riklam

مەرجەكانی كاریگەربوونی كاریكاتێر

ئەدەب وهونەر 11:00 AM - 2021-04-05
.

.

بەشی پێنجەم و كۆتایی

بەم شێوەیە پێكەنین بەندە بە شێوەیەكی تەواو بە مرۆڤەوە، كەواتە مرۆڤ كەرەستە و بابەتی پێكەنینە، هەر ئەویش ئاڕاستەكار و ئامانجەكەیەتی، مرۆڤ پێدەكەنێت و هەربەخۆی ئەو پێكەنینە بەرهەمدێنێت، و بە حاڵەتێكی مرۆڤایەتی پێدەكەنێت، مرۆڤ بە مەیمون پێناكەنێت وەكو مەیمون، بەڵكو مرۆڤ ئەو مەیمونە بەراورد دەكات بە مرۆڤێك، ئەگەر كۆمەڵێكی سێ بوونەوەریمان هەبێت، دوو مەیمون و مرۆڤێك، ئەگەر یەكێك لەو مەیمونانە چەند جوڵەیەكی پێكەنیناوی بكات، ئەوا ئەوەی بەم جوڵانە پێدەكەنێت لەهەر سێ بوونەوەردا تەنیا مرۆڤەكەیە، كەچی مەیمونی دووەم بایەخ بەم جوڵانە نادات، یان بە چەند شتێكی دیكەی تێدەگات، چونكە مەیمونی یەكەم ئەم جوڵانەی ئەنجام نەدا بە مەبەستی پێكەنین، بەڵكو چەند جوڵەیەكی سروشتی بوون، بەڵام مرۆڤ پێدەكەنێت، بەهۆی هاوشێوەكردنی ئەم مەیمونە بە مرۆڤەوە، چونكە هەر مرۆڤێك ئەم جوڵانە ئەنجام بدات، شتێكی پێكەنیناوی دەبێت، لە تابلۆیەكی كاریكاتێریشدا مرۆڤ بە سەگێك پێدەكەنێت، چونكە ئەو سەگە هەڵسوكەوتی مرۆڤانە ئەنجام دەدات، دەتوانین هەمان شت لەسەر بابەتەكانی تریش بڵێین كە لە كاریكاتێردا وێنا دەكرێت.

لەوانەیە ئەو بابەتەی پێكەنین هەر هەڵوێستێك لە هەڵوێستە مرۆڤایەتیەكان بێت، بەبێ رەچاوكردنی تراجیدیایی ئەو هەڵوێستە، سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك مكوڕن لەسەر ئەوەی كە بابەتە تراجیدیاییەكانی وەكو مردن ناكرێت بكرێتە بابەتێك بۆ پێكەنین، تەنانەت ئەو بابەتەش دەكرێت بكرێتە بابەتێك بۆ پێكەنین، بەڵام واباوە كە مامەڵە كردن لەگەڵ بابەتە تراجیدیاییەكان بەشێوەیەك دەكرێت كە نابێتە هۆی بەكەم سەیركردن و تیزپێوەكردنی ئەو بابەتانە، كاتێك كە كاریكاتێر بابەتێكی وەكو مردن یان هەر بابەتێكی تراجیدی تر بەكاردێنێت، یان بۆ ئەوەی هەستێكی دژ بە تراجیدیاكە لای خوێنەر بێنێتەكایەوە، یان وەكو بابەتێك بۆ گاڵتەجاڕی رەش، ئەمیش خۆی لە خۆیدا ئەگەر لە خانەی كۆمیدیاش بێت، لە ترۆپكی جیدیەت و دڵكاریدایە، تەنانەت دەتوانین ئەم گاڵتەجاڕییە لە خانەی تراجیدیادا بژمێرین، بەهەمان ئەو بڕەی كە لە خانەی كۆمیدیاوە دەژمێردرێت، ئەو ناوبڕەی نێوان كۆمیدیا و تراجیدیا

كەڵەمووەكی وردە، لەوانەیە هەندێك جار پێش تراجیدیای كلاسیكی بكەوێت، لە هێنانەكایەی كاردانەوەی نەرێنی دژەئاڕاستە، لە مامەڵەكردنیدا بۆ زۆرێك لە بابەتەكاندا، چونكە دانانی چەندین دژبەیەكەكان لەگەڵ یەكدا، لەوانەیە هەستێكی گەورەتر دروست بكات بەرانبەر بە تراجیدیاوە، لەوانەیە بیگەیەنێتە حاڵەتی هستیریای خپكراو یان هستیریای شاراوە، كەچی تراجیدیای كلاسیكی زۆرجاران دەتگەیەنێتە حاڵەتێكی رۆمانسیانە، كە دەبێتە هۆی كارلێكردنت لەگەڵ تراجیدیاكەدا، نەك بۆ دژە كاردانەوەیەك، بەڵام گاڵتەجاڕی رەش دەبێتە هۆی دژە كاردانەوە، كە زۆرجار دەگاتە پلەی هاندان و وروژاندن، بەمەش گاڵتەجاڕی رەش بەسەر تراجیدیادا سەردەكەوێت لە تراجیدیایەتیدا.

بۆیە كاریكاتێر لەهەر جۆرێكیدا بێت و مامەڵە لەگەڵ هەر بابەتێكدا بكات، دەبێت توخمی كۆمیدیای تێدابێت، لە كاتی جێبەجێكردنی كاریكاتێرەكەشدا، دەبێت هونەرمەندەكە لە كۆمیدیادا بگەڕێت لەنێو بابەتەكەدا، لەم خاڵەشدا دەبێت دەست بە كێشانی كاریكاتێرەكەیدا بكات.

بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی ئەو كۆمیدیایە لە بابەتەكەدا، هونەرمەند دەبێت لەناو بابەتەكەدا بەدوای دژبەیەكە رێتێچووەكاندا بگەڕێت، یان لە هەر بابەتێك كە خزمەتی ئەم بابەتە بكات، یان لەهەر دۆخێك كەلەسەر ئەم بابەتە جێبەجێ بكرێت، و دژبەیەكەكان لەخۆدەگرێت، وەكو پەندی پێشینان، و ئەو كێشانەی كە خەڵكی دەیزانن، لێرەدا ناتوانین راوێژێك یان رەچەتەیەكی ئامادەكراوتان پێشكەش بكەین، دەنا هەموو كەسێك، یان لایەنی كەم هەموو شێوەكارێك دەیتوانی ببێتە كاریكاتێریست، چونكە ئەم كارە بە پلەی یەك پشت بە بەهرە و سروشی خوایی دەبەستێت، لەكاتی فەراهەمبوونی ئەم دووانە، دۆزینەوەی ئەم دژبەیەكانە لە بابەتەكاندا لە توانادا دەبێت.

PUKmedia ئامادەكردنی..هەندرێن خۆشناو

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket