riklam

هاوسه‌رۆك: پابه‌ندبوون به‌ یاسای بودجه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی په‌سه‌ندكردنی گرنگه‌

ی.ن.ک‌‌ 03:34 PM - 2021-04-04
.

.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4-4-2021، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی پێشوازی كرد له‌ جه‌یمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدێكی هاوڕێی.

له‌ دیدارێكدا گفتۆگۆ كرا ده‌رباره‌ی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئه‌منیی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

لاهور شێخ جه‌نگی ئاماژه‌ی به‌ په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی عیراق كرد و جێگریكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌و بودجه‌یه‌دا به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ زانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان ‌حكومه‌تی هه‌رێم و ‌حكومه‌تی فیدراڵی و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ پابه‌ندبوون به‌و یاسایه‌ و جێبه‌جێكردنی به‌ ئه‌ندازه‌ی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌كه‌ گرنگه‌، كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ دۆخی ئاسایی خۆی به‌ بێ لێبڕین و باشكردنی گوزه‌رانی هاووڵاتییان.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی ویستی سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ چاكسازیی له‌ نێو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی كوردستانیش ببێت به‌ خاوه‌نی یه‌ك هێزی یه‌كگرتووی نیشتیمانی.

ئاماژه‌ی به‌ به‌رده‌وامی مه‌ترسییه‌كانی چه‌كدارانی داعش كرد و ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی هاوبه‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراقی به‌ پێویست زانی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش به‌ تایبه‌ت له‌ سنووری ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان.

لای خۆیه‌وه‌ كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی كرد و سوپاسی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كرد كه‌ رۆڵیان بینوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket