riklam

ئیكۆنۆمیست: گه‌شتكردن بۆ عیراق ئاسانكاری زۆری بۆ كراوه‌

عیراق 07:10 PM - 2021-04-10
.

.

گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی لێپرسراوانی عیراق بڕیاریاندا ڤیزا به‌ هاووڵاتیانی 36 وڵات بده‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ردانی وڵات بكه‌ن و له‌ئێستاشدا ئاسانكاری زیاتر بۆ گه‌یشتن بۆ عیراق كراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هه‌نگاوێك داده‌نرێت رووه‌و كرانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕووی جیهاندا.

له‌ڕاپۆرتێكدا كه‌دوێنێ هه‌ینی 9ی نیسانی 2021 بڵاوبۆته‌وه‌، گۆڤاره‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌: هه‌نگاوه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق كه‌ هاووڵاتیانی ئه‌مریكاو چین و وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌گرێته‌وه‌، دوای ئه‌و  هه‌موو ساڵه‌یه‌ له‌ گۆشه‌گیری و ئه‌و رێوشوێنه‌ توندانه‌ی كه‌ له‌دژی بیانییه‌كان ده‌گیرانه‌به‌ر كه‌ ده‌یانویست سه‌ردانی عیراق بكه‌ن.
گۆڤاره‌كه‌ له‌زاری به‌رپرسانی عیراقه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ت ده‌بێته‌ مایه‌ی نه‌هێشتنی رۆتین و هاندانی وه‌به‌رهێنان و ده‌ستكردن به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات.

هاووڵاتییه‌كی ئه‌ڵمانی كه‌به‌رده‌وام سه‌ردانی عیراقی كردووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ به‌ته‌نها بڕیار داده‌نرێت كه‌كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ی عیراق به‌ڕووی جیهاندا ده‌بێت.

یاریده‌ده‌رێكی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدڕاڵ، له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: به‌م هه‌نگاوه‌ حكومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات عیراق بۆ دۆخی هاوكاری بگێڕێته‌وه‌ له‌جیاتی دۆخی رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌شیداوه‌، كازمی هیواده‌خوازێت عیراق كه‌متر پشت به‌ئێران ببه‌ستێت، ته‌نانه‌ت راوێژكاره‌كانیشی خه‌ون به‌وه‌ ده‌بینن عیراق ببێته‌ جێی سه‌رنجڕاكێشانی هاووڵاتیانی بیانی و ته‌نانه‌ت گه‌شتیارانیش، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ عیراق له‌جاران زیاتر ئاسایش و ئارامی تێدایه‌.

گۆڤاره‌كه‌ جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ هێشتا ده‌رگاكان به‌ته‌واوه‌تی نه‌كراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌تا ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی كونسوڵخانه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ هێشتا ئاگادارینامه‌ی ره‌سمییان پێنه‌گیشتووه‌ سه‌باره‌ت به‌گۆڕانكارییه‌كان و تا ئێستاش له‌سه‌ر هاووڵاتیانی بیانی پێویسته‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤیزا، ده‌بێت داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن.

جێی ئاماژه‌یه‌، رۆژی 21ی ئازاری رابردوو، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی عیراق بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هاووڵاتیانی 37 وڵات ده‌ركرد كه‌ به‌بێ ڤیزا ده‌توانن سه‌ردانی عیراق بكه‌ن و بڕیاره‌كه‌ش له‌ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوه‌وه‌ چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

لیوا خالید محه‌نا، وته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌رۆژنامه‌ی سه‌باحی عیراقی راگه‌یاندبوو كه‌ بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت یه‌كجار بوێرانه‌یه‌و ئامانجیش لێی پاڵپشتیكردن بووه‌ له‌ئابووری عیراق.

بڕیاره‌كه‌ش سه‌رجه‌م خاوه‌ن كارو كۆمپانیاكانی وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاو یابان و كۆریای باشوورو كه‌نه‌داو ئوسترالیاو نیوزله‌نداو سویسرا ده‌گرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌، رێگه‌ به‌هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌درێت له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ ئاسمانی و وشكانی و ده‌ریایه‌كانه‌وه‌ سه‌ردانی عیراق بكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ردا بڕی 75 دۆلاریان لێده‌سێنرێت و رێگه‌شیان پێده‌درێت دوو مانگ له‌عیراق بمێننه‌وه‌.

PUKmeedia ئه‌لحوڕه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket