riklam

عیراق ده‌یه‌وێت له‌پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نوێ سوودمه‌ندبێت

ئابوری 07:02 PM - 2021-03-27
.

.

شاره‌زایه‌كی ئابووری جه‌ختده‌كاته‌وه‌ پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نوێ كه‌ عیراق و ئۆردن و میسڕی له‌خۆگرتووه‌ ده‌ستكه‌وتی بۆ ئابووری وڵات ده‌بێت.

هومام شه‌ماع، شاره‌زای ئابووری، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ی ئازاری 2021 له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند: پێشترو له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی سه‌دامدا، ئه‌م سێ وڵاته‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كیان له‌ژێر ناوی یه‌كێتیی عه‌ره‌بی پێكهێنابوو كه‌ وڵاتانی عیراق و ئۆردن و میسڕو یه‌مه‌نی له‌خۆگرتبوو، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی سیاسی دروستكرابوو، له‌و بڕوایه‌شدام له‌ئێستادا ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ كه‌ عیراق و ئۆردن ومیسڕی له‌خۆگرتووه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای سیاسی دروستكراوه‌ته‌وه‌، دۆخی سیاسیش وا ده‌خوازێت جارێكی تر هاوپه‌یمانێتییه‌ك ئه‌م سێی وڵاته‌ كۆبكاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی فشاره‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی وڵاتانی دراوسێی عیراق به‌ گشتی و ئێران به‌تایبه‌تی.

شه‌ماع ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌ئێستادا عیراق ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگییه‌ك بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌ك بۆئه‌وه‌ی هێزو توانایه‌كی ئابووری و سیاسی گه‌وره‌تری له‌وه‌ی پێشووتر پێبداته‌وه‌.

شه‌ماع دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ رۆژهه‌ڵاتی نوێ ده‌ستكه‌وتی ئابووری باشی بۆ عیراق ده‌بێت به‌تایبه‌تی پرۆژه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی به‌سڕه‌ به‌ به‌نده‌ڕی عه‌قه‌به‌ی ئۆردن و وڵاتی میسڕه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ دێت نه‌وت بكرێته‌ ئه‌ڵقه‌ی پێگه‌یشتنی نێوان ئه‌م وڵاتانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا، میسڕ توانایه‌كی باشی كاركردنی هه‌یه‌و كۆمپانیای به‌توانای هه‌یه‌ له‌بواری بونیاتنان و وه‌به‌رهێناندا كه‌ ده‌توانێت خزمه‌ت به‌عیراق بكات، هه‌روه‌ها میسڕ ژێرخانێكی به‌هێزی له‌بواری به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵی و پیشه‌سازییه‌كاندا هه‌یه‌و ده‌شتوانێت هاوسه‌نگی بازرگانی له‌ نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێدا دروستبكاته‌وه‌.

شه‌ماع به‌دووریشی ده‌زانێت له‌ئێستادا سعودیه‌ و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداو پچنه‌ ناو ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌، راشیگه‌یاند: گومانی تێدا نییه‌ كه‌ وڵاتانی كه‌نداو له‌سه‌رووییانه‌ سعودیه‌، هانده‌ر بوون بۆ پێكهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ سێقۆڵییه‌، هه‌ر خۆیان له‌پشت پێكهێنانییه‌وه‌ بوون و پشتیوانییان لێكردووه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندیكردنیان به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌، ده‌كرێت ئه‌مه‌ ببێت، به‌ڵام دوژمنایه‌تی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی له‌عیراق بۆ سعودیه‌ بووه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا سعودیه‌ ده‌یه‌وێت له‌پشته‌وه‌ كار بكات.


  PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket