riklam

سەرۆك كۆمار مەرسومی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەردەكات

عیراق 06:35 PM - 2021-04-12
.

.

سەرۆك كۆماری عیراق لەكاتی دەركردنی مەرسومی كۆماری تایبەت بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: هەڵبژاردنی داهاتوو وێستەگەیەكی گرنگ و جیاكەرەوەیەو بەكۆڵەكەی قۆناغی داهاتووی عیراق دادەنرێت

ئەمڕۆ 12ی 4ی 2021 د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق مەرسومی كۆماری تایبەت بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی ئیمزاكرد كە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

سەرۆك كۆماری عیراق جەختیكردەوە هەڵبژاردنی داهاتوو وێستەگەیەكی گرنگ و جیاكەرەوەیەو بەكۆڵەكەی قۆناغی داهاتووی عیراق دادەنرێت، بۆیە پێویستە رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی، بۆیە زامنكردنی مافی دەنگدەران لە دیاریكردنی نوێنەرەكانیان دوور لە گوشار و دزینی دەنگەكانیان كارێكی هەرە لە پێش و سەرەكییە بەئاڕاستەی كۆتاییهاتنی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی رابردوو و چارەسەری كێشەكانی بژێوی ژیان و گوزەرانی خەڵك.

هەروەها سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە كە دوای دەرچوونی ئەم مەرسومە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە پابەندبن بە زەمینە خۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە تەواوی قۆناغە جیاوازەكاندا، بەجۆرێك كە دوور بێت لەهەر گومان و نیگەرانییەك كە لە رابردوودا هۆكاری سەرەكی بووە بۆ ناڕەزایەتی بەشێكی بەرفراوانی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان.

 

دەقی وتارەكەی سەرۆك كۆمار:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان 

بەپشتبەستن بە دەستوور، مەرسومی كۆماری تایبەت بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقم ئیمزاكرد، كە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی خۆی و راوێژ  لەگەڵ هێز و سەركردە سیاسی و چالاكە مەدەنییەكان.

هەڵبژاردنی داهاتوو وێستەگەیەكی گرنگ و جیاكەرەوەیەو بەكۆڵەكەی قۆناغی داهاتووی عیراق دادەنرێت، بۆیە پێویستە رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی، بۆیە زامنكردنی مافی دەنگدەران لە دیاریكردنی نوێنەرەكانیان دوور لە فشارو دزینی دەنگەكانیان كارێكی هەرە لە پێش و سەرەكییە بەئاڕاستەی كۆتاییهاتنی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی رابردوو و چارەسەری كێشەكانی بژێوی ژیان و گوزەرانی خەڵك.

دوای دەرچوونی ئەم مەرسومە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە پابەند بن بە زەمینە خۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە تەواوی قۆناغە جیاوازەكاندا، بەجۆرێك كە دوور بێت لەهەر گومان و نیگەرانییەك كە لە رابردوودا هۆكاری سەرەكی بووە بۆ نارەزایەتی بەشێكی بەرفراوانی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان.

لەم چوارچێوەیەدا هەماهەنگی نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارێكی پێویستە بۆ چاودێری و پاك و بێگەردی هەڵبژاردن و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆی خەڵك.

من دەزانم ئاستەنگی زۆر لەپێشە، بەتایبەت گەر پەتای كۆرۆنا تا ئەوكات بەردەوام بێت، ئەمە جگە لە ئاستەنگی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و گرفتەكانی دیكە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا پشت ئەستورین بە هوشیاری خەڵك و توانای هێزە ئەمنیەكانمان كە پارێزگاری هەڵبژاردنەكان و دەنگدەران بگرنە ئەستۆ.

مافی هەموو خەڵكی عیراقە سود لەخێروبێری وڵاتەكەیان ببینن و دوودڵ نەبن لە ژیان و بژێوی خۆیان و خێزانەكانیان، لەم پێناوەدا پێویستە بەئاڕاستەی چاكسازی راستەقینەو دوور لە ترس و دڵەراوكێ كەشوهەوای هەڵبژاردنێكی ئازاد دەستەبەر بكرێت كە دەنگدەران حكومەت و پەرلەمانێك هەڵبژێرن بتوانێ دادپەروەری و دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان فەراهەم بكات.

 

بۆیە داوا لە یەك بەیەكتان دەكەم كە ساز و ئامادەبن بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی داهاتوودا، چونكە ئەوە تاكە دەرفەتی ئێوەیە بۆ بەدیهێنانی خواستەكانتان و تاقیكردنەوەی ئیرادی ئازادانەی خۆتان لە بەدیهێنانی ژیانێكی ئارام و گوزەرانێكی باشتردا.

ساز و ئامادەبن بۆ دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگەكانتان بكەن بە پردی پەڕینەوە بۆ قۆناغێكی باشتر و شیاوتر بۆ خۆتان و نەوەكانتان.

ئێوەش هاووڵاتیانی ئازیز ھەمیشە سەربەرزو سەرفرازبن بەخوای گەورەتان دەسپێرم.

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket