riklam

سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عیراق دوادەكەوێت

کوردستان 02:25 PM - 2021-04-05
.

.

سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بەدووری دەزانێت ئەمساڵ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عیراق بەرێوەبچێت ، كە بڕیاربوو لەكۆتایی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، پێشیوایە تاكو ئێستا ئامادەكارییەکان بۆ ئەو پرۆسەیە لە قۆناغی سەرەتایین و وەكو پێویست تەواونەكراوە.

سیروان مەحەمەد  سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان تایبەت بە PUKmedia  ی راگەیاند: دوا چەندین دواخستن بڕیاربوو لە كۆتایی ئەمساڵ پرۆسەی  سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عیراق بەرێوەبچێت، كەچی لەگەڵ ئەوەی هیچ بڕیارێكی تازە بۆئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی  لەبەغدا دەرنەچووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو ئاماژانەی دەردەكەن ئەو پرۆسەیە  لەم ساڵەدا ئەنجامنادرێت.

وتیشی: ئەو ئامادەكارییانەی تاكو ئێستا بۆ سەرژمێری كراوە لە قۆناغی سەرەتایین و ئەوەی پێویستن بۆ ئەو پڕۆسەیە چەند قۆناغێكە، كە وەكو پێویست تەواونەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: هۆكاری  تەواونەكردنی ئامادەكارییەكان بۆچەند خالێك دەگەڕێتەوە، لەوانە هۆكاری ئابووری كە لە ماوەی رابردوو بەسەر عیراق و هەرێمی كوردستاندا هات، هەروەها ماوەی دووساڵە گرفتی تەندروستی و هاتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا سەری هەڵداوە،  لەگەڵ چەند گرفتێكی تەکنیکی، كە ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان.

ئەوەشی خستەروو: ئێمە جگە لەو هۆكارانە هیچ هۆكارێك و رێگرییەكی سیاسی نابین بۆ ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، هەروەها هیچ هۆكارێكمان لەو بارەیەوە نەبیستوە و بڕوا ناكەم خواستێكی نهێنی هەبێت بۆ بەرێوەنەچونی سەرژمێری.

لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی ئێستا عیراق  و هەرێمی كوردستان بەگوێرە ئامارە نارەسمیەکان سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاند: تاکو ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان گەیشتە شەش ملیۆن و 171هەزار كەس، بەبێ ئاوارە و پەنابەرەکان، سەبارەت بە عیراق بەگوێرەی  زانیارییەكانی خۆیان ژمارەکە گەیشتۆتە سەرووی چل ملیۆن كەس بە هەرێمی كوردستانەوە .

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 1987ەوە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عیراق ئەنجامنەدراوە، ئەمەش لەكاتێكدا ئەنجامدانی ئەو  پرۆسەیە بۆ هەر وڵاتێك و حكومەتێك بە بناغەی دانانی پلان و بەرنامەی ساڵانە لەبواری ئابووری و  كۆمەڵایەتی و لایەنەكانی دیكەی ژیان دادەندرێت.

PUKmedia  تەها عەبدوڵڵا/هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket