riklam

چەمکی(مردن و ژیان) لای ابراهیم احمد(بلە)

بیروڕا 09:12 PM - 2021-04-08
.

.

گەرچی لەدیدو تێڕوانینی دینی لەحزەی لەدایک بوون و مردن مرۆڤ تێدا بێ دەسەڵات و دۆشداماوە و بڕیاریان لای خودایە ، بەڵام بۆ تەوزیفکردن و دووبارە داڕشتنەوەی ئەم چەمکانەو بەخشینەوەی مانای (مەجازی) بەمردن و ژیان دەبێت لەمەدلولەکانیانەوە بیخوێنینەوەو لێی تێبگەین.

مەژی بۆ مردن  بمرە بۆژیان

چۆن قازانج ئەکەی  تانەکەی زیان!؟

ئەگەر سەیری ئەم بەیتە شیعرییەی مامۆستا برایم احمد بکەین لەبەیتێکدا پەیامێکی قوڵ و مانایەکی فراوانی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە،

لەم بەیتەدا (کاری ئەمر) هەیە بەڵام ئەمرێک بۆ چۆنییەتی مردن و ژیان ، واتا هەموو کەسێک دەمرێت بەڵام چۆن مردنێک ؟ هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە بەڵام چۆن ژیانێک؟

هەربۆیە بلە لە نیوە بەیتی یەکەمدا دەسووڕێتەوە بەدەوری مردن و ژیان

(مەژی بۆمردن)

مرۆڤ نابێت مەحکومی چارەنووس ببێت نابێت لەپێناوی مردنا بژیت ئەمە هەم هەڵگری فەرمانێکە هەمیش پەیامێکە بۆ مرۆڤ ، لێرەدا تێدەگەین برایم احمد دەیەوێت بڵێ مرۆڤ شوناسی لەناو کردەو جوڵەو بیرو خەسڵەتیدایە، مرۆڤ دەبێت بمرێت لەپێناوی سەربەستی و ئازادی و مافی خۆی و گەلەکەی خۆئەگەر بەپێچەوانەوەبێت ئەوپرسیارەفەلسەفییە دێتە گۆڕێ مرۆڤ چییە و بۆچی هاتووەتەبوون؟ ئەگەر لەپێناوی مردنێکی سەربەرزانە نەژیت...

(بمرە بۆژیان)

بەهەمان فاسیلەو دووری ئیدیۆمی یەکەمە، لێرەدا مامۆستا برایم احمد  ڕستەکە تەواو دەکات و مەبەسی سەرەکیشی ئەوەیە بڵێت لەپێناوی ژیانا بمرە ژێنێک کە لەڕووی مەجازییەوە جاویدانییەو مانەوەیە لەناو بۆتەی مێژوو ئازادی و سەربەرزی 

(مەژی و بمرە) لەڕووی مانای دالی وشەکانەوە یەک شت و یەک ئامانجن ئەویش مردن و هەڵگەڕانەوەی ژیانە بۆمردن 

ئەوەی جیاوجیاوازیان دەکاتەوە هێنانی هەمان وشەکانن کەدوای ئامرازی(پریپۆزشن)ی بۆ کەمانای فەرهەنگی وشەکان تێکدەشکێنێت و مانای دیکەیان پێدەبخشێت کەهەڵگری پەیامی ژیانە لەپێناوی سەربەستی و ئازادیدا

بۆتەواوکردنی پەیام و مەبەستەکەی سەیری نیوەبەیی دووەم دەکەین.

(چۆن قازانج دەکەی تانەکەی زیان)

فەلسەفەی ئەم نیوەبەیتە درووستکردنی پرسیارە ، مرۆڤ پێویستە لەخۆی بپرسێت چی دەبەخشێت و چی وەردەگرێت

ئەگەر مرۆڤ ژیانی ببەخشێت  لەپێناوی چیایە؟ برایم احمد بەخشینی ژیان و مردن لەپێناوی دووبارە ژیانێک کە خۆت دەتەوێت و چارەنوسی لای خۆتە،

ئەوەی مرۆڤی هێشتووەتەوە لەچوارچێوەی ژیانێکی ژێردەستەیی و کۆیلەیی ترسە 

هەربۆیە دەڵێت:

(لەزڕەی زنجیر دڵت نەلەرزێ      پێوەند بۆلەشە نەوەک بۆگیان)

سوقرات لەکاتی زیندانی کردنی بەشاگردەکانی وت من زیندان نیم  زیندان ئێرە نیە بەڵکوو جەستەیە مرۆڤ گیان و ڕۆحە هەربۆیە  پێویستە ڕۆح ئازاد بێت لەم جەستەیەکە زیندانی ڕۆحە

 

هەربۆیە برایم احمد دەڵێت ئازارو کۆتو بەند  نابێتە زیندانی کردنی مرۆڤ چونکەمرۆڤ گیان و ڕۆحەو ئەویش نە ئەمرێ و نە زنجیر ئەکرێت

ئەوە ڕۆحە مرۆڤ باڵا پێ دەکات و وای لێدەکات لەهیچ نەترسێت بەڵکوو لەپێناوی ژیانێکی سەربەستانە بمرێت

یان بژیت لەپێناوی مردنێکی سەربەستانە، مادام هەمووان دەمرن مرۆڤ پێویستە ئەو مردنە هەڵبژێرێت کە پڕە لەسەروەری و شانازی ..

لەکۆتایدا ئەم خوێندنەوەی ئێمە بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو بیرمەندو نوسەرو سیاسەتمەدارە مشتێکە لە دنیای پڕ لەماناو فکری نوێگەری ، مشتێکه لەئەدەبیات و جوانیەکانی مامۆستا ابراهیم احمد 

ئەم بابەتەش بەشێکە لەخوێندنەوەیکی زیاترو گشگیرتر لەسەر برایم احمد کە کاری تێدا دەکەم ،بەڵام لەم ڕۆژەدا کەڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستایە وەک وەفایەک بۆ قەڵەمە پڕبڕشتەکەی ئەم نوسینەم بڵاوکردەوە

دروود بۆ ڕۆحی هەمیشە باڵای مامۆستا(بلە)

 

دەلیل جەمال

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket