riklam

له‌یادی 43 ساڵه‌ی له‌سێداره‌دانی مولازم جوامێرو هاوڕ‌ێكانیدا

ی.ن.ک‌‌ 10:41 AM - 2021-04-11
.

.

هەڵۆی سور ئەو دەستە قارەمانانە بوون كە زۆرینەیان لە كوردی فەیلی بوون، لەناو دڵی رژێمی بەعس‌و لە لوتكەی بەهێزی بەعسدا لە بەغدا گورزی كوشندەیان لە بەعس وەشاند.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلی كوردستان، لەساڵی (1978)دا كۆمەڵێك گەنجی خوێن گەرم‌ و تێكۆشەری كورد لەشاری بەغدای‌ پایتەختی‌ عیراق رێكخراوی (هەڵۆی سور)یان دامەزراند، كە ملازم (جوامێر سایە میر مەندەلاوی) سەرپەرشتی ئەو رێكخراوەی دەكرد.

ئامانجی رێكخراوی هەڵۆی سور

هۆشیاركردنەوەی خەڵك بوو بۆ بەرەنگاربونەوەی رژێمی بەعس ‌و بەرپەرچدانەوەی سیاسەت‌و پیلانەكانی ئەو رژێمەو ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆر لەناو جەرگەی بەغدای پایتەختدا.

رێكخراوی هەڵۆی سور لەماوەیەكی كەمدا توانیان ببنە جێی ئومێدو باوەڕی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و كارو چالاكییەكانیان دەنگی دایەوەو ترس ‌و دڵەڕاوكێی زۆری لای بەعسییەكان دروستكرد.

تێكۆشەرانی هەڵۆی سور هەوڵیان دەدا بەرپرسان ‌و نۆكەرانی حزبی بەعس بكەنە ئامانج ‌و بیانكوژن ‌و توانیان لەناو شاری بەغدا تاوانبار (عوسمان محەمەد) بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی دەزگای چاپ‌و بڵاوكردنەوەی كوردی كە بەعسییەكی پلە بەرزبوو بكوژن، دەیان چالاكی دیكەشیان لەناوچە جیاجیاكانی شاری بەغدا ئەنجامدا، هەروەها هەوڵی كوشتنی هەریەك لە (سەدام حسێن، تارق عەزیزو كۆمەڵێك بەرپرسی باڵای دیكەی حزبی بەعسیان)دا .

دواتر پێشمەرگەكانی رێكخراوی هەڵۆی سور كە بریتی بون لە (ملازم جوامێر مەندەلاوی، جەمال ئیبراهیم سەعید، سەلمان داود حەسەن، سەلام عەبدولڕەزاق، وشیار عەبدولقادرو عادل عەبدولكەریم) لەلایەن دەزگای ئەمنی حزبی بەعسەوە دەستگیركراوانی گەڕانەوەی ‌بۆ بەغدادو سەرنەگرتنی هەوڵێ رێكخراوی هەڵۆی سور بۆ كوشتنی خۆفرۆش (هاشم عەقراوی) بەهۆی دزەكردنی سیخورێك بەناوی كاوە بۆ ناو رێكخراوەكەیان، زۆربەی ئەندامانی رێكخراوەكە كەوتنە دەستی دوژمنەوە ‌.

هەوڵی هەڵاتن لەزیندان

لە هەوڵێكی پاڵەوانەشدا شەهید سەلمان و شەهید ملازم جوامێر و هاورێیەكی دیكەیان هەوڵی دەربازبونیاندا لە گرتوخانەی ئەمنی گشتی بەغدا ، بەڵام بەداخەوە شەهید سەلمان بە برینێكی سەختەوەو ملازم جوامێریش لە یەكێك لە كۆڵانەكانی نزیك گرتوخانەكە دەستگیركران، هاورێی سێهەمیشیان لە دواكاتدا لە هەوڵی دەربازبونەكە پەشیمانبوەوە. دوای ئەشكەنجەیەكی زۆر لەدادگایەكی نادادپەروەردا بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەركرا .

14414.jpg

قارەمانانی هەڵۆی سور بەچەند قۆناغ لەسێدارە دران 

تێكۆشەرانی هەڵۆی سور بەدوو قۆناغ لەسێدارەدران، كە قۆناغی یەكەم هەریەك لە (جەمال ئیبراهیم سەعیدو عادل عەبدولكەریم) لەسەربازگەی رەشید لەسێدارەدران، قۆناغی دووەمیش هەریەك لە (ملازم جوامێر مەندەلاوی،  سەلمان داود حەسەن، سەلام عەبدولڕەزاق‌و وشیارعەبدولقادر) لەڕۆژی (10-4-1978)دا لە ئەبوغرێب لەسێدارەدران.

لەڕۆژی‌ (15-12-1977)دا دادگای‌ سەر بەڕژێمی‌ بەعس سزای‌ لەسێدارەدانی‌ بەسەر پێشمەرگەكانی‌ رێكخراوی‌ هەڵۆی‌ سوردا سەپاند، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی (ی.ن.ك)، دەڵێت: ملازم جوامێرو هەڤاڵەكانی لەڕێكخراوی "هەڵوی سوور" لاپەرەیەكی پرشنگدارو پڕ لەسەروەری مێژووی (ی.ن.ك)ن، ئازایەتی‌و نیشتمانپەروەرییان هێندە بەرزبوو، ئەو دەمانەی بەعس لە لوتكەی هێزو دڕندەییدا بوو، لەناو دڵی رژێمدا، كە بەغدای پایتەخت بوو دەیان زەبری كوشندەییان لەڕژێم داو بەغدایان هێنابووە لەڕزین.

ملازم جوامێر چۆن باس لەوەدەكات بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە؟

عەلی‌ سایە میر فەتحوڵای‌، برای‌ شەهید ملازم جوامێر، دەڵێت: كاتێك لە زینداندا بوو لە بەغدا سەردانم كرد و پێموت كاكە حوكمەكەت چەندە، بەپێكەنینەوە پێی‌ وتم هیچ نییە، حوكمەكەم سوكە، بەڵام دواتر كە زۆرم لێكرد ئاشكرایكرد كە سزای‌ لە سێدارەدانی‌ بۆ دەركراوە و ئەوەشی‌ لا قورس نەبوو، چونكە هەر لە یەكەم رۆژەوە زانیویەتی‌ كە ئەو رێگایەی‌ لە پێناو میللەتەكەی‌ هەڵیبژاردوە كۆتاییەكەی‌ لە سێدارەدانە".

عەلی‌ سایە وەك خۆی‌ ئاماژەی‌ پێدەكات، دوای‌ ئەوەی‌ ملازم جوامێری‌ برای‌ پێی‌وتووە كە لە سێدارە دەدرێت بوراوەتەوە و دوای‌ ئەوەی‌ كە هۆشی‌ هاتۆتەوە، ملازم جوامێر پێی‌ وتووە نابێت خەفەت بخۆیت.

باس لەوەش دەكات كەشەهید خاتوو وەسفیە بەنی‌ وەیس ئاگاداری‌ هەموو چالاكییەكانی‌ ئەو سەردەمەیە لەلایەن ملازم جوامێرەوە، چونكە بەیەكەوە چوونەتە بەغدا، دەشڵێت: لەكاتی‌ دادگایكردنەكەشیدا جوامێر تفی‌ لە دادوەرەكە كردووە و وتویەتی‌ پرسیارمان لێمەكە و بڕیارەكە بخوێنەرەوە،

كەبەرەو بەغدا بەڕێكرا جلی مەلا بەختیاری لەبەركرا

لەلایەكی‌ دیكەوە شەهید خاتوو وەسفیە بەنی‌ وەیس، ئەندامی‌ پێشووی سەركردایەتیی یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، لەدیمانەیەكی لەگەڵ سایتی خەندان. بەر لەمەرگی ناوادەی دەڵێت: یەكێك بووم لەوانەی‌ جوامێریان گەیاندە بەغدا، تەنانەت جلوبەرگی‌ مەلا بەختیارمان لەبەركرد و كە زیندانیش كرا، سەردانم كرد، زۆر پێدەكەنی‌ و زۆر رووخۆش بوو، 

32.jpg

بۆ ئەوەی ناوی وەسفیە بدركێنێ‌، نینۆكەكانی ملازم جوامێر دەردەهێنن

مانگی شوباتی ساڵی 1977 لەكاتێكدا شەهید ملازم جوامێر سەركردەی رێكخراوی هەڵۆی سوور لە زیندانی فاشیەكاندا دەبێ‌ و چاوەڕوانی پەتی سێدارە دەبێ‌، مامۆستا وەسفیە لە گرتووخانەی ئەمنی عامە لەبەغدا سەردانی دەكات و دەبینێ‌ جەلادەكانی بەعس زۆر ئەشكەنجەیان داوەو نینۆكەكانی دەست و قاچیان هەموو دەرهێناوە. مامۆستا وەسفیە لە ملازم جوامێر دەپرسێ‌ «جوامێر بۆ وایان لێكردوویت؟» شەهید ملازم جوامێر دەڵێ‌« دەیانەوێ‌ لەژێر ئەشكەنجەدا ناوی تۆ بدركێنین، دەڵێن ژنێكتان لەگەڵدا بووە كێیە، منیش نكۆڵیم كردووە». مامۆستا وەسفیە بەچاوی پڕ گریانەوە بە شەهید ملازم جوامێر دەڵێ‌ « جوامێر مادام هێندە قارەمانی، بەڵێن بێت هەتا مردن لەسەر رێبازەكەت بەردەوام بم». لە 10/4/1977 شەهید ملازم جوامێر لەسێدارە دەدەرێ‌ و هەتا دواهەناسەش هەر قارەمانی ناو زیندانەكان بوو، نهێنیەكانی شۆڕش و یەكێتی لەگەڵ رۆحی پاكیدا فڕین بۆ ئاسمانی بەرین.

بەسزاگەیاندنی تاوانبارێك لە بەغدا

شەهید وەسفیە بەنی وەیس، ساڵی 1977 بەمەبەستی ئەنجامدانی لە بەغدا، دەمانچەیەك لەكەلارەوە بۆ هەڵۆی سوور دەباتە بەغدا، ، وەك تەحەدایەك بۆ رژێمی بەعس، كە پێیانوابوو، لەدوای نسكۆی ئەیلول ئیدی كورد ناتوانێ‌ شۆڕش بكاتەوە، ملازم جوامێرو هەڤاڵانی هەڵۆی سوور (عوسمان محەمەد) بەڕێوەبەری رۆشنبیری كوردی لەبەغدا بەسزای گەل دەگەیەنن، كە رۆڵێكی خۆفرۆشانەی دەگێڕا لە تێكدانی زمان و كلتوری كوردیدا. مامۆستا وەسفیە لە گوندی قولەبەرزی كەلارەوە سەرباری ئەو رێوشوێنە ئەمنیە توندوتۆڵەی دەزگا داپلۆسێنەرەكانی بەعس گرتبوویانەبەر دەمانچەیەك بەنهێنی دەباتە بەغدا. ئەم چالاكییە نامەیەك بوو بۆ دەستەڵاتدارانی بەعس، كە مەشخەڵانی شۆڕشگێری ئەمجارە گڕی بڕوای رەنجدەران و هەژارە». 

هەمان ساڵ ملازم جوامێر، كە  پێشمەرگە دەبێ‌ لە قەرەداغ، لەڕێگای سلێمانی- قەرەداغەوە لەگەڵ شۆفێرێك بەناوی عەلی باقی، كە خەڵكی خانەقینە پێكەوە دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا بۆ درێژەدان بەچالاكیەكانی رێكخراوی هەڵۆی سوور. 

مێژووی ئەمنی عیراق، قارەمانی وەكوئەمانەی بەچاوی خۆی نەدیوە، فازڵ بەڕاكچی دەڵێت لەسەر ملازم جوامێرو هاوڕێكانی؟

  مەلا بەختیار ئەندامی وەفدی دانوستاندكاری كورد لەگەڵ رژێمی عیراق (1984) دەگێرێتەوە  (فازڵ بەراك) بەڕێوەبەری ئەمنی عیراق بە مام جەلالی وت: مام جەلال تۆ ملازم جوامێر دەناسی، سەلمان دەناسی؟ 

مام وەڵامیدایەوە: نەخێر نەمدیون، بەڵام ئەوانە قارەمان‌ و شەهیدی ئێمەن. 

فازڵ وتی: دەمەوێت راستییەكی مێژوویت پێ‌ بڵێم.

مام وتی: فەرموو.

فازڵ وتی: مێژووی ئەمنی عیراق، قارەمانی وەكو ئەمانەی بەچاوی خۆی نەدیووە. ئێوە سەیری ئەم میدالیایە بكەن. سەیری ئەم شەرەفە مێژووییە بكەن. بەڕێوەبەری ئەمنی عیراق، بەسكرتێری یەكێتیی، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێ‌: مێژووی ئەمنی عیراق، قارەمانی وەكو ملازم جوامێرو شەهید سەلمان‌و شەهید جەمال‌و شەهیدی شێرۆی بەچاوی خۆی نەبینیوە. ئەوەندە قارەمان بوون، ئەسڵەن ئێمە لەوان دەترساین

شەهید ملازم جوامێر  كێیە؟

شەهید ملازم جوامێر ناوی تەواوی " جوامێر سایە میر"ە، ساڵی 1947 لە گوندی "كبرات"ی سەر بەمەندەلی لەدایكبووە، لەلاوێتیەوە رۆڵی گەورەی هەبووە لەبڵاوكردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی‌و نیشتمانپەروەری لەمەندەلی، ساڵی 1970 چووەتە كۆلێژی سەربازی لەبەغداو ساڵی 1972 تەواوی كردووەو یەكێك بووە لە خوێندكارە یەكەمەمان و پلەی ملازمی دووی وەرگرتووەو ساڵی 1973 پەیوەندی كردووە بە شۆڕشەوەو ساڵی 1974 رۆڵی گەورەی هەبووە لە بوردۆمانكردنی سەربازگەو مۆڵگەكانی رژێمی بەعس لەناوچەكانی خانەقین و قۆرەتوو و مەیدان، بۆ ماوەیەكیش لە شاخی بەمۆو زمناكۆ بووەو لەهەرەسی شۆڕشی ئەیلولدا ژمارەیەك چەك‌و تەقەمەنی حەشارداوە بۆ ئەوەی لەداهاتووداو لەهەڵگیرساندنەوەی شۆڕشدا سوودی لێ‌ وەربگرن. 

ساڵی 1975 پەیوەندی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە، ساڵی 1976 یەكەم مەفرەزەی چەكداری لە ناوچەی قەرەداغ دروستكردووە، سەرباری ئەوەی چەك‌و تەقەمەنیان كەم بووە، بەڵام زەبری كوشندەیان لەهێزەكانی سوپای عیراقی داوە لە ناوچەكەدا. 

دوای 43 ساڵیش ئه‌مڕۆ 11-4-2021 له‌خانه‌قین په‌رده‌ له‌سه‌ر وێنه‌ی شه‌هیدانی هه‌ڵۆی سوور لادراو سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ خه‌بات و تێكۆشانی شه‌هیدانی هه‌ڵۆی سوور دانه‌وێنرا.

سەرچاوەكان...

ئەسكەندەر حەیدەر :شەهیدانی هەڵۆی سور

كاروان  یاروەیس :-بەڵێنەكەی مامۆستا وەسفیە بۆ ملازم جوامێر 

سامان زەمانی :شەهیدانی هەڵۆی سور

دیدارێك لەگەڵ علی سایەمیربرای شەهید ملازم جوامێر  كەلەسایتی خەندان. لەماوەی ڕابردوو بڵاوبۆتەوە لەسەر ڕۆڵی ملازم جوامێر لەدرامای گەردەلولدا

شەهید ملازم جوامێر  پەیجی هۆزی كەلهوڕ لەكوردستان

جوامێر سایەمیر فەتحوڵڵا مەندەلاوی ناسراو بە ملازم جوامێر،سایتی كورد پیدیا

پەیجی شەهید ملازم جوامێر

PUKmedia  ژوان ئەحمەد سەعید- كاوان ئەحمەد حمە صاڵح هەڵەبجەی

90161042017_2 (5).jpg

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket