riklam

پەرلەمانتارێك: بەگەیشتنی پارەكەی بەغدا هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی مووچە نامێنێت

ئابوری 06:36 PM - 2021-04-05
.

.

پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی رایدەگەیەنێت: هەركاتێك بەغدا پارە رەوانەی هەرێم بكات هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی مووچە نامێنێت و درێژەدانیش بەلێبڕینی مووچەی شتێكی بێمانایە، دەشڵێت: لەئێستادا حكومەتی هەرێم بەداهاتی نەوت و ناوخۆ دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبكات.

شیروان میرزا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لەبارەی رەوانەكردنی پارە لەلاەین بەغداوە بۆ هەرێم و كۆتایهێنان بەلێبڕینی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بە PUKmediaی راگەیاند: هەركاتێك لەلایەن بەغداوە پارە رەوانەی هەرێم كرا هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی مووچە نامێنێت و ناشبێت بەهیچ شێوەیەك لێبڕینی مووچەی بمێنێت،چونكە درێژەدان بەلێبڕینی مووچە شتێكی بێمانایە، هەروەها لەیاساكەشدا بڕگەیەكمان جێگیركردوە كە ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت دەبێت مووچەی پێدابەشبكرێت نەك بۆ بابەتی دیكە خەرجبكرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی لەبارەی ئەوەشی كە ئەو پارەیەی بڕیارە بەغدا بۆ هەرێمی رەوانە بكات بەشی مووچەی تەواوی فەرمانبەران ناكات، وتی: ئەوەی دەوترێت زۆر بێمانایە، چونكە لەئێستادا بەبێ ئەوەی بەغدا پارە بۆ هەرێم بنرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەداهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان و باجی سەر كۆمپانیاكان و داهاتی تری ناوخۆ بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبكات.

وتیشی:لەئێستادا حكومەتی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت كە بەدۆلارە 20%ی داهاتی  زیادیكردوە، چونكە لە 100 دۆلاردا 25 هەزار دینار قازانج دەكات، 

ئەوەشی خستەڕوو: یاسای بودجە لە 1ی 1ی 2021ەوە جێبەجێ دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەو سێ مانگە دوای دەركردنی ئەو پارەیەی بەهۆی پابەندییەكانی سەر هەرێم كە لەو ماوەیەدا نەكراوە، بڕێك پارە دەمێنێتەوەو رەوانەی هەرێم دەكرێت و ئەگەر ئەوە رەوانە بكرێت دەبێت حكومەتی هەرێم لێبڕینی سێ مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانیش بداتەوە.

كۆتایی مانگی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسای بوەدجەی 2021ی پەسەندكردو بەپێی ماددەی 11ی یاساكە كە تایبەتە بەپشكی هەرێم، لەخاڵی چوارەمدا دەڵێت: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەو پارەیەی لەناو بودجەی هەرێمدا وەك (قەرەبووی فەرمانبەران) بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت لەناو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 مووچەی فەرمانبەران لە پێش هەرچی خەرجییەكی ترەوە دابنرێت.

PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket