی لەدەستچوو و خانەوادە لێقەوماوەكانی دوور لە ماڵوحاڵ و كەسوكار و هەروەها ئەو خانەوادە هەژارانەی كە ئەم بۆنە پیرۆزە لەناو گرانیی تێچووی ژیانی ڕۆژانەدا بەڕێ دەكەن، پێویستە ئەم هەلە بۆ ڕەنگدانەوەی بۆنەكە و لێبووردن و گەر بكرێت چاكەكردن، بقۆزینەوە. ئێمە هەموومان لەڕووی مرۆییەوە خوشك و برای یەكترین بە چارەنووسی هاوبەش و ڕووبەڕووبوونەوەی هاوبەشانەی ئەو گرفتانەی كە پێویستیان بە چارەسەری هەموولایەك هەیە.

ئێمە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستە دەكەین و هیوای ڕەمەزانێكی ئارام و هاوئاهەنگ و تەندروستیش دەخوازین.
رەمەزانتان پیرۆز.


PUKmedia راگەیاندنی یۆنامی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket