riklam

کوردە دورخراوەكانی باشور و ناوەراستی عیراق قەرەبوودەکرێنەوە

کوردستان 05:12 PM - 2021-04-07
.

.

ئەندامێكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان  رایدەگەیەنێت  دوای نزیكەی پەنجا ساڵ لە دوورخستنەوەیان بۆ باشوور‌و ناوەراستی عیراق، ئەوان لە رێگای فۆڕمێكەوە كاردەكەن ئامار و داتای ئەو كوردانە كۆبكەنەوە، كە لەساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو  لەلایەن رژێمی بەعس و بەهۆی كوردبوونیان  بۆ ئەو ناوچانە دوورخرانەوە.

ئاماژەبەوەشدەكات  هەوڵدەدەن دوورخراوەكان لەچوارچێوەی بەڵگەیەكی یاسایی لە پەرلەمان رێكبخرێن‌و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بكرێنەوە.

نیعمەت عەبدوڵڵا ئەندامی  یەكێتی پەرلەمانتاران كوردستان بە  PUKmedia ی راگەیاند: ئێمە وەك یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان وەك یەكەم دامەزراوە هەوڵدەدەین پرسی دووراخراوە كوردەكان بۆ باشوور و ناوەراستی عیراق  لەلایەن رژێمی بەعس بەیاسایی بكەین، بەتایبەتی  ئەوانەی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و هەڵوەشانەوەی رێكەوتنی یازدەی ئازاری ساڵی 1970‌و  ئەوانەشی  لەئاوارەیی  وڵاتی ئیران گەڕانەوە  بەهۆی كوردبونیانەوە رووبەروی ئەو سزایە بوونەوە.

وتیشی: بۆ ئەم مەبەستە  یەكێتی پەرلەمانتاران  فۆڕمێكی تایبەتی ئامادەكردوە، لە ریگای ئۆنلاین یان لە رێگای نوسینگەكانی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان   لەشارو شارۆچكەكان  بگاتە دەست ئەو كەسانەی  كاتی خۆی بۆ باشور و ناوەراستی عیراق دوورخراونەتەوە.

نیعمەت  عەبدوڵڵا راشیگەیاند: پرۆسەكە دەستی پێكردوە و لەكاتی ئێستا ژمارەیەك لەو خەڵكانە فۆرمەكەیان پڕكردۆتەوە، دوای تەواوكردنیشان  هەوڵدەدەین لە چوارچێوەیەی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان وەك بەڵگەنامەیەكی رەسمی و یاسایی بۆ ناوەندە نێودەوڵەتیەكان ئامادەبكرێت  .

ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لەلایەنە یاساییەكەی و كۆكردنەوەی داتا و زانیاری لەبارەی دوورخراوەكانی باشور و ناوەراست، هەوڵدەرێ قەرەبووی ماددی و مەعنەوی هەموو ئەو كەسانە بكرێتەوە كە لەو پرۆسەیە زەرمەندبوون،  هەروەها دەبێتە  بەڵگەیەكی گرنگی مێژوویی‌و لەچوارچێوەی كتێب یان نامیلكە چاپدەكرێت.

ئەوەشی خستەروو: لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی رژێمی بەعس بە هەزاركەس لە خێزانە كوردەكان لە شارەكانی  كوردستانەوە بۆ ناوچەكانی باشوری و ناوەراستی عیراق ئاوارە و دەربەدەركران، بۆچەندین ساڵ رێگایان پێنەدرا بگەرێنەوە زێدی خۆیان.

روونیشیكردەوە:  ئەو كاتە هەربۆ دابڕانی ئەو خێزانە كوردانە لە كوردستان كار و وەزیفە و لیستی بەڵگەنامەكانی وەك  ناسنامەو  رەگەزنامەكانیان بۆ ئەو شارانە گواسترایەوە، راستە بەشی هەرەزۆریان دواتر گەڕانەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریەكان هەندێكیان ئێستا هەر نەگرانەوە‌و لەرێگای پەیوەندی كۆمەڵایەتی تێكەڵی كۆمەلگای ئەوێ بوون.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا/هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket