riklam

د.یاد نەقشبەندی:29 حاڵەتی توشبوی كۆرۆنا تەندروستیان زۆر ناجێگیرە

چاوپێکەوتن 11:03 AM - 2021-04-01
.

.

تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لەزیادبوونی ژمارەی توشبوان بەكۆرۆناو رایدەگەیەنێت: نەخۆشخانەكان پڕدەبنەوە لەتوشبووی كۆرۆناو لەئێستاشدا زیاتر لە 90 توشبوو چارەسەر وەردەگرن و ئەوانەشی ئێستا توشی كۆرۆنا دەبن زۆربەیان بەدۆخێكی تەندروستی خراپەوە داخڵی نەخۆشخانە دەبن و ئێستا تەندروستی 29 حاڵەتی توشبوو لەنەخۆشخانەكان زۆر ناجێگیرە.

د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە چاوپێكەوتێكدا لەگەڵ PUKmedia لەبارەی زیادبوونی ژمارەی توشبوان و پڕبوونەوەی نەخۆشخانەكان،  دەڵێت: بەداخەوە جارێكی تر حاڵەتەكانی تووشبون بەكۆرۆنا رووی لەبەرز بوونەوە كردووە، ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانەش پاپەند نەبوونی هاووڵاتیان بەڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە، چونكە تایبەتمەندی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە زۆر بەخێرای بڵاودەبێتەوە ئەوەش وایكردووە ئێستا هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی مەترسیداردا بێت ،هەروەها نەخۆشخانەكانمان بۆ جارێكی تر دەرگاكانیان كرانەوە بەڕووی نەخۆشەكاندا، لەكاتێكدا لەماوەی چەند مانگی رابردوو تەنها یەك نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا بوو.

وتیشی:لەدواین ئاماردا زیاتر لە 90 حاڵەتی توشبوونمان هەیە لەناو نەخۆشخانەكاندا، لەو ژمارەیەش 18 حاڵەتیان باری تەندروستیان زۆر ناجێگیرەو لەبەشی چاودێری وردن، هەروەها 11 حاڵەتیشیان باری تەندروستیان زۆر ناجێگرەو لەسەر ئامێری سیپابن، ئەوەش لە كاتێكدایە لە چەند مانگی رابردوو لە 200 حاڵەتی كۆرۆنا 20 حاڵەتیان باری تەندروستیان ناجێگیر بوو، بەڵام ئێستا  رێژەكە بەرزبوەتەوە، ئەوەش  ئەوە دەگەیەنێت هاووڵاتیان خەمساردن و وەك پێویست پابەندی رێنماییەكانی تەندروستی نابن.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رونیشیكردەوە: ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلای هاووڵاتیان كراوە بە پەتایەكی وەرزی،  ئەوەش وایكردووە بێمتمانەیەك لەنێوان هاووڵاتیان و كەرتی تەندروستی دروستبێت، ئەوەش بەهۆی قەیرانی ئابوری و سیاسیەوەیە هەروەها ئەوەش وایكردووە هاووڵاتیان درەنگتر بچن بەدەم چارەسەرەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتی لەگەڵ دەركەوتنی هەر نیشانەیەك سەردانی نزیكترین بنكەی تەندروستی بكات، ئەمانە كۆی ئەو بابەتانە كە وایكردووە حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا روو لە بەرزوبونەوە بكات.

د.یاد نەقشبەندی  دەشڵێت: بەداخەوە  ئەو كەسانەی ئێستا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن زۆربەیان باری تەندروستیان زۆر  ناجێگیرە، ئەوەش وا دەكات زیاتر لەناو نەخۆشخانە بمێننەوەو ئەركەكان قورستر دەبن لەسەر كەرتی تەندروستی.

لەبارەی داخستنی خوێندنگاكانیشەوە وتی: لەئێستادا بابەتی خوێندنگا و قوتابخانەكان بوەتە بابەتێكی سەرەكی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەواتای ئەوەی تەنها لەناو قوتابخانەو خوێندگاكاندا ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبوەتەوە، بەڵام پێموایە  زۆر شوێنی گشتی تر هەیە كە ناپێویستەو كراونەتەوەو دانەخراون، لەكاتێكدا ئەوانیش سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنان، هەروەها لە هەمانكاتدا مامۆستایەك دەتوانێت بە شێوەیەكی ناچار هەوڵبدات ماسك بەخوێندكاران بەكاربهێنێت، بەڵام لە شوێنی گشتی ناتوانرێت بەناچاری ماسك بە هاولۆاتیان بەكاربهێنیت، بۆیە پێویستە ئێمە كار لەسەر ئەوە بكەین لە شوێنی گشتیدا سەرجەم رێكارەكانی خۆپارێزی جێ بەجێ بكرێن .

لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆو كەرەنتینە دەڵێت: وەك تەندروستی سلێمانی  قەدەغەی هاتووچۆ و كەرەنتینەی تەواوەتی بەبڕیارێكی زانستی و تەنانەت لۆژیكی نازانین، چونكە ناگونجێت لەگەڵ باری ئابووری هاووڵاتیان،بەڵام توندكردنەوەی  رێكارەكان باشترین بژاردەیە.

هەروەك دەشڵێت: ئەگەر وەك ئێستا حاڵەتەكانی تووشبوونی بەكۆرۆنا زیاد بكات و ئەوا سەرجەم نەخۆشخانەكانمان پڕ دەبن، ئەوەش قورساییەكی زۆر بۆ كەرتی تەندروستی دروست دەكات، لەكاتێكدا وەك تەندورستی سلێمانی لەكاتی ئاسایدا 50%ی  گرفتی كارمەندی هەیە، ئێستاش كە كۆرۆنا بڵاوبوەتەوە رێژەكە بۆ 25% كەمیكردووە، ئەوەش وایكردووە سەرچاوەی مرۆیی  كەمبێتەوە.

لەبارەی گەیشتنی ڤاكیسنیش بۆ هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی وتی: ئەو بڕەیەی كە باسكراوە كە دەكاتە بڕی دووەم  بڕەكەی 16 هەزارە ،ئەوەش دەدرێت بە كارمەندانی تەندروستی، كە ئەم بڕەش بڕێكی كەمە و بۆیە دەبێت خێراتر بكرێت لە كڕینی فاكسینی كۆرۆنا.

PUKmedia جەمال سەرگەتی – سلێمانی 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket