riklam

سەرۆكایەتی یەكێتی:پەسەندكردنی بودجە ببێتە مایەی باشتركردن ژیانی خەڵكی كوردستان

ی.ن.ک‌‌ 01:07 PM - 2021-04-01
.

.

سەرۆكایەتی یەكێتی بەبۆنەی پەسەندكردنی یاسای بودجە پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت: پەسەندكرنی بودجەكە سەرەتایەكی گرنگە بۆ كۆتاییهێنان بەناكۆكییەكان و خەڵكی كوردستان ماندووی ساڵانێكی پڕ لەناسەقامگیری ئابوورییەو چاویان لەداهاتوویەكە كە تێیدا مافە دەستووری و شایستە داراییەكانیان پارێزراوبێت و دۆخێكی جێگیری بژێوییان هەبێت.

دەقی پەیامەكە:

پیرۆزبایی لەگەلی عیراق و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین بەبۆنەی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.

پەسەندكرنی بودجەكە سەرەتایەكی گرنگە بۆ كۆتاییهێنان بەناكۆكییەكان و هاندەرێكیش دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تر و نزیكبوونەوە و كاری هاوبەشی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، هیوادارین پەسەندكردنی بودجە ببێتە مایەی باشتركردن دۆخی دارایی و ئابووری عیراق و چاككردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ژیانێكی باشتر و ئارامتریان هەبێت.

پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ هەموولایەكی روونكردەوە كە كاری هاوبەش و دانوستان زۆر لە گرژی و پێكدادان زیاتر خزمەت بەدزۆی رەوای گەلەكەمان دەكات. خەڵكی كوردستان ماندووی ساڵانێكی پڕ لەناسەقامگیری ئابوورییەو چاویان لەداهاتوویەكە كە تێیدا مافە دەستووری و شایستە داراییەكانیان پارێزراوبێت و دۆخێكی جێگیری بژێوییان هەبێت.

سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەكەین كە پشتگیریان كردین و هاوكارمان بوون بۆ گەیشتن بەم قۆناغە گرنگە، سوپاسی دۆست و خەمخۆرە عیراقییەكان دەكەین و هیوادارین ئەمە ببێتە بناغەیەك بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر.

دەستخۆشی لەتیمی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بۆ هەوڵی بەردەوام و كۆششی بێوچانیان بۆ گەیشتن بە ئەنجام لە دانوستاندنەكان. رۆڵی گرنگ و مێژوویی ئەوان لەبیرناكەین و نموونەی دانوستانكاری سەركەوتوو و ماندوونەناس بوون.

 دەستخۆشی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین بە تایبەت فراكسیۆنی یەكێتی بۆ خەمخۆری و ماندوبوونیان لە پێناو سەقامگیری ئابووری عیراق و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێغی نەكرد لە شەونخونی و هەوڵی بێوچان بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكان و دۆزینەوەی دەرچەی رزگاربوون لەو قۆناغە سەختە. لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و كۆمەڵانی خەڵكیشدا بەرگەی هەموو توانج و هەڵمەتە ناڕەواكانی گرت. 

ئەم سەركەوتنەش وەڵامە بۆ هەموو ئەو گومان و تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی كراوە لە بەرامبەر رۆڵی مێژویی و بنەڕەتی یەكێتی و سەنگ و پێگەی لە نەخشەی سیاسی عیراق و كوردستاندا. 

ئێمە لە سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێن دووپات دەكەینەوە لە داهاتوودا هەموو پێگە و دیبلۆماسیەتی خۆمان بخەینە خزمەتی چارەسەركردنی كێشە هەلپەسێردراوەكانیترەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، لەپێناو بەدیهاتنی داوا رەواكانی گەلی كوردستان و دابینكردنی ماف و شایستەییەكانی.

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket