riklam

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: دەبێت حكومەت ناچار بكرێت لێبڕینی مووچە كۆتایی بێت

کوردستان 05:45 PM - 2021-04-07
.

.

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەكۆبوونەوەی پەرلەماندا داوا لەپەرلەمان كرد دوور لەموزایەدەی سیاسی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی هەموو فراكسیۆنەكان حكومەتی هەرێم ناچار بكەن كۆتایی بەلێبڕینی مووچە بهێنێت.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا داوای لە پەرلەمان كرد دوور لە موزایەدەی سیاسی، سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی هەموو فراكسیۆنەكان حكومەتی هەرێم ناچار بكەن كۆتایی بەلێبڕینی مووچە بهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی راشیگەیاند: بەپێی ئەوەی پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵكەو لەخەمی خەڵكی كوردستاندایە، هەر بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ئەندامانی پەرلەمان فشار بكەن لەپێناو كۆتاییهێنان بەلێبڕینی مووچە.

ئەم داوایەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە بودجەی عیراق بە جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستانەوە پەسەندكراوەو نرخی نەوتیش لە بازەڕەكانی جیهاندا بەرزبووەتەوە.

پێشتریش شیروان میرزا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لەبارەی رەوانەكردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم و كۆتایهێنان بەلێبڕینی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بە PUKmediaی راگەیاندبوو: هەركاتێك لەلایەن بەغداوە پارە رەوانەی هەرێم كرا هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی مووچە نامێنێت و ناشبێت بەهیچ شێوەیەك لێبڕینی مووچەی بمێنێت،چونكە درێژەدان بەلێبڕینی مووچە شتێكی بێمانایە، هەروەها لەیاساكەشدا بڕگەیەكمان جێگیركردوە كە ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت دەبێت مووچەی پێدابەشبكرێت نەك بۆ بابەتی دیكە خەرجبكرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی لەبارەی ئەوەشی كە ئەو پارەیەی بڕیارە بەغدا بۆ هەرێمی رەوانە بكات بەشی مووچەی تەواوی فەرمانبەران ناكات، ئەوەی خستبوەڕوو: ئەوەی دەوترێت زۆر بێمانایە، چونكە لەئێستادا بەبێ ئەوەی بەغدا پارە بۆ هەرێم بنرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەداهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان و باجی سەر كۆمپانیاكان و داهاتی تری ناوخۆ بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبكات.

دەشڵێت: لەئێستادا حكومەتی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت كە بەدۆلارە 20%ی داهاتی  زیادیكردوە، چونكە لە 100 دۆلاردا 25 هەزار دینار قازانج دەكات، 

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باسی لەوەشكردبوو: یاسای بودجە لە 1ی 1ی 2021ەوە جێبەجێ دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەو سێ مانگە دوای دەركردنی ئەو پارەیەی بەهۆی پابەندییەكانی سەر هەرێم كە لەو ماوەیەدا نەكراوە، بڕێك پارە دەمێنێتەوەو رەوانەی هەرێم دەكرێت و ئەگەر ئەوە رەوانە بكرێت دەبێت حكومەتی هەرێم لێبڕینی سێ مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانیش بداتەوە.

كۆتایی مانگی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسای بوەدجەی 2021ی پەسەندكردو بەپێی ماددەی 11ی یاساكە كە تایبەتە بەپشكی هەرێم، لەخاڵی چوارەمدا دەڵێت: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەو پارەیەی لەناو بودجەی هەرێمدا وەك (قەرەبووی فەرمانبەران) بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت لەناو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 مووچەی فەرمانبەران لە پێش هەرچی خەرجییەكی ترەوە دابنرێت.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket