riklam

قوباد تاڵه‌بانی: ئاسانكاری ته‌واو بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كه‌ین

ئابوری 05:55 PM - 2021-04-08
.

.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی كارگه‌ی شه‌كری بیتوێنی دانا و ڕایگه‌یاند حكومه‌ت به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ ئاسانكاریی بۆ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك و وه‌به‌رهێنه‌رێك ده‌كات پرۆژه‌ی هاوشێوه‌ له‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی جێبه‌جێ بكات.

له‌ وتارێكدا به‌بۆنه‌ی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی كارگه‌ی شه‌كری بیتوێن، ئه‌مڕۆ 8 نیسانی 2021 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كارگه‌كه‌ی به‌ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ستراتیژی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عیراق له‌ قه‌ڵه‌مدا و سوپاسی كۆمپانیای ئابورلاند و وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیشی كرد له‌ سه‌رخستنی پڕۆژه‌كه‌.

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی به‌ نمونه‌یه‌كی باشی پاڵپشتیكردنی حكومه‌تی هه‌رێم دایه‌ قه‌ڵه‌م بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و رایگه‌یاند: حكومه‌ت به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ هانی وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌داران ده‌دات ڕووبكه‌نه‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی له‌پێناو بنیاتنانی ئابوورییه‌كی به‌هێز و سه‌قامگیر و به‌رهه‌مهێن.

قوباد تاڵه‌بانی باسی له‌وه‌شكرد، پرۆژه‌ی كارگه‌ی شه‌كری بیتوێن جگه‌ له‌وه‌ی نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار هه‌لی كاری ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌ڕه‌خسێنێت، كه‌رتی كشتوكاڵیش هه‌نگاوێك ده‌باته‌ پێشه‌وه‌ و وتیشی: "ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و ئامانجه‌یه‌ كه‌ پێشتر به‌ڵێنیان دابوو كاری له‌سه‌ر بكه‌ین".

هاوكات جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ ته‌نها به‌و پڕۆژه‌یه‌ ناوه‌ستن و له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانی دیكه‌ خه‌ریكن بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی هاوشێوه‌ی دیكه‌، به‌تایبه‌ت پاش په‌سه‌ندكرانی یاسای بودجه‌ی فیدراڵی و پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ستكراوه‌تر ده‌بن بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ كه‌ هه‌م هه‌لی كاری زیاتر بڕه‌خسێنێت و هه‌م ژێرخانی ئابوری به‌هێزتر بكات.

قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه‌، ده‌بێت له‌ پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵدا ڕه‌چاوی هه‌موو پێوه‌ره‌ ستاندارد و زانستییه‌كان بكرێت "بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م زۆرترین و باشترین جۆری به‌رهه‌ممان هه‌بێت و هه‌م كه‌مترین زیان به‌ سامانی خاك و ئاو بگه‌یه‌نین"، داواشیكرد له‌ به‌كارهێنانی ئاودا ڕه‌چاوی باشترین سیستمی ئاودێری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین رێژه‌ی ئاو به‌ فیڕۆ بچێت.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket