riklam

برایم ئەحمەد، ئەو سیمبولە نەتەوەییەی دەستپێكی…

بیروڕا 05:37 PM - 2021-04-08
.

.

برایم ئەحمەد، ئەو سیمبولە نەتەوەییەی دەستپێكی ژیانە سیاسییەكەی بە دژایەتیی لكاندنی زۆرەملێی كوردستان بوو

بیستویەك ساڵ لەمەوبەر، سیمبولی نەتەوەیی كورد، سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس و ئەدیب و پارێزەری هەڵكەوتووی كورد مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دوای زیاتر لە شەست ساڵ خەبات و تێكۆشانی بێوچان، ماڵئاوایی لە ژیان و كورد و كوردستانە پەرتكراوەكەی، كرد.

مامۆستا برایم ئەحمەد، كە لە یەكەم راپەڕینی جەماوەریی لە شاری سلێمانی دژ بە لكاندنی زۆرەملێی كوردستانی عیراق، ناوی دەركرد، تا دوایین ساتی ژیانی دەستبەرداری ئەو خەباتەی نەبوو، كە لەپێناوی سەربەخۆیی كورد و كوردستاندا رەنجی زۆری بۆ كێشا و چەرمەسەریی و نەهامەتیی زۆریشی چەشت.

مامۆستای نەمر لە هەموو شێوازەكانی خەبات بۆ بەدیهێنانی مافی چارەنووسی نەتەوە و گەلەكەیدا، رابەرێكی سەركەوتوو و سەركردەیەكی قاڵ و لێزان بوو، ئەو لە دوای سەركوتكردنی راپەڕینە مەدەنییە جەماوەرییەكەی بەردەركی سەرای سلێمانی، هەوڵیدا بە شۆڕشی فیكریی و رووناكبیریی لەڕێگەی كاری رۆژنامەوانییەوە، رۆڵەكانی گەل و نەتەوەكەی ئاشنابكات بە سیاسەت و خەبات و ئەزموونی گەلان بۆ سەربەخۆیی، هەربۆیە دەستبەرداری پەیوەندیكردن بە كۆلیژی باڵاتر بوو لە خوێندنی زانكۆیی بۆ پارێزەریی خوێندنی؛ تا بۆی بڕەخسێت گۆڤارێكی گەورە و بەنرخی وەك گەلاوێژ دەربكات و لەو رێگەیەوە ئەو شۆڕشە رووناكبیریی و هۆشیارییە بەرپابكات.

مامۆستای هەمیشە زیندوو، زۆر لە خەمی نەتەوە ستەملێكراوەكەیدا بووە، كە پێگە جوگرافی و نەتەوەییەكەی بە درێژایی مێژوو زوڵمی لێكردووە، بۆ ئەم مەبەستەش نامیلكە بەناوبانگەكەی (عەرەب و كورد)ی نووسی، كە چۆن عەرەب و تورك و فارس، مافی ژیان و دەوڵەت و دیاریكردنی چارەنووسیان هەیە، كوردیش وەك مرۆڤ و دراوسێی ئەوان، بۆچی هەمان مافی نەبێت؟!.

لە دامەزراندنی پ.د.ك-یشدا لە نووسینی بەرنامە و پەیڕەوەكەیدا، بە هەمان شێوە ئەو مافی دیاریكردنی چارەنووسەی بۆ گەلەكەی چەسپاند.

برایم ئەحمەد، لە بواری ئەدەبیشدا، لەپاڵ مەینەتیی چینایەتیی گەلەكەیدا، گیانی نەتەوەیی پێشكەوتنخوازەكەشی لە ریزی پێشەوەی شاكارە شیعری و ئەدەبییەكانی تر رەنگیداوەتەوە. ئەم رۆڵە هەڵكەوتووەی كورد هەمیشە هاریكاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسیی و ناوەندە رووناكبیریی و ئەدەبییەكانی بەشەكانی كوردستانی بە پێویست زانیوە، بۆیە هێزەكانی هەموو پارچەكان راوێژیان پێكردووە و وەك رابەرێكی نەتەوەیی، مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە.

مامۆستا برایم ئەحمەد، لەگەڵ داكۆكیكردنی لێبڕاوانە بۆ مافە نەتەوەییەكانی كورد، هەمیشە لەگەڵ كرانەوە و پێكەوەژیانی ئاشتی بووە لەگەڵ نەتەوەكانی تر و دژی گۆشەگیریی بووە و لەگەڵ هێزە پێشكەوتنخوازەكانی وڵاتانی دراوسێدا پەیوەندیی بەهێزی هەبوو، ئەمەش ببووە فاكتەرێك، كە مامۆستای نەمر لە ناوەندە جیهانییەكان پێگەیەكی بەهێزی هەبێت و بەچاوی رێزەوە سەیری بكەن.

ئەمڕۆش لەم بیرەوەرییەدا، فیكری مامۆستا برایم ئەحمەد، تێزەكانی بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان زیاتر لە هزر و بیری هاوڕێبازانی برایم ئەحمەد، رەنگدەداتەوە و بەرجەستە دەبێت، كە وەك رێنما و نەخشەی رێگا سوودی لێوەربگیرێت لەپێناوی دەستەبەركردنی ئایندەیەكی گەش و رووناك بۆ كورد، كە مامۆستا؛ تەواوی ژیانی بۆ تەرخانكرد.

بارزان شێخ عوسمان‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket