riklam

ڕێكەوتنی ئێران و چین

بیروڕا 02:43 PM - 2021-04-08
.

.

ڕێکەوتن و لێتێگەیشتن بۆ کاری هاوبەش لەنێوان چین و ئێران گرژی و ئاڵۆزی لێبەرهەم دێت. ئایە چین قاعیدەی سەربازی لە ئێران جێگیر دەکات؟

من دڵنیام کە لەم ڕۆژانە ئایەتوڵا خومەینی لە گۆرەکەی ڕووی خۆی وەردەگێریت لە سندوقی شووشەیی، لە مەزارگەکەی لە باشووری تاران، لەو شوێنەی کە دوای ٣٠ ساڵ لە مردنیشی، هێشتا هەوادارانی دێنە سەر مەزارگەکەی و بەگریانەوە یادی دەکەنەوە، ڕێز و وەفاداری دەنوێنن. زۆرێك لە گەشتیارانیش دێن بۆ بینینی مەزارگەکە. شوێنەکە ئەوە دەهێنێ ئەگەر لەو دەوروبەرە بووی سەرێک بدەی ئەگەر کات و بوارت هەبوو.  
بابێینە سەر بابەتەکە. خومەینی بۆ رووی وەردەگێڕێت و خۆی سەغڵەت دەکات؟ لەسەر دواین ڕێکەوتنی کاری هاوبەشی نێوان چین و ئێران! با واز لەوە بێنین ئایە ڕێکەوتنەکە باشە یان خراپ. یەکێك لە گرنگترین پایەکانی باوەڕی خومەینی (سیستەمێکی ئیسلامی سەربەخۆیی گرێنەدراو)بووە. بەدواداچوونم کردوە بۆ یەکێك لە لێدوانەکانی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٠ لە سەری ساڵی نوێدا دەڵێ (کۆمنیستی نێودەوڵەتی) هاوشێوەی (سیستەمی ڕۆژئاواییەکان) خراپ و ترسناکە. ''هاوڕییانی ئازیز، خەتەرەکە ئەوەندە گەورەیە، ئەگەر وریا نەبین لەناومان دەبەن'' ئەمە وتەی خومەینی بوو. لای ئەو (کۆمنیزم) یەکسان بوو بە (بێ باوەڕی و بێ خوایی). خومەینی پێی وابوو کە نابێت هیچ کەس و لایەنێک دەست بۆ شۆڕشە ئیسلامییەکەی درێژ بکات.  ئەوسا ئامانجی خومەینی لەم قسانە (یەکێتی سۆڤیەت) بوو. کەس باوەڕی نەدەکرد کە ڕۆژێك دێت چین باڵ بەسەر جیهاندا بگرێت. لێم مەکەن بە قسە، نەم وتووە چین باڵی بەسەر جیهاندا گرتووە، ئەلێم بەرەو باڵگرتنە بەسەر جیهاندا. بەرەو! !

ناسیۆنالیستەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران، بێ ئەوەی ناوی خومەینی بێنن، ئەم ڕێکەوتنەی چین و ئێرانیان ڕەتکردۆتەوە و سووکی دەکەن. پێیان وایە ئەم ڕێکەوتنە، هاوشێوەی (پەیماننامەی تورکمانچی)یە کە لە ساڵی ١٨٢٨ کۆتایی بە جەنگی دوو سالەی نێوان فارس و ڕووسەکان هێنا و بووە هۆکاری لەدەستدانی بەشێکی فراوانی (باشووری قەوقاز). ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەردۆغان بۆ ئەوەی چاوی لەبەشە تورکومانییەکەی ئێران بێت لە کاتێکدا ئەردۆغان گیری خواردووە لەناو قەیرانێکی ئابووری قوڕسدا کە ڕەنگە بیر لە هەموو شتێك بکاتەوە بەمەبەستی دەربازبوونیدا. ئەوەندەی چاوی لە دەرەوەی تورکیایە ئاگای لە ناوخۆی تورکیا نییە.

لە ڕۆژنامەی دیبلۆماسی ئێرانی (Iranian Diplomacy) چاودێری سیاسی (جەلال میرزایی) ، دژ و پڕۆ ڕێکەوتنەکە ڕوو بەڕووی یەکتر دەکاتەوە، دژەکان پێیان وایە ئەمە هەڕاجکردنی ئێرانە و پڕۆیەکانیش پێیان وایە بەم ڕێکەوتنە گورزێک لە هاڕمۆنی ئەمریکی دراوە. ئەمریکا هێشتا بەردەوامە لە سەر ئابلوقەکانی دژ بە ئێران و دەیەوێ ئێران ملکەچ بکات. هیچ کام لەم دووانە ڕاست ناکەن، چین لەم دواییە لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەکە ڕێکەوتنی کردوە، لەوانە سەرەتا لە سعودییە و تورکیا. پاشان لە ئیمارات، عومان و بەحرێن! ئێران ناتوانێت جێ بمینێت و چین فەرامۆش بکات!  کەمکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دەرفەتی بۆ چین زیادکردوە.

کەس نازانێت چی لە ڕێکەوتنەکە هەیە، تاران وا نیشان دەدات، کە دەیانەوە، چین لەژیر سێبەری خۆیان بهێڵنەوە، گوایە چین بە بڕی ٤٠٠ ملیارد دۆلار وەبەرهێنان دەکات و چەند قاعیدەیەکی سەربازیش جێگیر دەکات لە ئێران. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، خومەینی ئارامی و ئۆقرەیی لێ دەبڕێت لە گۆڕەکەی.

بەڵام لەبەر هەبوونی بەرژەوەندی چینی لە وڵاتانی کەنداوی دژ بە ئێران، بە دیاریکراوی سعودییە، لەوە ناچێت ڕێکەوتنەکە بەم شێوەیە بێت. چین یاری بە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی ناکات ئەگەر سەرۆکە کۆنسێرڤاتیفە ئێرانییەکەش ئەم خواستەی هەبێت.

کاڕۆلین ڕووڵانتس - گەورە ڕۆژنامەنووس و شارەزا لە کاروباری ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٤٨ لە دایك بووە، مێژووی خوێندووە، لە ساڵی ١٩٧٥وە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، نوسەری چەندین کتێبە و بە یەکێك لە گەورە شارەزاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەندرێت لە هۆڵەندا. خاوەنی چەندین خەڵاتی گەورەی بواری نوسین و ڕۆژنامەوانییە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی (ئێن ئاڕ سی نێکست)ی هۆڵەندی


نوسینی: کاڕۆلین ڕووڵانتس - وەرگێڕانی: بەختیار بەكر

web-1709buicar.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket