riklam

دیسان میلی كاتژمێرەكانی ژیانیان وەستاندەوە..!!

بیروڕا 12:34 PM - 2021-03-26
.

.

   راستیەك هەیە پێویستە وەكو خۆی ئاماژەی پێبدرێت، كۆڤید-19و20 و وا 21یشی هاتە سەر، بەڵایەكی گەورەیە و سینگ و بەرۆكی تەواوی جیهانی گرتۆتەوە پێشناچێت وا بە زویی كۆتایی بێت ، چونكە تێكەڵاوی ئەجیندای سیاسی و ئابووری و  بازرگانیش كراوە، كەوایە دەبێت دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بكرێت و ژیان لەگەڵیدا بەڕێبكرێت، لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیەبوو ، لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە وتمان با پرۆسەكە دەست پێبكات ئەگەر بە شێوەی گروپ و نیوە دەوامیش بێت، هەر باشترە  لەوەی میلی كاتژمێرەكانی ژیان بوەستێنرێت، لەوبارەیەوە ئێمە زۆرمان وت ئەوان كەمیان گوێ بۆ شل كرد، پرۆسەكەیان وەستاند بێگومان لەگەڵیدا ژیانیش وەستا، لەبەر ئەوەی مەعلومە پەروەردە واتە ژیان، پاشان دەركەوت زەمەنەكە دەڕوات  و ناگەڕێتەوە بارودۆخە بارگاویەكەش بەم نەخۆشیە هەر وەكو خۆیەتی خەریكە لەگەڵیدا رادێین، بۆیە بڕیاری ئەوەدرا ناوەندەكانی خوێندن بە قۆناغ  ئاوەدان بكرێنەوە، یەكەمجار شەشەمی ئامادەیی پاشانیش قۆناغەكانیتر، هەر چەندە ئێمە لەگەڵ ئەو شێوە مامەڵەكردنە نەبووین، چونكە بڕوامان وایە قۆناغەكانی خوێندن هەر یەكە گرنگی خۆیان هەیە و  تەواوكەری یەكترن، وەك گەواهیش بۆ ئەو بۆچەنەمان، قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی ئەگەر سەرەتاكانی پەروەردە و پیتەكان فێر نەكرێن ئیتر دەبێتە بناغەیەكی خراپ لەگەڵیدا دەمێنێتەوە تا هەموو قۆناغەكانیتر، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە ئەوانەی قۆناغەكان لێك هەڵاوێردەكەن و لە روی گرنگیەوە پۆلبەندیان دەكەن، هیچ لە پرۆسەی پەروەردە نازانن ، تەنها   بۆ كاتی بەڕێكردن  و دابەشكردنی  بەرپرسیاریەتیە، لێ لەگەڵ ئەوەشدا كە بڕیاری دەست پێكردنەوە درا  لە لایەن پەروەدەكاران و خەمخۆرانەوە بە گرنگیەوە هەڵسەنگێنرا، بووە مایە ژیانەوە و  جوڵە و  جۆش و خرۆشێكی بێ ئەندازەی خستە ناو چین و توێژەكانەوە، لەو ساتانەدا  هەموو لا دەستە و نەزەر بووین پرۆسەكە تەگەرەی تێنەكەوێ بە تایبەت لە سەروبەندی كۆبوونەوەكانی لێژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا، چونكە ترسەكە لەسەر ئەوەبوو لەگەڵ هەڵكشان داكشانی ئەو ڤایرۆسە نەفرت لێبووە، شەیەكە لەسەر پەروەردە بشكێنن و بیوەستێننەوە، لەبەر ئەوەی بە داخەوە پەروەردە لاوازترین خاڵە كە بەسەریەوە زاڵن و وەستاندنی لە لایانەوە زۆر ئاسانە و  وەك ئەوەی پرۆسەیەكی راگوزەرە و كاریگەریكەی كاتیە و قەرەبوودەكرێتەوە ،مخابن وا دەرچو، بە بڕیارێكی نامەدروس دیسان میلی كاتژمێرەكانی ژیانیان وەستاندەوە، هیوا و ئاوات و ئەو جۆش و خرۆشەی هەبوو جارانی هیچیان كردەوە و بیانەوێ یان نەیانەوێ ژیانیان گەڕاندەوە چوارگۆشەی یەكەم، دیاریش نیە كەی و چۆن و بە چ شێوازێك  چارەسەری ئەم دۆخە سیخناخبوو بە كۆمەڵێك دەرد و بەڵایەوە دەكەن، لێرەدا دەمەوێ چەند راستیەك بخەمە بەردەمی لێپرسراوان بەلكو خوا بكات لەبەرچاوی بگرن:

1- ئەو شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ پرۆسەەی پەروەردە راست نیە سەردەكێشێ بۆ لێكەوتەی زۆر خراپ وای لێدێت بە  خراپەكان   نەوەستین چ جای داهێنان و پیشكەوتنی سەردەم و پێویست.

2- ئەگەر پێتان وایە ئەو زەمەنەی لە دەست چوە قەرەبوو دەكرێتەەوە، بۆچونەكانتان راست نیە، چونكە هەموو شتێك قابیلی قەرەبووكردنەوە بێت، تەنها و تەنها پەروەردە ماوە و پێدراوی خۆی هەیە و دەڕوات و ناگەڕێتەوە .

3- شەی بڵاوبوونەوەی كۆڤیدەكان تەنها لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن مەشكێنن، لەبەر ئەوەی هەموو جومگەكانیتری ئەم وڵاتە واڵایە ، ئەوەنیە بازاڕ، پرسە،  مزگەوتەكان و نوێژخوێندن ، گەشت و گوزار، یانەی شەوانەسورەكان و رابواردن.

4- بەڕاستی ئەو پاساوە لە جێی خۆیدا نیە كە دەڵێن ناوەندەكانی خوێندن لەبەرپرسیاریەتی ئێمەدایە دەبێت گیانی خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایان بپارێزین، ئەوەیان راستە و بۆ هەنوكەیە، ئەی بیرتان لەوە نەكردۆتەوە كاتێك ئەم نەوەیە  بەمشێوەیە پێدەگەیێنرێن، دەبنە نیوە مردووی زانست و مەعریفەت،َ لەگەڵ خۆیاندا هەموو كۆمەڵگە توشی مردنی رۆژانە و  درێژ خایەن دەكەنەوە .

5- باشترە لێرە بە دواوە ویستتان  هەربڕیارێك دەربكەن پرسوڕا بە كەسانی شارەزا و مامۆستایان و پەروەردەكارانەوە بكەن ، بۆ ئەوەی خۆیان بە خاوەنی بڕیارەكە بزانن  و   بەرپرسیاریەتی جێبەجێكردنی هەڵبگرن ، چونكە(( كەس نیە هەمو شتێك بزانێ بەڵام هەموو كەس شتێك دەزانێ)).    

نووسینی.. عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket