riklam

هاوسه‌رۆكان: بودجه‌ له‌پێناو گه‌شه‌پێدانی ئابوری و باشتركردنی بژێوی خه‌ڵك به‌گه‌ڕبخرێت

ی.ن.ک‌‌ 03:23 PM - 2021-04-13
.

.

ئه‌مڕۆ  سێشه‌ممه‌ 13-4-2021، ھاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ده‌باشان پێشوازییان له‌ ماسیو توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و رۆب واڵه‌ر، كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم كرد.

 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كه‌دا دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌رووی سیاسی و ئه‌منی و ئابورییه‌وه‌ تاوتوێكرا، به‌تایبه‌ت مه‌ترسی پاشماوه‌كانی داعش له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه‌ و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عیراق و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی عیراق.

ھاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی كۆی روانین و پێشنیار و بڕیاره‌كانی یه‌كێتییان له‌باره‌ی پێشھات و پرسه‌كان خسته‌ڕوو،  به‌گرنگییه‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌ په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی عیراق و چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێم كرد. جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بودجه‌ له‌پێناو گه‌شه‌پێدانی ئابووری و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی و باشتركردنی بژێوی ژیان به‌گه‌ڕبخرێت و ئه‌م ھه‌نگاوه‌شیان به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوان ھه‌رێم و عیراق وه‌سفكرد.

ھه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ھاوسه‌رۆكان خواستی یه‌كێتیان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌كاتی خۆیدا و به‌ڕێوه‌چوونی ھه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد به‌ چاودێری ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردان كه‌ گوزارشت له‌ ئیراده‌ی ھه‌موو پێكھاته‌كان بكات. ئه‌م ھه‌نگاوه‌شیان به‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری سیاسی، ئاسایش، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی  له‌ قه‌ڵه‌مدا.

له‌باره‌ی جموجۆڵی پاشماوه‌كانی داعش بیروڕائاڵوگۆڕكرا و جه‌خت له‌ ھه‌ماھه‌نگی زیاتری نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراق له‌گه‌ڵ ھێزه‌كانی ھاوپه‌یمانان كرایه‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی تیرۆرستان و به‌رقه‌راركردنی ئارامی زیاتر بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی ویستی حزبه‌كه‌یان بۆ یه‌كریزیی و یه‌ك ده‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان دووپاتكرده‌وه‌ و به‌ خاڵێكی گرنگیان له‌قه‌ڵه‌مدا بۆ گه‌شه‌كردنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌.

هاوكات جه‌ختیان له‌ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یانه‌ بۆ به‌شداریكردن و به‌رێوه‌بردنی حكومه‌ت كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی زیاتر سه‌قامگیریی هه‌رێم و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ و خزمه‌تكردنی زیاتری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket