16 ساڵ پێش ئێستا بۆ یەكەمینجار پێشمەرگەیەك بوو بەسەرۆك كۆمار

16 ساڵ پێش ئێستا بۆ یەكەمینجار پێشمەرگەیەك بوو بەسەرۆك كۆمار


6/4/2021 09:08:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

 2005/4/6  ئەو رۆژەی هەڤاڵ مام جەلال بوو بە یەكەم سەرۆك كۆماری كورد لە مێژووی عیراقدا.

ئەمڕۆ 16 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال وەك یەكەم سەرۆك كۆماری كورد لە مێژووی عیراقدا، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەو مێژوویی بوو بۆ گەلی كورد، هەروەها یەكەم سەرۆك كۆمار بوو لەدوای روخانی رژێمی بەعسی لەناوچوو.

لە ساڵی 2003 دوای ئەوەی ئەمریكاو هاوپەیمانانی توانیان كۆتایی بە دەسەڵاتی رژێمی بەعسی لەناوچوو بهێنن عیراق، ئەنجومەنێكی كاتی پێكهێنرا بۆ بەڕێوەبەردنی عیراق. 

ئەو ئەنجومەنە بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ كارەكانی بەردەوامبوو تا لەساڵی 2005دا ئەنجومەنی نوێنەرانی  عیراق پێكهێنراو لە رۆژی 6-4-2005 سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا و ئەوە بۆ یەكەمجاربوو لە مێژووی عیراقدا كوردێك ببێت بە سەرۆك كۆمار ئەمەش دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ گەلی كورد.

سەرۆك مام جەلال رۆڵێكی بەرچاوی گێڕا لە بەڕێوەبردنی عیراق و هەروەها ناساندنی كورد بە هەموو جیهان چونكە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە كوردبێت وەك خەون وابوو، هەربۆیە ئەمەش وایكرد بەشێكی زۆر لە وڵاتانی جیهانی گرنگی بەو باسە بدەن، ئەمە جگە  لەوەی سەرۆك مام ڕێزێكی تایبەتی هەیە لای سەرجەم سەرۆكانی وڵات، هەرچەندە بەشێك لە بەرەگەز عەرەبەكانی عیراق چاویان بە كورد هەڵنایەت بەڵام لەلایەن بەشێكی زۆری عیراقییەكانیشەوە هەوڵەكانی بەرزدەنرخێندرا چونكە توانیوبووی وەك چەترێك وابێت بۆ سەرجەم پێكهاتەكان و كۆیان بكاتەوە.

ئەو رۆژە مێژوویی بوو  بۆ گەلی كورد چونكە یەكەمجار بوو لە مێژووی حكومڕانی عیراقدا كوردێك وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، هەر لەو رۆژەشدا جۆرج بۆش كە سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا بوو پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی لە سەرۆك مام كرد، لەلایەكی تریشەوە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی رژانە سەر شەقامەكان و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی كە كوردێك توانی ببێت بە سەرۆك كۆماری عیراق، هەروەها لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ژمارەیەكی زۆر بەرپرسان پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە لە سەرۆك مام جەلال و گەلی كورد كرا.

 

جارێكی تر سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.... 

لەساڵی 2010 دەنگدانی هاووڵاتیان لە سەرتاسەری عیراق بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو كە تێیدا 6281 كەس خۆیان كاندید كردبوو لە نێوانیشیاندا 1813 ژن هەبوون و 325 كەس دەبوو دەنگ بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، دوای ئەو هەڵبژاردنە جارێكی تر سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵبژێردرایەوەو تا ساڵی 2014 ، مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق بوو.

 

چی روویدا...

لەدوای دوو ساڵ و لە بەرواری 17-12-2012 سەرۆك مام جەلال نەخۆش كەوتوو رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا ماوەیەكی زۆر لە نەخۆشخانە مایەوە هەرچەندە ناحەزان ریكلاێمێكی زۆریان كرد كە گوایە بەڕێزیان لەژیاندا نەماوە بەڵام هەموو ئەو وتە ناڕاستانە لە ساڵی 2014 بەدرۆخرانەوەو لە مانگی 7ی ئەو ساڵەدا گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و لە ناو ئاپۆڕایەكی جەماوەریدا پێشوازی لێكرا.

 

رۆڵی سەرۆك مام جەلال...

لەدوای روخانی بەعسی لەناوچوو و دوای ئەوەی كە سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا، بەڕێزیان توانی كە سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق لە ژێر چەتری پێكەوە ژیان كۆبكاتەوە ئەوەش ئەركێكی قورس بوو، هەروەها عیراقییەكان ئەو هەوڵەیان بەرز دەنرخاند چونكە مێژوو گەواهی ئەوەی دەدا، بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتنی بەڕێزیان ئیدی كێشەكان سەریان هەڵداو تا ئێستا هیچ كەس نەیتوانیوە وەك سەرۆك مام جەلال عیراقییەكان پێكەوە كۆ بكاتەوە، بەڕێزیان بەزیرەكی و سیاسەتی ناوازەی خۆی توانیبوو ئەو ئەركە قەرسە رایی بكات چونكە عیراق چەندین پێكهاتە لە خۆ دەگرێت و بیروڕاو مەزهەبی سەرجەیمان جیاوازە وەك كورد و عەرەب و توركمان و ئێزیدی و ئاشوری و كلدانی و مەسیح ... ئەمە جگە لەوەی عەرەب كە لە دوو مەزهەب پێكهاتوون سوننەو شیعە.

ئەو ئەركەی سەرۆك مام زۆر قورسبوو چونكە جیاوازی بیروڕا هەموو كات كێشەكانی ئاڵۆزتر دەكرد، سەرۆك مام لەلای عیراقییەكان خۆشەویست بوو هەروەها هەموو پێكهاتەكانی هانایان بۆ بەڕێزیان دەبرد بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان، سەرۆك مام تا ساڵی 2014 سەرۆك كۆماری عیراق بوو پاش ئەوەش د.فوئاد مەعسوم بوو بە سەرۆك كۆمار.

 

غیابی سەرۆك مام جەلال كاریگەری نێگەتیڤی هەبوو... 

دووركەوتنەوەی كەسایەتی سەرۆك مام جەلال بەهۆی بارودۆخی تەندروستییەوە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لەسەر دروستبوونی ژمارەیەكی زۆر لەو كێشانەی كە ئێستای عیراق پێوەی دەناڵێنێت، سەرۆك مام جەلال هەركاتێك كە دەهاتەوە كوردستان ئەو كێشانەی هەبوون بەشێوازێكی چاوەڕواننەكراو و لێزانانە چارەسەری دەكردن، ئەو تەنیا كەس بوو هەموو كەسایەتی و لایەن و بیروڕا جیاكانی لەسەر یەك مێزكۆدەكردەوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسانە ئەو قەیرانە یەك لەدوا یەكانەن كە لەعیراق  روودەدەن.

تەماشای قەیرانەكان بكەین تێدەگەین ئامادەنەبوونی سەرۆك مام جەلال چ كاریگەرییەكی گەورەی هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و ئەمنی و تەنانەت پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، دكتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری‌ بەئەزموونی‌ كورد دەڵێت سەرۆك مام جەلال توانیویەتی رۆڵی هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكان، چونكە پەیوەندی باشی هەبوو لەگەڵ هەموو لایەك، لایەنی سوننەی‌ عیراقیش بێ جیاوازی بڕوایان وایە ئەگەر نەخۆشكەوتن و دووركەوتنەوەی سەرۆك مام جەلال لەعیراق نەبووایە لایەنەكان لەماوەیەكی كورتدا لەسەر دەستی جەنابیان لەسەر مێزی دانوستان و دیالۆگ كۆدەبوونەوە.

چەنگیز چاندار نوسەری‌ بەناوبانگی‌ توركیا لەوتارێكدا لەسەر كاریگەری‌ تاڵەبانی‌ لەسەر سیاسەتی‌ عیراق و ناوچەكە دەڵێت لەم تابلۆ تێكەڵ و ئاڵۆزەی‌ عیراقدا نەبوونی‌ تاڵەبانی‌ پیاوی‌ دەگمەنی‌ هاوسەنگییەكان لەمەیدانەكەدا، گرفتەكان بۆ هەموو ئەو وڵاتانە زیاتر دەكات كە بەدوای‌ ئارامی‌ و سەقامگیری‌ ناوچەكەدا دەگەڕێن، پەیوەندیەكانی عیراق و وڵاتانی ناوچەكەو جیهان شوێن دەست و سەنگی سەرۆك مام جەلالی‌ بەڕوونی پێوە دیارە، سەرۆك مام بەهەمان جۆر كە دۆست و هاوپەیمان و هاوڕێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوایە بەهەمان چەشنیش جێگەی رێزو متمانەیە لەلای وڵاتانی ناوچەكە بەئێران و توركیاو سعودیەوە،لەدەرەوەی سنورەكانی عیراقیش بەهۆی سەنگی خۆیەوە هەوڵی چارەسەركردنی هەندێك كێشەی ناوچەكەشی داوە، یەك لەوانە كێشەی كوردە لەتوركیا كە لەدێر زەمانەوەو لەسەردەمی دەسەڵاتداری تورگوت ئۆزال سەرۆك مام جەلال رۆڵی كارای گێڕاوە.

لەڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان پەكەكەو حكومەتی ئەنقەرەش لەساڵی 1993دا پشكی شێری بەركەوت، لەدواین نامەشیدا بۆ سەرۆك مام جەلال عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە باس لە رۆڵی گرنگی مام جەلال دەكات بۆ پرۆسەی ئاشتی. 

 

كورتەیەك لە ژیاننامەی سەرۆك مام جەلال ..

مام جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غە فوور. هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی ( كەلكان ) ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لە دایكبووە، كە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوكان، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوكی بووە بەرێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە. لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێ‌ لێدەركەوتووە كە پێش هاوڕ‌ێكانی دەكەوت بۆ كۆڕ‌ی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕ‌ێوە دەچوون، بەیانیان لە كاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی. 

لەوێوە بیرۆكەی نەتەوایەتی لای ئەو چەكەرەی كرد تا وای لێهات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، كە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی یەكێك بوو لە پێشەنگەكانی خوێندكاران كە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاكیەكانی قوتابخانە دەكرد و بەشداری لە وتار خوێندنەوەو شانۆدا دەكرد.

ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لە لایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگە‌ڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21 / ی ئاداری هەموو ساڵێك بە ئاهەنگ یادیان دەكردەووە، ئەویش بە هۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای كورد كە بە رۆژی سەركەوتنی گەلی كورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.

* ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللـی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، سەرۆك تاڵەبانی كە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو بەشداری تێدا كردو وتەی حەماس ئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕ‌مانی مامۆستاو بەشداربووان.

* لە ساڵی 1946 دا لەگە‌ڵ چەند هاوڕ‌ێیەكی خوێندكارو بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراندبە ناوی ( كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە ) ( k.p.x ) و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.

* لە هەمان ساڵداو دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16/ ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.

* دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی ( رزگاری ) كە پارتی دیموكراتی كورد بە نهێنی دەریدەكرد، كورتە وتاری لەژێر نازناوی ( ئاگر ) دا بۆ بڵاو دەكردەوە

* ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كورد و چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

* ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواو كرد و لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكار، ئەو ساڵە بە ساڵی ( وەسبە ) ( راپەڕ‌ین ) ناسرابوو، كە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی ( پۆرتسماوس )هەڵبووەشێنێتەوەو حكومەتی ساڵح جەبر بڕ‌وخێنێ و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێو لەو كەش و هەوا ئازادیەدا كە لە سایەی ئەم ( راپەڕ‌ینە ) هاتە كایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێ،دكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی.

ئەوە بوو سەرۆم مام جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عیراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕ‌ەپانی ( السباع ) ی شاری بەغداد بەسترا.

* لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمین جار گوێی لە شاعیری مەزن ( محەمەد مەهدی جەواهیری ) بوو، كە شیعرە بە ناوبانگەكەی ( رۆژی شەهید ) ی خوێندەوە، كە بۆ جەع فەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی. ئەو ساتانە لە ژیانی سەرۆك تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وای كرد ببێتە یەكێك لە مریدەكانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیە تا دوا ساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.

* ساڵی 1949 و لە سایەی حوكمی عور فی و تۆقاندن كە كوردستان و عیراقی گرتەوە، سەرۆك تاڵەبانی لە حزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە.

* لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.

* لە ساڵی 1951 دا لەگە‌ڵ چەند هەڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوور خرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك. لە هەمان ساڵیشدا ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی بە شێوەیەكی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.

* ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف ( حقوق ) لە بەغداد كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.

* لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا و لە هەمان ساڵیشدا یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ( یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان )، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی.

* ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

* ساڵی 1955 سە فەری دەرەوەی عیراقی كرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری كرد و لەوێوە سەردانی یەكێتی شوورەوی ئەوسا و چینی كرد.

* ساڵی 1956 لەبەر چاوان وون بوو، كەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی ما فدا خوێندن بەجێبهێڵێت.

* ساڵی 1957 سە فەری سوریا و مۆسكۆی كرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداری كرد و هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە كوردەكانی ئەوێوە و پەیوەندیەكی سیاسی دروستبوو. لە هەمان ساڵیشدا گەڕ‌ایەوە عیراق و بەشداری لە كارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كرد و بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی ( خەباتی كوردستان ) كە لە سلێمانی بە نهێنی دەریان دەكرد.

* لە یەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕ‌شی 14 / ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی كرد و بە هاوكاری هەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری ( رزگاری ) ( التحریر ) دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت كە لە نێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو، وەك پێویستییەكی بوونی حزبێكی پێشڕ‌ەوی كوردستانی و رێكخراوە پێشەییەكان بەرهەڵستكاری كردنی ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە پاشكۆی حزبێكی عیراقی.

* ساڵی 1959 جارێكی تر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و لە هەمان كاتدا ئە فسەری یەدەكی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی ( خەبات ) دا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی ( پیرۆت) ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە.

* ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادێرەكان كردەوە.

* ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی ( كوردستان ) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بە نهێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشەی ئەیلوولدا كرا.

* لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕ‌ش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان كردەوەو سەرپەرشتی كرد و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

* لە نەورۆزی 1962 دا، سەركردایەتی ئەو هێڕ‌شە بەر فراوانەی كرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ‌ و لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و هێزەكانی بەرەو‌ قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەكەیان ئازاد كرد.

بەم شێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕ‌ و پێنجوین بوونە دوو ناوەندی شۆڕ‌ش و سەركردایەتی. لە 1962 ـ 1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكە و گەرمیان و سەنگاو ئازاد كران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لە هەمان كاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆ و هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەی دەكرد.

* ساڵێ 1963 و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی وە فدی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگە‌ڵ حكومەتی تازەدا كە لە سەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد نیشاندا، هەروەها سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا كەوت و لە هەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی كوردستانی كرد و سەركەوتوو بوو بۆ ناساندنی كێشەی كورد و ئاشكرا كردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكسلۆ فاكیا و نەمسا.

* ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

* ساڵی 1967 بەشداری لە كۆڕ‌ی ( ئیشتراكیەكانی عەرەب ) كرد لە جەزائیر و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بە پێزی دەربارەی كێشەی كورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و دۆستایەتی نێوان كورد و عەرەب پێشكەشكرد.

* ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكیەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.

* ساڵی 1972 سە فەری دەرەوەی عیراقی كرد و ماوەیەك لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا كرا، سەرۆك تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

* لە 01/ 06/ 1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا كە لە 01/ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنرا و بووە سكرتێری گشتی یەكێتیی.

* لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەكێتی لەسەر چالاكی سیاسی و سەركردایەتی حزب و شۆڕ‌ش بەردەوام بوو لەگە‌ڵ هەڤاڵەكانی لە چیا و ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەژیا.

* بە گەواهی زۆر لە چاودێرە سیاسیەكان یەكێك بووە لە بزوێنەری سەرەكی بۆ لێك نزیك كردنەوەی بۆچوونەكان لە نێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین و هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندی بە رێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عیراقییەوە هەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری هێزە عیراقیەكانی كردەوە لە كوردستان و پشتگیری هەمە جۆرەی كردوون.

* لەسەر گۆڕ‌ەپانی نێودەوڵەتیش، سەرۆك تاڵەبانی بەشداری چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی ئیشتراكی نێودەوڵ‌تی كردەوە و چاوی بە سەركردە سیاسیە نێو دەوڵە‌تیەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتووە.

* جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەند و نووسەر و یاساناسە، وەك رۆژنامەنووسێكیش لە رۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لە ساڵی 1959 بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقی هەڵبژێردرا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیبی بوو.

* سەرۆك تاڵەبانی جگە لەوەی یەكێكە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسەرە دیارەكان، نووسەرێكی ناوداریشە و بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لە تیشك خستە سەر تێكڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكە و بزووتنەوەی سیاسی كوردی كردەوە، لەم بوارەشدا چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە كە كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی كوردی و عیراقیدا.

* دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردرا و لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كرد و لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشاندا.

* لە 06 / نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستهێنا و بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، بەم جۆرە سەرۆك تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە، ئێستاش بەردەوامە لەسەر هەوڵی بێوچان و شەودەخاتە سەر رۆژ بۆ هێنانەدی ما فەكانی كورد و گەشەكردنی عیراق و بیاتنانەوەی و قەڵاچۆكردنی تیرۆریستان و پەیوەندی فراوان پەیداكردن لەگە‌ڵ دەرو دراوسێ و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و رۆژئاواو هاوپەیمانان.

* رۆژی 3ی تشرینی یەكەمی 2017 لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی ئەڵمانی كۆچی دوایكردو رۆژی 6ی مانگیش لەئاپۆڕایەكی جەماوەریداو بەئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای هەرێم و عیراق و سەرۆك و نوێنەری وڵاتان لەگردی دەباشانی سلێمانی بەخاكسپێردرا. 

PUKmedia تایبەت

 

 

وێنە هەواڵ
  • image04
  • پاشماوەی خۆراك بۆ سەگەكانی پێنجوێن كۆدەكرێتەوە

  • image04
  • ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خوێن بەخشینە

  • image04
  • 12-6 رۆژی له‌دایك بوونی هێرۆخان

  • image04
  • ماسییەك لەبەنداوی باوەشاسوار لەكفری كە نزیكەی 20 كیلۆ دەبێت دوای برینداركردنی سەرئاو دەكەوێت

  • image04
  • كۆبوونه‌وه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی و سه‌رۆك كۆماری عیراق

  • image04
  • بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەكێتییەوە مۆڵێك لە بەغدا وێنەی سەرۆك مام جەلال نمایش دەكات

  • image04
  • یاریگای یانه‌ی وه‌رزشی دوكان

  • image04
  • ژنە كوردێك كرایە وەزیری ئابوری هۆڵەندا


                                           

ژماره‌یه‌ك كاندیدی كورد له‌هه‌ڵبژاردنی فنله‌ند سه‌ركه‌وتن


له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌كانی وڵاتی فنله‌ند كه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو له‌كۆی نزیكه‌ی 30 ...


  كورد بەچەندین كاندید بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی فنلەندا دەكات
  دانیمارك.. چلەی ماتەمینی پێشمەرگەی دێرین حاجی رزگار بەڕێوەچوو
                                           

چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د زه‌هاوی


هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د زه‌هاوی: زۆربه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی من ،له‌ فلكلۆر و  كلتوری كوردی سه‌رچاوه‌ ده‌گرن

هونه&...


  د.یاد نەقشبەندی:29 حاڵەتی توشبوی كۆرۆنا تەندروستیان زۆر ناجێگیرە
  چێشتخانه‌یه‌ك له‌هه‌ورامان خواردنێكی جیاواز پێشكه‌ش ده‌كات
                                           

هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم و ناوچه‌كان له‌فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

له‌ ڕۆژانی 20 و27 ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی ئیداری ناوچه‌و هه‌رێمه‌كانی فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت ، ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه...


  ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خوێن بەخشینە
  شاره‌زوور.. نه‌بوونی سایلۆ كێشه‌و گرفت بۆ جوتیاران دروست ده‌كات


کاریکاتێر